تەنیا ئەحمەد
سەرپەرشتیاری کڵێسەی یەکێتیی کریستیانەکان لە دێرکی ڕۆژاوای کوردستان داوا لە هێز و پێکهاتەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەکات یەکگرتووبن بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی کاریگەر لە قۆناخی دامەزراندنی سووریای نوێدا.
ڕۆژی هەینی، #27-12-2024# ، نەعیم یوسف، سەرپەرشتیاری کڵێسەی یەکێتیی کریستیانەکان لە دێرک پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: بۆ گەلی هێژامان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە جەزیرەی سووری، ئێمە لە دووڕیانێکداین کە هێشتا دیارنییە بەرەو کوێ دەڕۆین.
نەعیم یوسف ئاماژە بەوە دەکات کە ململانێ و ناکۆکیی زۆر لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە. لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکی دەرەکیی بەهێز بۆ سەر تەواوی ناوچەکە بەدی دەکرێت کە کار بۆ نەهێشتنی مافی هەمووان دەکات.
سەرپەرشتیاری کڵێسەی یەکێتیی کریستیانەکان لە دێرک ڕووی قسەکانی دەکاتە هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان و پێکهاتەکان و دەڵێت: داواتان لێدەکەم کۆک بن و سازش بۆ یەکدی بکەن لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی. هەمووان چاویان لەوەیە ئێوە یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی کاریگەر لە قۆناخی دامەزراندنی سووریای نوێدا.
نەعیم یوسف داوا لە هێزەکان دەکات کە بۆ پاراستنی مافی کورد، عەرەب و کریستیانەکان ڕوو لە دیمەشق بکەن، چونکە ماف پێشکەش ناکرێت، بەڵکوو وەردەگیرێت.
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، لە سووریا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد هاتووە و هێشتا هێزە کوردستانییەکان یەکدەنگ نین بۆ ئەوەی پێکەوە بچنە دیمەشق و پێکەوە داوای مافەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا بکەن.
دەقی پەیامەکە:
بۆ گەلی هێژامان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە جەزیرەی سووری، بەهۆی هەستکردنم بە بەرپرسیارییەتی، بۆ یەکەمجار ڕێگە بەخۆم دەدەم دەستوەردانی کاروباری گشتی بکەم؛ هەروەها بەهۆی ئەوەی ئێمە لە دووریانێکداین کە هێشتا دیار نییە بۆ کوێ دەڕۆین، لەلایەکی دیکەشەوە ململانێ و ناکۆکیی زۆر لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە. لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکی دەرەکیی بەهێز بۆ سەر تەواوی ناوچەکە بەدی دەکرێت کە کار بۆ نەهێشتنی مافی هەمووان دەکەن. لێرەوە داواتان لێدەکەم کۆک بن و سازش بۆ یەکدی بکەن لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی؛ هەمووان چاویان لەوەیە ئێوە یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی کاریگەر لە قۆناخی دامەزراندندا؛ هەروەها داوا لە حیزبە نەتەوەییەکان دەکەم بۆ پاراستنی مافی کورد، عەرەب و کریستیانەکان ڕوو لە دیمەشق بکەن، چونکە ماف پێشکەش ناکرێت، بەڵکوو وەردەگیرێت.[1]