زانا کایانی
شاندێکی پەڕڵەمانی #کەتەلۆنیا# سەردانی ڕۆژاوای کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارچەیەی کوردستان کۆبووەتەوە. ڕۆبن وەکنەسبێرگ، پەڕڵەمانتاری کەتەلۆنیا دەڵێت: هەر چارەسەرکردنێکی ململانێ و هەر ئاشتییەک بۆ داهاتووی سووریا پێویستی بەوەیە گەلی کورد لە هەر مێزێکی چارەسەرکردنی ئەم ململانێیەدا هەبێت.
ڕۆبن وەکنەسبێرگ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو باسی لە سەردانەکەیان بۆ ڕۆژاوای کوردستان، کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان، دۆخی کەمپەکان و داهاتووی سووریا کرد، دەڵێت: لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بە مەزڵووم عەبدییان وت گرنگە ئەوان لە دیمەشق بمێننەوە و گفتوگۆ و دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بکەن. هەروەها ئێمەیش لە کەتەلۆنیاوە دەبێت هەموو پشتگیرییەکمان پێشکەش بکەین.
ئەو پەڕڵەمانتارە کەتەلۆنییە، دۆخی کەمپەکانی لە ڕۆژاوای کوردستان بە زۆر سەخت ناوبرد و ڕایگەیاند، هیچ هاوکارییەکی نێودەوڵەتییان نییە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوێ کار ناکەن. وتیشی، دەبێت بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڵێین دەبێت بچنە ئەوێ، وەکوو وڵاتانی دیکە. هەروەها، ئەگەر ئێستا کەسێک بیەوێت یارمەتیی خەڵکی ڕۆژاوا بدات، تەنیا یەک بژارەیان هەیە. ئەویش لەم ساتەدا هەیڤاسۆرە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
ڕووداو: بەڕێز ڕۆبن سڵاوت لێبێت و ئەم کاتەت باش. زۆر خۆشحاڵم کە ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ بەڕێزت دەکەم و سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. دەزانم تەندرووستیشت زۆر باش نییە، بەڵام سوپاس کە ئەم دەرفەتەت بە ئێمە دا. ئێوە وەکوو شاندێک لە ڕۆژاوای کوردستان بوون بۆ ماوەی چوار ڕۆژ. پێمخۆشە ئامانجی سەردانەکەتان بۆ ڕۆژاوای کوردستان ڕوون بکەیتەوە و بزانم ئامانجەکەتان چی بوو.
ڕۆبن: زۆر سوپاس. سڵاو، ئێوارەتان باش. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە کە بانگهێشتی بەرنامەکەتان کردم. ئێمە سەردانی ڕۆژاوامان کرد، وەکوو جارەکانی پێشوو، بۆ ئەوەی دۆخی ئاوارە ناوخۆییەکان لە نزیکەوە ببینین. سەردانەکەمان لە ڕۆژاوا بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ تیشکخستنە سەر دۆخی ئاوارەکانی ناوچەی شێخوا بوو، کە پێشتر دانیشتووی عەفرین بوون و ئێستا لە ڕەققە و تەبقە نیشتەجێ کراون. کەواتە سەردانەکە بەشێوەیەکی سەرەکی تایبەت بوو بە کاری ڕۆژنامەوانی و سیاسی و، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس هاوەڵمان بوون. لە ئەنجامدا ژمارەیەک هەواڵ و ڕاپۆرتمان گەیاندەوە ئەوروپا و سەرنجمان خستەسەر ئاڵنگاریی دۆخی مرۆیی کە ڕووبەڕووی ئەم خەڵکە دەبێتەوە. هەروەها دەرفەتمان بۆ ڕەخسا کە بزانین پێویستییەکانی داهاتوویان چین. هەروەها ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییانەی ئێستا پێیان دەگات سنووردارن. چوار ڕۆژ لەوێ بووین. زۆربەی کاتێکانمان بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردبوو.
ڕووداو: باشە، بەڕێز ڕۆبن، باسێکی کۆبوونەوەکان بکەین. ئێوە کۆمەڵێک کۆبوونەوەتان لەوێ کردبوو لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بە دیاریکراوی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات. نێوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیەمان بۆ باس دەکەیت؟ باسی چیتان کرد؟
ڕۆبن: بەڵێ، هەروەها دەرفەتمان بۆ ڕەخسا لە چەند کۆبوونەوەیەکدا قسە بکەین، بۆ نموونە لەگەڵ هاوسەرۆکەکان. هەروەها لەگەڵ شارەوانیی ڕەققە، کە باسی دۆخی ئێستای شارەکەی کرد لەگەڵ ئاوارەبوونی نوێ. هەروەها، بێگومان باسی پرسە سیاسییەکان و دۆخی نوێی سووریامان کرد. هەروەها توانیمان چاومان بە جەنەراڵ مەزڵووم بکەوێت. توانیمان چەندین پرس تاوتوێ بکەین. بۆ نموونە، ئەگەری داگیرکارییەکی نوێی تورکیا، بۆ نموونە لە شاری کۆبانێ، هەروەها باسی ئەگەری شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونمان کرد کە ئەگەر ئەم ململانێیە پەرەبسێنێت. کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوون، نەک تەنیا لەگەڵ مەزڵووم، بەڵکوو لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە دۆخی نوێی ئێستای باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و دۆخی نوێی سووریا. هەروەها گفتوگۆی ئەوەیشمان کرد کە داهاتووی گەلی کورد لە سووریا چی دەبێت؟
ڕووداو: باشە، بەڕێز ڕۆبن، لەو کۆبوونەوەیەدا ئێوە چیتان بە مەزڵووم عەبدی گوت؟ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات چیی بە ئێوە گوت؟ بە دیاریکراوی هیچ ترسی هەبوو؟ با بڵێین لە نەمانی ئیدارەی سەربەخۆ لە ڕۆژاوای کوردستان. باسی ئەو مەترسییەی بۆ ئێوە کرد؟
ڕۆبن: سەرەتا، ئێمە گوێمان لە جەنەراڵ مەزڵووم و سیاسەتڤانەکانی دیکە گرت، چونکە دەمانەوێت باشتر لە دۆخەکە تێبگەین، بەڵام هەروەها ئێمە لە کەتەلۆنیا دەڵێین کە هەموو پشتگیرییەک بۆ هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی کوردی لە سووریای ئێستادا بۆ ئێمە گرنگە، چونکە هەر لە ساڵانێکی زۆر لەمەوپێشەوە، ئێمە تێدەگەین کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە پارێزگاری لە پێکهاتەکان دەکەن، هەروەها پارێزگاری لە پێکهاتەی کورد دەکەن. ئەوان لە مافەکاندا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، بۆ نموونە لە بواری مافەکانی ژناندا. ئێمە نازانین ئێستا لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریادا چی ڕوودەدات، بەڵام تێدەگەین کە هەر چارەسەرکردنێکی ململانێ و هەر ئاشتییەک بۆ داهاتووی سووریا پێویستی بەوەیە گەلی کورد لە هەر مێزێکی چارەسەرکردنی ئەم ململانێیەدا هەبێت. بۆیە بە مەزڵووممان وت کە گرنگە ئەوان لە دیمەشق بمێننەوە و گفتوگۆ و دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بکەن. هەروەها ئێمەیش لە کەتەلۆنیاوە دەبێت هەموو پشتگیرییەکمان پێشکەش بکەین.
ڕووداو: باشە، با جارێکی دیکە بەوردی ئەو پرسیارە بکەمەوە: بە دیاریکراوی مەزڵووم عەبدی چیی بە ئێوە وت لەسەر ئەم دۆخە نوێی کە ڕووبەڕووی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان بووەتەوە؟ چ داواکاریەکی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبوو؟
ڕۆبن: بۆ نموونە، لە پەڕڵەمانی کەتەلۆنیا، لە ساڵی 2021دا دانمان پێدانا وەکوو بابەتێکی سیاسی. ئەمەش گرنگە چونکە بەڕێوەبەرایەتییەکە ئێستا دەتوانێت پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ حکومەتی کەتەلۆنیا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە هەبێت. ئێمە پێمانخۆشە دانی پێدا بنرێت و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە درووست بکاتەوە، بۆ نموونە هەرێمی کوردستانی ئێراق.
مەزڵووم پێی وتین و ئێمەش وەڵاممان دایەوە کە بەڵێ گرنگە ئێمە بتوانین گوشار بخەینە سەر وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بۆ ئەوەی هەمان شت بکەن کە ئێمە لە کەتەلۆنیا کردمان کە پەڕڵەمان دانی پێدا بنێت، کە پەڕڵەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قسە بکات، وەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە و پێمانوایە ئەمە هەموو ئەو شتەیە کە دەتوانین بیکەین. بۆ ئێمە گرنگە گەلی کورد بەڕێوەبەرایەتیی خۆیان هەبێت بۆ پاراستنی گەلەکەیان و هەوڵدەدەین ئەمە بکەین.
ڕووداو: باشە لە کۆبوونەوەکانتان هەم لەگەڵ هەسەدە هەم لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بە نموونە لەگەڵ ئەنەکەسەش، ئاماژەت بەوەدا کە کۆبوونەوەتان کردووە، ئەوەی کە بینیتان ئایا هیچ کۆدەنگییەک دەبینیت؟ پێتوایە کۆدەنگییەک لەلایەنە کوردییەکانەوە هەبێت بۆ ئەوەی مافی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دابین بێت؟
ڕۆبن: نا، پێم وایە لێرە هەموو کەس یەکێتیی گەلی کوردی دەوێت. لێرە، بۆ نموونە لە کەتەلۆنیا دۆخەکە زۆر جیاوازە، بەڵام ئێمەش کێشەی هاوشێوەی ئێوەمان هەیە لە کەتەلۆنیا کاتێک دیکتاتۆریەتی فرانکۆ پێش 30، 40 ساڵ کۆتایی هات. دەبوو لەگەڵ ئیسپانیا دانووستاندن بکەین بۆ خودموختاری کەتەلۆنیا، بۆ نموونە لەگەڵ قوتابخانە و زانکۆکان تاوەکوو بە زمانی کەتەلۆنی بن و سیاسەتێک دابنێین بۆ کەتەلۆنیا جیاواز لە سیاسەتی ئیسپانی. بۆ نموونە، پۆلیسێکی جیاواز لە ئیسپانیا. هەروەها، بێگومان لە کەتەلۆنیا ئایدیۆلۆژیای جیاواز هەیە، هەموویان کەتەلۆنین، بەڵام ئایدیۆلۆژیای جیاواز هەن، لە چەپ و لە ڕاست هەن، زۆر گرنگ بوو یەکێتییەک درووست بکرێت لەگەڵ زۆر لایەندا، بۆیە پێم وایە لە سووریاش هەمان شتە. پێمانوایە دەبێت بۆ یەکێتی هەموو گەلی کورد کار بکەن. بێگومان پێم وایە هەندێک پرس قورسە، بەڵام هەروەها دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی ئێستا ئەم پڕۆسەیە جێبەجێ بکرێت، چونکە دەرفەتێکمان هەیە بۆ گەرەنتیکردنی مافەکان نەک تەنیا بۆ بەشێک لە کورد، بەڵکوو بۆ هەموو گەلی کورد لە سووریا.
ڕووداو: بەڕێز ڕۆبن، ئەمە دەبێت وابێت، بەڵام ئێوە تێبینیتان کرد کە لەلایەن هەردوو لاوە ئەم ویستە هەبێت؟
ڕۆبن: وەکوو پێموتیت، ئێمە هەموو کات، یان زۆربەی کاتێکەمان تەرخانکرد بۆ قسەکردن لەسەر ئاوارەکان و پاشان داهاتووی سووریا و دانووستاندنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی نوێی سووریا، بەڵام بەڵێ، لەم بەشی دووەمەدا هەروەها باسمان لە پرسە گرنگەکان کرد وەکوو ئەوەی کە هەموو گەلی کورد دەتوانن نوێنەرایەتی بکرێن و هەروەها کەمینەکانی دیکەش کە لە ڕۆژاوا دەژین، چونکە لە ڕۆژاوا تەنیا کورد نییە، وەکوو دەزانن، عەرەب هەن، ئاشووری هەن، تورکمان هەن، کەواتە ئەم گەلانە دەبێت یەکگرتوو بن بۆ دانووستاندن لە دیمەشق.
ڕووداو: بە دیاریکراوی با باسی دۆخی مرۆیی بکەم. با ئەم پرسیارەم لەسەر ئەوە بێت کە ئێوە تێبینیتان کردووە و چوار ڕۆژ لەوێ بوونە و بەدواداچوونی خۆتان کردووە، ئایا دۆخی مرۆیی لە ڕۆژاوای کوردستان بە شێوەیەکی گشتی چۆنە؟ پێویستیان بە چییە؟
ڕۆبن: پێمانوایە دۆخەکە زۆر باش نییە، باوەڕم پێبکە. من لە ڕابردوودا سەردانی کەمپی پەنابەران و ئاوارەکانم لە سەرتاسەری جیهاندا کردووە. دۆخەکە لە ڕۆژاوا زۆر سەختە، چونکە هیچ هاوکارییەکی نێودەوڵەتییان نییە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوێ کار ناکەن، کەواتە دۆخەکە باش نییە. ئێمە تەنیا یەک ڕێکخراو دەبینین، کە هەیڤاسۆرە، لەوێ کار دەکات، بەڵام بۆ نموونە نەتەوە یەکگرتووەکان و ACNUR و یونیسێف و MSF لەوێ نین، تەنیا هەیڤاسۆر هەیە. بۆیە دەبێت بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڵێین کە دەبێت بچنە ئەوێ، وەکوو وڵاتانی دیکە. هەروەها، ئەگەر ئێستا کەسێک بیەوێت یارمەتیی خەڵکی ڕۆژاوا بدات، تەنیا یەک بژارەیان هەیە. ئەویش لەم ساتەدا هەیڤاسۆرە.
ڕووداو: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەو دەرفەتەیان هەیە و دەتوانن بچن؟
ڕۆبن: بەڵێ، دەرفەتیان هەیە و بەرپرسیارییەتییشیان ئەوەیە کە بچن. ئەوە زۆر گرنگە، چونکە هەزاران کەس پێویستیان بە یارمەتیی ئەوان هەیە، پێویستیان بە ACNUR هەیە، پێویستیان بە یونیسێف هەیە، پێویستیان بە ڕێکخراوە گەورەکانی دیکە هەیە، چونکە ئاڵنگارییەکە ئێستا زۆرزۆر گەورەیە. چونکە خەڵکێکی زۆر لە شێخوا، خەڵکێکی زۆر ئێستا لە ڕەققە، لە تەبقە، لە قوتابخانەکان، لە کەمپە نوێیەکان، لە ماڵەکان، هەندێک جار بەبێ کارەبان، ئاوی گەرمیان نییە، خواردنیان نییە. بۆیە زۆر گرنگە ئەم ڕێکخراوانە بتوانن بچنە ڕۆژاوا.
ڕووداو: بەڕێز ڕۆبن، وەکنەس بێرگ، پەڕڵەمانتاری کەتەلۆنیا، سوپاست دەکەم کە لەگەڵم بوویت، زۆر سپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بە هیوای سەلامەتیت.
ڕۆبن: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. ببوورە، چونکە ئەمڕۆ زۆر باش نیم و تۆزێک نەخۆشم.
ڕووداو: زۆر سوپاس. [1]