هەمەوەندەکان لە بیرەوەرییەکانی میدحەت پاشادا
ئاشکرایە کە ئەحمەد شەفیق میدحەت پاشا (1822-1884) کە بە باوکی دەستووری عوسمانیی دادەنرێت، بۆ ماوەی نزیکەی چوار ساڵ (1869-1872) والی والیەتی #بەغدا# بوو، ناوبراو لەو ماوەیەدا کاری زۆر گرنگی لەم ویالیەتە ئەنجامداوە و هەوڵیداوە کێشە سەرەکییەکانی چارەسەربکات و بەرگێکی نوێ بە بەری بەغدا بکات. بێگومان یەکێک لەو کێشە سەرکییانەی کە ناوبراو لەماوەی والیەتەکەیدا رووبەڕووی بۆتەوە بریتییبووە لە کێشەی پەلامارەکانی عەشیرەتی #هەمەوەند# و کشانەوەی بۆ ناو خاکی ئێران لەکاتی فشارلێکردندا.
هەربۆیە ناوبراو لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە بە هەماهەنگیی لەگەل بەرپرسانی دەوڵەتی قاجار، ئەو کێشەیە لەکۆڵ ویالیەتەکەی بکاتەوە.
لە لاپەڕە 170ی چاپی یەکەمی بیرەوەرییەکانی میدحەت پاشادا، کە لەلایەن یوسف کەمال بەگەوە لەساڵی 1913دا، لە چاپخانەی هندیە لە میسر، بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی مەسەلەی هەمەوەند دا، ئاماژە بەوەدراوە کە میدحەت پاشا، سەردانی ناسڕەدین شای ئێرانی بۆ بەغدا قۆزتۆتەوە، تاوەکو لەگەڵ وەزیرەکانی ئێراندا سەبارەت بە پەلامارەکانی هەمەوەند و کشانەوەیان بۆ ناو خاکی ئیران لەکاتی پەلاماری سوپای عوسمانییدا، گفتۆبکات. شایەنی باسە، میدحەت پاشا لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبووە، هەربۆیە بڕیاری داوە کە بەچەک و لەرێگەی بەکارهێنانی هێزەوە، سنورەکانی دەوڵەتەکەی لە دەستدرێژیی هەمەوەندەکان بپارێزێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=