زانا کایانی
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ لە حکومەتی ڕاگوزەری سووریا دەڵێت: گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەوەی پێیدەگوترێت هەسەدە، پەیوەست نییە بە بابەتە ئابوورییەکانەوە، بەڵکوو بابەتەکە گەورەترە. گفتوگۆکان لەبارەی سەروەرییە لە دەوڵەتی سووریا.
ماهیر خەلیل حەسەن، وەزیری بازرگانیی ناوخۆ لە حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، ڕۆژی #31-12-2024# لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو دا ڕایگەیاند، ناکرێت پێکهاتەی کورد لە هەسەدە دا کورت بکرێتەوە، وتیشی، ئەوان گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەموو هێزە کوردییەکاندا بەردەوامن.
بە گوێرەی گوتەکانی ماهیر خەلیل حەسەن، ئامانجی دانووستاندنەکانیان گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی هەموو خاکی سووریایە و دەڵێت: ئێمە حەزێکی گەورە لە برا کوردەکانمان دا دەبینین بۆ تێکەڵبوون لە دەوڵەتی نوێ دا و بەردەوام نەبوون لەم دۆخەی ئێستایاندا کە لەلایەن بەشێکیان، نەک هەموویان، بەسەریاندا سەپێنراوە.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ ماهیر خەلیل حەسەن، وەزیری بازرگانیی ناوخۆی سووریا
ڕووداو: سڵاوت لێبێت بەڕێز وەزیر. ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، کە بڕێک گەنم وەکوو یارمەتیی بۆ گەلی سووریا دەنێرێت. ئایا ئەم یارمەتییەی ئۆکراینا گەیشتووەتە کۆگەکانتان؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: سڵاو لە تۆش، بژیت. بەڵێ، لەم بارەیەوە قسە هەیە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتووە، گەیشتنی پێویستی بە هەندێک کاتە.
ڕووداو: دیارە ڕووسیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە گەنمی دەدایە سووریا، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند کە دابینکردنی گەنم بۆ سووریا ڕادەگرێت. ئایا ئەمە کاریگەریی لەسەر سووریا دەبێت؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: میکانیزمی دابینکردنی گەنم لەلایەن ڕووسیاوە بۆ ڕژێمی پێشوو میکانیزمێکی ئاڵۆز بوو، بەشێوەیەک کە گەنمەکە دەنێردرا بەبێ پارەدان و تۆمارکردنی قەرزی کەڵەکەبوو تاوەکوو بڕی پارەکە زۆرزۆربوو. پەیوەندیمان پێوەکرا بۆ بەردەوامبوونی گرێبەستەکانی پێشوو بە مەرجی پارەدان، بەڵام ڕاستییەکەی گرێبەستەکان لەگەڵ ڕژێمی پێشوو بەنرخێکی زۆر کرابوون کە نزیکەی دوو ئەوەندەی نرخی ڕاستەقینەی گەنم بوو لە بازاڕدا، بۆیە ئێستا ئەو گرێبەستانەمان ڕاگرتوون.
ڕووداو: بەڕێز وەزیر، جارێکی دیکە ئەوە بپرسمەوە پەیوەست بە هاوکارییەکەی ئۆکراینا، گوتت جارێ کاتی پێویستە. هیچ وادەیەک دیارە کەی ئەو هاوکارییەی ئۆکراینا دەگات یاخود نا؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: سەبارەت بە بابەتی هاوکارییەکان، زۆر وڵات پەیوەندیمان پێوە دەکەن و ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە گەلی سووریا کە بەڕاستی زۆر ئازار دەچێژێت لە ئەنجامی قۆناخی ڕژێمی ڕووخاو . سوپاسی هەموو وڵاتان دەکەین بۆ ئەم نیازە باشەیان و ئارەزوویان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە گەلی سووریا، لەوانەش ئۆکراینا.
ڕووداو: ئێوە ڕاتانگەیاندووە کە سێیەکی نرخی کەلوپەلە هاوردەکراوەکان سەرانە بوو، کە بنەماڵەی دەسەڵاتدار، واتە بنەماڵەی ئەسەد لە بازرگانانی وەردەگرت. ئایا ئێستا لە دوای نەمانی ڕژێمی ئەسەد، نرخی کەلوپەلە هاوردەکراوەکان بۆ هاووڵاتییان دابەزیوە؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بەڵێ، ڕاستەوخۆ و بەخێرایی دابەزین، خەڵکیش ئەمەیان هەست پێکرد کاتێک هەموو ئەو بەرتیل و سەرانانەمان هەڵوەشاندنەوە کە ڕژێمی پێشوو بەسەر بازرگان و هاوردەکاران و پیشەسازان دا سەپاندبوونی. جگە لەوەش بە شێوەیەکی ڕژد و کرداری لێکۆڵینەوە لە کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر هەموو کەلوپەلە هاوردەکراوەکان دەکەین. سوپاس بۆ خودا، نرخی زۆربەی کەلوپەلەکان بە ڕێژەی نیوە دابەزیوە و هەندێکیان زیاتریش.
ڕووداو: ئاماژەت بە باج دا. ئایا میکانیزمێکتان داناوە بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەرخۆراکە هاوردەکراوەکان؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بەڵێ، بەڵێ. دوێنێ کۆبوونەوەیەکمان هەبوو و چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەشی بەدوادا دێن، لەوانەیە ئەمڕۆ و سبەینێ. سیاسەتی گشتیمان کەمکردنەوەی باجی گومرگییە بۆ کەمترین ئاست، کە هاوسەنگی لەنێوان داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی نرخەکان بۆ هاووڵاتییان و خەڵک بەگشتی درووست دەکات. زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی لە کۆبوونەوەی دوێنێ دا تاوتوێکران، باجەکانیان کەمکرایەوە یان لێکۆڵینەوە لە کەمکردنەوەی باجەکانیان کرا بۆ نزیکەی 50٪ ئەو باجەی پێشتر هەبوو.
ڕووداو: باسی مووچەی خەڵک بکەین. لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد کێشەیەکی گەورەی خەڵک بابەتی کەمی مووچە بوو. ئێستا لە دوای نەمانی بەشار ئەسەد، ئایا مووچەکان بە ڕێژەی 400٪ بەرزکراونەتەوە؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: ڕاستییەکەی، بڕیاردرا لەسەربەرزکردنەوەی مووچە بەو ڕێژەیەی باست کرد، بەڵام پێویستیمان بە هەندێک کاتە. مەبەستم لە هەندێک کات چەند ڕۆژێکە نەک کاتێکی درێژ، بۆ ڕێکخستنی کارەکانی بەرنامە و فەرمانبەران و سەرچاوە مرۆییەکان لە هەموو پارێزگاکانی سووریا تاوەکوو بەرزیان بکەینەوە بۆ دارایی و پەسەندکردنی ئەو زیادەیەی باس کرا.
ڕووداو: بابەتێکی دیکەی زۆر گرنگ پەیوەستە بە پەیوەندیتان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات. لە هەڤپەیڤینێکی ڕۆژنامەڤانیتان پێش چەند ڕۆژێک، دەڵێن گفتوگۆتان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە و لەو چەند ڕۆژەدا دەگەنە ئەنجام. ئایا گەیشتنە هیچ ئەنجامێک لەگەڵ هەسەدە؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: ڕاستییەکەی، پێکهاتەی کورد ناکرێت تەنیا لە هەسەدە دا یان ئەوەی پێیدەگوترێت هەسەدە کورت بکرێتەوە. گەلی کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی و بنەڕەتییە لە گەلی سووریا، بەشێکی دانەبڕاوە لێی، ئەوان خەڵکی ئێمەن و ئێمەش خەڵکی ئەوانین. دانووستاندن لەگەڵ هەموو هێزە کوردییەکان بەردەوامە، چ هەسەدە بێت یان هێزی دیکە، بۆ گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی هەموو خاکی سووریا بۆ ئەوەی ببێتە یەک پارچە، سووریایەکی یەکگرتوو کە هەمووان لەخۆ بگرێت لە کورد و عەرەب، دوور لە تایفە یان نەژاد یان ئایین. دانووستاندنەکان بەردەوامن و بە ئیرادەی خودا بەرەو باشتر دەچن. ئێمە حەزێکی گەورە لە برا کوردەکانمان دا دەبینین بۆ تێکەڵبوون لە دەوڵەتی نوێ دا و بەردەوام نەبوون لەم دۆخەی ئێستایاندا کە لەلایەن بەشێکیان، نەک هەموویان، بەسەریاندا سەپێنراوە.
ڕووداو: پێمخۆشە باسی ئەوە بکەین، بەڵام جەنابی وەزیر با جارێ وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرم، ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ هەسەدە کردووتانە ئەنجامی هەبوو، گەیشتنە هیچ ئەنجامێک؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: دانووستاندنەکانی نێوان ئێمە و هەسەدە دانووستاندنی سیاسین کە بەڕێوەبەرایەتیی سیاسی لە حکومەت ئەنجامی دەدات، دانووستاندنی تەکنیکی نین لەنێوان وەزارەتێک یان وەزارەتێکی دیکە. لەبەر ئەوە بەردەوامن چ لەگەڵ هەسەدە یان لەگەڵ هێزەکانی دیکە. ئەم دانووستاندنانە ئاشکرا نەکراون، چونکە هێشتا لە قۆناخی ڕاوێژکردندان، ئەگەر هەر ئەنجامێک هەبێت، بەڕێوەبەرایەتیی سیاسی ڕوونی دەکاتەوە.
ڕووداو: بەڵام ئەمە بابەتێکە ڕەنگە پەیوەست بێت بە وەزارەتەکەی ئێوەوە. دەمەوێت بزانم دانووستانەکانتان لەسەر چی بوون، ئایا سەبارەت بە نەوت بوون؟
وەزیری بازرگانی ناوخۆ: نەخێر، نەخێر. ڕاستییەکەی بابەتەکە گەورەترە لە پرسی نەوت یان گەنم یان بەرهەمێکی دیکە. پرسی سەروەرییە، پرسی سەروەریی دەوڵەتی سووریایە، پرسی گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەت یان دەوڵەتی ئێستایە بە سەر هەموو خاکی سووریادا، پرسی تێکەڵبوونی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریایە لە دەوڵەتی ئێستا و حکومەتی ئێستا دا و بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی سووریایە لە درووستکردنی سووریای نوێ دا کە هیوای پێ دەخوازین. هەروەکوو وتم، پێکهاتەی کورد پێکهاتەیەکی زۆر گرنگە لەم قۆناخەدا.
ڕووداو: باشە جەنابی وەزیر، کورد داوای مافی سیاسی و نەتەوەیی و دەستووری بۆ کوردستانی سووریا دەکەن. جەنابت ئاماژەت پێدا کە کورد بەشێکی گرنگن لە سووریا، ئایا ئێوە کراوەن بۆ ئەم جۆرە دانووستاندنانە لەگەڵ کورد بۆ پێدانی ئەم مافانەیان کە داوای دەکەن؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: ئەم بابەتانە ڕاستییەکەی پەیوەستن بە بەڕێوەبەرایەتیی سیاسی، بەڵام ئەوەی من دەیزانم، هەروەکوو پێموتیت، سووریا بۆ هەمووانە، بۆ نەتەوەیەکی دیاریکراو یان نەژادێکی دیاریکراو یان ئایینێکی دیاریکراو نییە. هەمووان لەخۆ دەگرێت، مێژووی سووریا وا دەڵێت. ئەوەی لە قۆناخی پێشوودا لە ماوەی 50 یان 60 ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا، کە ئەم نەژادگەری و تایفەگەرییەی چەسپاند، ڕژێمی ڕووخاوی ئەسەد بوو، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێش ئەو مێژووە، دەبینین لەنێو گەلی سووریادا کەس باسی نەژاد یان تایفە یان ئایینزا یان ئایین ناکات، بەڵکوو باس لە سووریبوون دەکات وەک پێکهاتەی سەرەکیی دوور لە هەموو تایفە و ئایین و نەژادەکانی.
ڕووداو: جەنابت دەزانی کە کورد دووەم گەورەترین نەتەوەن لە سووریا، بەڵام بە سەرنجدان لە پێکهاتەی حکومەتی ڕاگوزەردا دەبینین کورد تێیدا نییە، ئایا ئەمە درووستە؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بێگومان ئەوان پێکهاتەیەکی سەرەکین و ڕۆڵێکی کارا و گەورەیان دەبێت لە قۆناخی داهاتوودا و لە حکومەتی ڕاگوزەردا. با شتێکت پێ بڵێم: من پێم وایە ئەوەی وای لە هەندێک کورد کرد بیر لە نەتەوەگەری یان درووستکردنی دەوڵەتی کوردی یان قەومی بوون بکەنەوە، کردەوەکانی ڕژێمی ڕووخاو بوو. ئێمە دەزانین ڕژێمی ڕووخاو کاری لەسەر دابەشکردنی گەلی سووریا کرد بۆ نەژاد، تایفە و ئایین تاوەکوو کۆنترۆڵی بکات و سامانەکەی بدزێت. هەروەکوو دەزانین بەشێکی گەورە لە برا کوردەکان لە زۆر مافی مەدەنی بێبەش کرابوون، تەنانەت دەزانم بەشێک یان بەشێکی گەورەیان ناسنامەی کەسیی یان مەدەنیشیان نەبوو. ئەم کردارانەی ڕژێمی ڕووخاو بوونە هۆی درووستبوونی ئارەزووی درووستکردنی دەوڵەتی کوردی یان دەمارگیری بۆ نەتەوەی کوردی لە ئەنجامی ئەو ستەمەی ڕژێمی ڕووخاو دەیکرد، بەڵام ئێستا، بە ویستی خودا لە سایەی دەوڵەتی دادپەروەر، دەوڵەتی بەزەیی، دەوڵەتی لێبووردەیی، دەوڵەتی مرۆڤایەتی، دەوڵەتی پێکەوەژیانی هەمووان، هەموو ئەم شتانە بە پشتیوانی خودا نامێنن.
ڕووداو: باشە جەنابی وەزیر، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت ئێراق و هەرێمی کوردستانیش داوا دەکەن کە سووریای نوێ حوکمێکی فرەیی هەبێت کە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان تێیدا بەشداربن. ئێوە وەکوو دەسەڵاتێکی نوێ ئاماژەت بەوەدا کە مافی هەموو نەتەوەکان دەدەن، ئایا ئێوە حکومەتێکی فرەیی قبووڵ دەکەن؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بەبێ داواکاریش، ئەمە سیاسەت و دیدی ئێمەیە؛ سووریا بۆ هەمووانە، سووریا بۆ گرووپێکی دیاریکراو یان تایفەیەکی دیاریکراو یان ئایینزایەکی دیاریکراو نییە، سووریا بۆ هەمووانە. بەبێ ئەوەی کەس داوامان لێبکات ئەمە سیاسەت و دیدگە و پەیامی ئێمەیە کە لە سەرەتای پڕۆسەی ڕزگارکردنەوە کردوومانە. سووریا بۆ هەمووانە و داوا لە هەمووان دەکەین بەشداربن، نەک تەنیا ڕێگەپێدراوبن بۆ بەشداری، بەڵکوو داوایان لێ دەکرێت بەشداربن، لێرەوە داوا لە هەموو سوورییەکان دەکەین بە هەموو تایفە، نەژاد و ئایینزاکانیانەوە لە ناوەوە و دەرەوە دەست بخەنە نێو دەستی یەک بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ، سووریای داهاتوو.
ڕووداو: جەنابی وەزیر، کوردستانی سووریا سەرچاوەیەکی سەرەکیی گەنم، برنج، لۆکە و هەروەها نەوتیشە. حکومەتەکەتان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: سووریا بەگشتی وەک مرۆڤێکە، وەک جەستەیەکە کە ناکرێت مرۆڤ بەبێ یەکێک لە ئەندامەکانی بژیت. ناکرێت ناوچەکانی ڕۆژهەڵات کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئەوەی پێیدەگوترێت هەسەدەن بەبێ ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکانی دیکە بژیت، نە پارێزگاکانی دیکەش دەتوانن بەبێ یەکتر لەڕووی بازرگانی و کشتوکاڵەوە بژین. ناوچەکانی ڕۆژهەڵات تایبەتمەندی خۆیان هەیە، لەوانەیە لە هەندێک ناوچە نەبێت و بە پێچەوانەشەوە، ئەوەی لە ناوچەکانی دیکە، ناوچەکانی نێوەڕاست یان کەناراوەکان هەیە لە ناوچەکانی هەسەدە یان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد نەبێت. یەکخستنەوەی هەموو ئەم ناوچانە لەژێر چەتری حکومەتی نوێ چەندین دەستکەوت دەبەخشێتە سوورییەکان و هاووڵاتییان بە هەموو چین و نەژادەکانیانەوە، هەروەها ئەو گوشارانەی ژیان کەم دەکاتەوە کە ئێستا لەسەر هەموو لایەک هەیە، لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی بازرگانی و کشتوکاڵی لەنێوان هەموو پارێزگاکان و کەمکردنەوەی هاوردە، بەهۆی ئەم بەربەستانە و ئەم پێکهاتە جوداخوازانەی ئێستا.
ڕووداو: باشە پێمخۆشە پرسیارێک بکەم جەنابی وەزیر، لە زاری جەنابتەوە دەمەوێت بزانم بەڕێز ئەحمەد شەرع مامەڵەی لەگەڵ پرسی کورد چۆنە، چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد دەکات؟ ئایا کاتێک لە ئیدلب بوون، پلانێکی نووسراوتان هەبوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: دەکرێت ئەم پرسیارە ئاڕاستەی خۆی بکەن.
ڕووداو: بەو پێیەی جەنابت وەزیری لە حکومەتەکەی و پێم وایە لە جەنابیناەوە نزیکی، ناتوانی وەڵامی ئەم پرسیارەم بدەیەوە؟
وەزیری بازرگانی ناوخۆ: من وەڵامم دایەوە و پێموتیت ڕوانگەی ئێمە بۆ گەلی کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکییە، ڕاستییەکەی نامانەوێت تەنانەت دەستەواژەی گەلی کورد یان گەلی عەرەب یان گەلی ئەرمەنی بەکاربێنین، ئێمە گەلی سوورین و یەکین، بەڵام وەک پێموتیت قۆناخی پێشوو بوو کە ئەم دۆخەی چەسپاند. دیدی ئێمە تواندنەوە و لابردنی هەموو ئەو دەستەواژانەیە و تەنیا بەکارهێنانی دەستەواژەی سووری یە، هەموو سیاسەتەکانمان لەژێر ئەم چوارچێوەیە دایە.
ڕووداو: باشە جەنابی وەزیر، باسی پەیوەندییەکان بکەین لەگەڵ ئێراق. دانووستاندنتان لەگەڵ حکومەتی ئێراق هەیە بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێراق؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بێگومان پەیوەندییەکان چ لەگەڵ حکومەتی ئێراق یان وڵاتانی دراوسێ بەگشتی، حکومەتی ئێراق یان دەوڵەتی تورکیا یان تەنانەت ئوردن یان لوبنان، نزیک یان دوور، سوپاس بۆ خودا سەردانی زۆر و خێرا و بەردەوام لە هەموو وڵاتانەوە هەیە بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دوای ئەوەی ڕژێمی پێشوو دەرگەی لەسەر هەموو وڵاتان داخستبوو بەتایبەتیی وڵاتە براکان و دراوسێیەکان. جوڵەی بازرگانی بەخێرایی گەڕایەوە لەو شوێنانەی کە لەڕووی لۆجستییەوە ئامادەن یان لە ڕێگەی ڕێگەوبانەوە، هەندێک شوێن لەوانەیە پێویستیان بە کەمێک کات هەبێت، بەڵام ویستی هاوبەشی نێوان دەوڵەتی ئێستا و وڵاتانی دراوسێ ویستێکی بەهێزە بۆ چالاککردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان دەوڵەتی ئێستا و هەموو وڵاتان، چ وڵاتە عەرەبییە براکان یان تەنانەت وڵاتە بیانییە دۆستەکان.
ڕووداو: من لە هەرێمی کوردستانەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێزت دەکەم. دەپرسم ئایا دەتانەوێت پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی ئێراق درووست بکەن؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: تاوەکوو ئەوەی من دەیزانم، دەستمان کراوەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتان لەژێر چەتری پەیوەندی دوو قۆڵی و دۆستانە لەنێوان دەوڵەتی ئێستا و هەموو وڵاتان بەدەر لە سەرچاوە و پێشینەیان.
ڕووداو: لە ماوەی ڕابردوودا، جەنابی وەزیر، بازرگانی هەبووە لە هاوردەکردنی زەیتوون، زەیتی زەیتوون لە هەندێک لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا. ئەم مامەڵە و بازرگانیانە بەردەوام دەبن؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: مەبەستت پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ڕژێمی پێشوو و هەرێمی کوردستانە؟
ڕووداو: مەبەستم حکومەتی ئێستایە، مەبەستم بازرگانانە، بازرگانان مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سووریا و لە ڕۆژاوای کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی ئێراق هەیە، ئێوە ڕێگە دەدەن کە ئەم بازرگانییە بەردەوام بێت؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: ئێمە لە هەر شوێنێک بەرژەوەندی گەلی سووریا ببینین، ئەم گەلە مەزنەی کە ئازاری چەوساندنەوە و هەژاری و دەربەدەری چەشتووە، لە هەر شوێنێک بەرژەوەندی گەلی سووریا ببینین بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی و گەڕاندنەوەی بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆی، درێخی لە هیچ هەوڵێک ناکەین لەم چوارچێوەیەدا، لەگەڵ هەر لایەنێک بەپێی سیاسەتی داڕێژراوی سەرکردایەتی ئێستا.
ڕووداو: جەنابی وەزیر، من زۆرزۆر دڵخۆش بووم. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی کە بە منت بەخشی بەوەی کە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێزتان بکەم. بەڕێز ماهیر خەلیل حەسەن، وەزیری بازرگانیی ناوخۆی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا. سوپاس جارێکی دیکە، خۆشحاڵ بووم.
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: سەرچاوان.
ڕووداو: زۆر سوپاس[1]