تەنیا ئەحمەد
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بە باندی تیرۆریستی ناودەبات و دەشڵێت، هەڕەشەی ئاشکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری کورد (لە ڕۆژاوای کوردستان) هەیە.
ڕۆژی هەینی، #27-12-2024# گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتەکەی لەبارەی دۆخی سووریا وتی: لە جیهاندا خەڵک باسی گۆڕانکارییەکی ڕێکخراوەیی ڕژێم لە سووریا دەکەن، بەڵام ئەوەی ڕوویداوە وەک ئەوە نییە حکومەتێکی نوێ بەشێوەیەکی دیموکراسی چووبێتە سەر دەسەڵات.
سار بەو جۆرە باسی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریای کرد کە باندێکی تیرۆریستین کە سەرەتا لە ئیدلیب بوون، دواتر دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەدا گرت.
ڕۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل زیاتر لەبارەی دۆخی سووریا قسەی کرد و وتی: جیهان دەیەوێت ڕژێمێکی سەقامگیر لە سووریا ببینێت، چونکە وڵاتان دەیانەوێت ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە پێشتر لە سووریا هەڵاتبوون، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبیندرێت بەو جۆرە نییە.
شەڕ لەگەڵ عەلەوییەکان هەیە؛ هەڕەشەی ئاشکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ نەهێشتنی خۆبەڕێوەبەری کورد هەیە؛ هەراسانکردنی کۆمەڵگەی کریستیانیش هەیە. گیدیۆن سار وای گوت.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە لە کۆتاییدا وتی: حکومەتی نوێی سووریا، ڕژێمێکی ئیسلامییە کە دەیەوێت کۆنترۆڵی هەموو سووریا بگرێتە دەست.[1]