ناونیشانی بابەت: لە ڕۆڤیا دوو شوێنی نیشتەجێبوون و جۆرە گۆزەیەکی تەمەن 8 هەزار ساڵ دۆزرانەوە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی #کوردستان#، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات، بەپێی دوایین ئەنجامەکانی کارکردن لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە (گرێ ئاسنگەران و کانی ئەسپەهان) لە سنووری ناحیەی #ڕۆڤیا# لە پارێزگای #دهۆک#، جۆرە گۆزەیەکی تەمەن 8 هەزار ساڵ دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە #09-01-2025# وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە: بەپێی دوایین ئەنجامەکانی کارکردن لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە (گرێ ئاسنگەران و کانی ئەسپەهان) لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیا لە پارێزگای دهۆک، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و جۆرە گۆزەیەک دۆزرایەوە کە تەمەنی ئەو بۆ 7 تا 8 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، پرۆژەی هەڵکۆڵین لە شوێنەواری گرێ ئاسنگەران بە هاوبەشیی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ زانکۆی (ئۆدینە)ی ئیتاڵی جێبەجێ دەکرێت، بەپێی گرێبەستێک کار لە هەردوو شوێنەواری گرێ ئاسنگەران و کانی ئەسپەهان لە پارێزگەی دهۆکدا دەکەن.
وەزارەتی شارەوانی ڕوونیشی کردووەتەوە، شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک و زانکۆی (ئۆدینە)، دوای کارکردنیان لە پرۆژەی (کانی ئەسپەهان) جۆرە گۆزەیەک بۆ بەکارهێنان و خاوێنکردنەوەی (گەنم)یان دۆزییەوە کە تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ 8 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها لە پرۆژەی شوێنەواری (گرێ ئاسنگەران) دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە کە شێوەیان لاکێشەیین و لە کەرپووچ و لەسەر بەرزایی گردەکە دروست کراون، بەپێی توێژینەوەکان ئەو ژوورانە هی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکە بوونە.
بەپێی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی بۆ هەردوو پرۆژەکە کراون، ئەو دۆزینەوانە ئەوە دەسەلمێنن کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کشتوکاڵییەوە بۆ کۆمەڵگەی کۆمەڵایەتی، دواتر بەرەو پەرەسەندنی زیاتر و مۆدێرن و بەردەوامبوونی ژیان لە سنوورەکەدا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=