بووکە تڕەیە
دەگێڕنەوە خانەوادەیەک کچێکی هەرزەی تازەپێگەیشتوو دەخوازن بۆ کوڕەکەیان و دەیگوازنەوە و زۆر ڕێزی لێ دەگرن و هەر بە بووکەخان بانگی دەکەن، ئەویش ئەو ڕێزەی بە ژیانی لێ نەگیراوە بۆیە لە خۆی ڕازی دەبێت و لەخۆی دەردەچێت تاوەکوو لە سەرئاوێ-سراوێ بێ ڕێزی بە ژنێکی سەلار و خانوومانی ئاواییەکە دەکات و ئەوە دەگاتە بەر گوێی خەڵکی ئاوایی و مێرد و شوبرا و کەسوکاری دەڵێن پورە فڵان لێی خۆش نەبێت دەیکوژین، بەڵام ئافرەتە سەنگین و خانەدانەکە دەڵێت بەمەرجێ لێی خۆش دەبم هەموو خەڵکی گوندەکە داوەت دەکەم و بووکەخان دەبێت لە دیوەخان داوای لێبوردن بکات و چایەش بۆ هەموو میوانەکان تێ بکات، بووکەخانیش لە کوشتنەوە بێتە سەر داوای لێبوردن و چایە تێکردن زۆر لەلای ئاسان دەبێت، بۆیە هەموو خەڵکی ئاوایی کۆدەبنەوە لەماڵێ پورێ و بووکەخان لەبەرچاوی هەمووان داوای لێبوردن لە پورێ دەکات و دەست دەکات بەچایە تێکردن بۆ ئامادەبووان، لە کاتی داهاتنەوەدا تڕێک دەکەنێت و خەڵکی بەتەواوەتی گوێیان لێ دەبێت و بۆ بەیانی لە ئاواییدا بڵاو دەبێتەوە و لە نازناوی بووکەخانەوە دەبێتە بووکە تڕە، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و بەکەسێکی ڕێزلێگیراو کە ڕێزی ئەو ڕێزگرتنە نەزانێت بەتەوسەوە دەوترێت: بووکە تڕەیە.[1]