سەیری ئەم خولیایە کەن شاعر کە کەوتە زەمزەمە
ژینی چەشنی پینی گورگە گاهێ تێر گا ژەم ژەمە
خۆی لە شا زیاتر ئەزانێ گەرچی دایم پڕ خەمە
تەوسییەی هەر هۆنەرێ بۆ هۆزی ئێستە هەر دەمە
خۆی لەگەڵ هونراوییەک بێ یا نییە زۆر زۆر کەمە
تاوێ سەیری حاڵەتی کە پیاوی خاوەن نەعمەتە
ڕۆژێ بڕوانە لە حاڵی ئیش و کاری زللەتە
کردەوەی پیشان ئەدا ڕەفتاری یەک یەک زەحمەتە
کاتێ دێتە سەر قەڵەم ڤوڵتیر لەلای بێ قیمەتە
کردەوەیشی بۆ براکانی بە چەشنی ئەرقەمە
کاکی شاعر تۆ سەری خۆت لێم مەیێرە سەر مەساف
شێعرەکانت زۆر جوانە و کردەوەت پووچ و خەلاف
شۆڕە سوارێکی لە دەشتی هووشە و لاف و گەزاف
یا مەڵێ یا وابە یاخۆ جاربەجارێ ئێعتراف
فەرموو ئەمنیش موستەحەققم بۆ هجوومی ئەم زەمە
گاهێ شاعێر چەشنی بۆقلە خۆی تەواوی کەیف ئەکا
کەوتە ناو بەحری خەیاڵ چەندە شاتە و زیف ئەکا
گاهێ بۆ ئەدنا بەراتی چەند گەدا تەعریف ئەکا
وەک حەکیم ئەنواعی دەرمان و دەوا تەوسیف ئەکا
بۆ نەجاتی خەڵق و خوێشی وەرهەمی بێ مەرهەمە
خۆی لە کۆڵانا ئەژی نەفسی ئەخاتە ئاسمان
گوێ لە شێعری ناگرن هەر خۆبەخۆ دێتە بەیان
خۆی بە چاکتر دائەنێ و پەستتر لە گشت ئەهلی زەمان
کردەوەی خۆی بێتە پێش چاوی تەواو لێی دێتە زوان
وەی چ غەدارە، چ خوێن مژاوەی پەنا بە خوا لەمە!
وەسیەتێکت بۆ ئەکەم شیرینتری شەهد و شەکەر
سەد دەخیل ئەم وەسیەتەم بگرە لە گوێ ئەی پڕ هونەر
جارێ واز بێنە لە تانە و عەیبی هۆزی قۆڕ بە سەر
کاکە تۆ نەفست لە گێژی خودپەسەندی بێنە دەر
جا بە دەس بگرە دەسی بێژە بە دەم لادە لەمە
خۆت لە دیوانی خودادا بۆچ ئەکەی وا ڕەنجەڕۆ
عەیبی هۆزت بۆ ئەخەیتە بەردەمی دڵ پڕ لە سۆ
من ئەزانم چی لە کونجی دڵتە دایە بێ درۆ
گەر ئەتۆ ڕاستت ئەوێ بەخوا ئەوەی فەرمووتە خۆ
بۆ بژی یا ئافەرین و خۆ نیشاندانە ئەمە
باسی جوودی حاتەمم لاکەن تەواو ئینکار ئەکەم
یانێ بڕوانە کە نوتق و فەلسەفە ئیزهار ئەکەم
قانعا بەم حاڵەتە دەورانی خۆم ئەمرار ئەکەم
گەر بڵێن زەوقی ئەتۆش هەر وای بەڵێ ئیقرار ئەکەم
چۆن بە خۆم بوختان ئەکەم ئەمڕۆکە موددەی عالەمە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]