دیار سلێمان
هاوسەرۆکی #دەم پارتی# دەڵێت: ناکرێت حکومەتی تورکیا لەلایەک باسی ئاشتی لە وڵاتەکەی بکات و لەلایەکی دیکە هێرش بکاتە سەر ڕۆژاوای کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات: ''ڕێگەچارەیەکی شکۆدار لە دەستی ئێمەدایە''.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا وتارێکی پێشکەشکرد و چەند پرسێکی تاوتوێکرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری سەبارەت بە دۆخی ئێستای سووریا قسەی کرد و وتی، ''با ئەو ڕووداوانەی لە ئێراق و لیبیا ڕوویاندا، بەبیر خۆمان بهێنینەوە. تاکە چارەسەر لە سووریا، بەدیموکراسیبوون و بنیادنانی نەتەوەیەکی دیموکراسییە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنەی ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا کرد لە بەرانبەر هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و ڕایگەیاند: ئایا ڕەوایە لە تورکیا ئاشتی بەرقەرار بێت، لە کاتێکدا لە ڕۆژاڤا شەڕە؟ ڕەوایە بۆمب ڕەوانەی دیوێکی سنوور بکرێت و گوڵ ڕەوانەی دیوەکەی دیکەی بکرێت؟''
هاتیمئۆغوڵڵاری داوای لە هەموو پارتە سیاسییەکان کرد پاڵپشتی لەو هەوڵە بکەن ئێستا هەیە و وتی: ''سەردەم سەردەمی نزیکبوونەوەیە لە پڕۆسەکە و نووسینەوەی مێژوو. ڕێگەچارەیەکی شکۆدار لە دەستی ئێمەدایە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و وتی: ''تەنیا بۆ سیاسییەکان نییە، بەڵکوو بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەیە بە مەبەستی زیادکردنی لایەنگرانی ئاشتی''.
هاتیمئۆغوڵڵاری سەبارەت بە کاریگەریی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر ناوچەکە قسەی کرد و وتی: ''سیاسەتەکانی شەڕ و لەنێوبردن کە لەلایەن سیستمی جیهانییەوە جێبەجێ دەکرێن، بۆ ئەوەیە هەموو شوێنێک بکرێت بە غەززە. ئەمڕۆ هەموو شوێنێک لە بەردەم هەڕەشەی بوون بە غەززەدایە''.
ڕۆژی #07-01-2025# کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆتاییهات و سری سوورەیا ئۆندەر، پەڕڵەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئیستەنبووڵ وتی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هەفتەیە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکەن.
شاندەکە دوای سەردانیکردنی دەمیرتاش، دەچێتەوە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبێتەوە. [1]