هەستیار قادر
سوبحى توفەیلی، یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى، مەترسیی هەندێک لایەن بەرانبەر بە دەسەڵاتى ئێستای سووریا بە وەهم دەزانێت و دەڵێت: سەرى مارە کوردییەکەى ببڕن، هەموو شتێک لە سووریا کۆتایی دێت.
ئەو گوتانەى سوبحى توفەیلى بەشێک بووە لە وتارێکی، کە لە #03-01-2025# لە کەناڵى تاییەتى خۆى لە یوتیوب بڵاوی کردووەتەوە.
سوبحى توفەیلی، لەنێوان ساڵانى 1989 بۆ 1991 یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى بووە، دەڵێت: دەسەڵاتى ئێستا لە دیمەشق سنگکراوەیە و هەندێک لەو مەترسییانەى باس دەکرێن، ئەگەر هەیە وەهم بن، ئەگەر قسە لەگەڵ دەسەڵات لە دیمەشق بکەن، دەزانن ئەوەى مەترسییان لێى هەیە، تەنیا وەهمێکە.
ئەو بەرپرسەى پێشووى حیزبوڵڵا، پێشتر لە دژى دەستوەردانى ئەو گرووپە بووە لە جەنگى نێوخۆى سووریا.
سوبحى توفەیلی لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا باسی لە دۆخى گشتیى سووریا و کورد دەکات و دەڵێت: ڕێگەم پێبدەن بە سووریا بڵێم سەرى مارە کوردییەکەى ببڕن، ئەگەر سەرى مارە کوردییەکە ببڕدرێت، هەموو شتێک لە سووریا کۆتایی دێت، لە سوەیدا و ناوچەکانى دیکە ئەو دەنگە نەشازانە نامێنن.
یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى دەشڵێت: هەوڵێک هەیە بۆ هاندانى بەشێک لە کورد بۆ وەستان لە دژى درووستکردنى دەوڵەتى سووری و داواى پشک و فیدراڵى دەکەن هاوشێوەى ئێراق و لوبنان، ئەوەش وێرانکردنی سووریایە و ئەوەیان دەوێت. نابێت کورد لە سووریا ببنە داردەستى زایۆنیزم و ئەمریکا. [1]