ناونیشانی بابەت: بەعسی سووریا 33 ساڵە ڕووخاوە، بەڵام دوو ڕۆژە بەفەرمی ڕاگەیەندراوە!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
8ی 12ی 2024 لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاوە و بە فەرمی ڕووخاندنی ڕژێمی #بەعس#ی سووریا ڕاگەیەندرا، بەڵام بەلای خۆمەوە ئەمە مێژووی ڕاستەقینەی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سووریا نییە و ئەو ڕژێمە لە 25ی 12ی 1991 واتە 33 ساڵە ڕووخاوە، بەڵام دوو ڕۆژە بە فەرمی ڕووخاندنەکەی ڕاگەیەندراوە! و ھەر ئەم قەناعەتەی خۆیشم وای لێ کردم، زنجیرە وتارێک بەم بۆنەیەوە بنووسم و تۆزێک لە ھەراوھوریای ڕووکەش و لاوازیی ڕۆژانەی شرۆڤەی ڕاگەیاندنەکان دوور بکەومەوە و یەکەم بەشی ئەم زنجیرە وتارە بەم شێوەیە دەست پێدەکەم:
لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاوە، دەگەڕێمەوە بۆ گوتارێکی تەلەڤزیۆنیی میکایل گۆرباچۆف، دوا سەرۆکی یەکێتیی سۆڤێتیی جاران کە ڕووخا. گۆرباچۆڤ چاوەڕێی ئەوەی نەکرد خەڵکی ڕووسیا بیکەن بە تەقە و ئنجا بەرەو ناو کۆشکی سەرۆکایەتی بۆی بڕۆن و ئەو کاتە بە پەلە و بە ھەناسەسواری، سواری فڕۆکەیەک بێت و بە شوێن وڵاتێکدا وێڵ بێت، بۆ ئەوەی مافی پەنابەریی بداتێ و دوای ھەموو ئەمانە ئنجا بێژەر و پێشکەشکاری تی ڤی لە مۆسکۆوە ڕووخاندنی سۆڤێت ڕابگەیەنن.
گۆرباتچۆڤ زۆر لە سەرکردەکانی بەر لە خۆی وەک (جۆرجی مالینکۆڤ، نیکیتا خرۆچۆڤ، لیۆنید بریجنێڤ، یۆری ئەندرۆبۆڤ، قوستەنتین چیرنینکۆ) ڕاشکاوتر و ڕاستگۆتر و ئازاتر بوو، بۆیە لە 25ی 12ی 1991 و ھەر خۆی لەجیاتی بێژەر لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا بەم شێوەیە و بەفەرمی ڕووخاندنی حوکمی 74 ساڵەی سۆڤێتی ڕاگەیاند: ”قەدەر وای ویست ئەو کاتەی بەرزترین پۆستی دەوڵەتم گرتە دەست، ئەم وڵاتە لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا بوو، ھەرچەندە ھەموو شتێکیشمان زۆر بوو، وەک خاک، نەوت، غاز، خەڵووز و چەندین سەرچاوەی سروشتیی دیکە و خەڵکی زۆر زیرەک و لێھاتوویشمان ھەبوو، کەچی سەرەڕای ھەموو ئەوانە، زۆر لە خوار وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە بووین، بگرە زۆریش لەدوایانەوە بووین، بۆچی؟ ئەمە لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە بەدەست ڕژێمێکی ئیستیبدادییەوە خنکابوو و ھەناسەی لەبەر بڕابوو، چونکە بە زۆر و بەھۆی سەرکوتکارییەوە، یەک جۆر بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیایان بەسەردا سەپێنرابوو، ھیچ دواڕۆژێکی ڕوون دیار نەمابوو، بۆیە دەبوایە ھەموو شتێک لە ڕەگوڕیشەوە بگۆڕین، وەک ئەمینداری گشتیی حزبی شیوعیی سۆڤێت، بۆ یەک جاریش ھەوڵم نەداوە سوود لە پۆستەکەم وەربگرم و ھەر بۆ ئەوەی چەند ساڵێک زیاتر لە حوکمدا بمێنمەوە وەک قەیسەر حوکم بکەم، خۆ ئەگەر ئەوەم بکردایە، ئەوە کارێکی نابەرپرسانە و بێئیتیکی بوو، من دەمزانی دەبوایە چاکسازییەکی ڕیشەیی بکرێت، ھەرچەندە ئەمەش بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمە کێشە و مەترسیی زۆری لەبەردەمدایە، بەڵام چارم نەبوو، چونکە ھیچ ڕێگا و ھیچ بژارەیەکی دیکەم لەبەردەمدا نەبوو.“
جا باشە ئنجا ئەو گوتارە تەلەڤزیۆنییەی گۆرباچۆف و ڕاگەیاندنی ڕووخاندنی سۆڤێت بەفەرمی لەلایەن گۆرباچۆڤەوە لە 25ی 12ی 1991 چ پەیوەندییەکی بە حوکمی بەعسی سووریا و ڕاگەیاندنی ڕووخاندنی دوو ڕۆژ بەر لە ئێستای ئەم حوکمە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاوە ھەیە؟
ئەم ھەویرە ئاو زۆر دەکێشێت، ئەمانە لە بەشەکانی دیکەی ئەم زنجیرە وتارەدا درێژە پێدەدەم... چاوەڕێ بن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=