عەلی زەڵمی
#مورشید خەزنەوی# ، کەسایەتیی ئایینی دیاری ڕۆژاوای کوردستان دەڵێت: کورد زیاتر لە هەر پێکهاتەیەکی دیکەی سووریا ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی بووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بن بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا.
ڕۆژی هەینی #27-12-2024# کۆبوونەوەیەکی فراوان لە شاری حەسەکەی ڕۆژاوای کوردستان بە بەشداریی دەیان کەسایەتیی سیاسی، ڕۆشنبیری و هاونیشتمانی بەڕێوەچوو.
د. مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی دیاری ڕۆژاوای کوردستان لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، کورد زیاتر لە هەر پێکهاتەیەکی دیکەی سووریا ڕووبەڕووی جیاکاری و بێبەشکردنی مافەکانی بووەتەوە و وتیشی، هێرشکردنە سەر زمان و کولتووری کورد لە سووریا تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.
د. مورشید خەزنەوی بە پێویستی زانی هەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن ئەو جیاکارییەی بەرانبەر گەلی کورد دەکرێت کۆتایی پێ بهێنن و مافی کورد لە سووریای نوێدا بەدەستبهێنن.
ئەو کەسایەتییە ئایینییەی ڕۆژاوای کوردستان بە پێویستیشی زانی هەموو هێزە سیاسییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان پاڵپشتی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکەن؛ ئەو هێزەی لە ساڵی 2015ەوە لە یەپەگە و هێزی هۆزەکان پێکهێندرا بۆ شەڕکردن دژی داعش و لەو کاتەیشەوە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە.
د. مورشید خەزنەوی وتی، کوردی ڕۆژاوای کوردستان چەندین دەیەیە بۆ پاراستنی مافەکانی هەوڵ دەدات و لە چوارچێوەیەشدا شەهیدی داوە.
وتەی ئەو مامۆستا ئایینییە لە کاتێکدایە، لە 8ی ئەم مانگەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریادا هاتووە و د. مورشید خەزنەویش گەڕاوەتەوە ڕۆژاوای کوردستان و هانی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەدات.[1]