سۆران حسێن
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان وەڵامی یەکەم ئەمیندارى گشتیی حیزبوڵڵاى لوبنانی دەداتەوە و دەڵێت: ئەو قسانەی کردوویەتی بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنییانەیە.
د. عەبدوڵڵا وەیسی ئەمڕۆ پێنجشەممە، #09-01-2025#، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت: کورد بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو مافی پێشێلکراوە و لە هەر چوار پارچەی کوردستان تووشی نەهامەتیی گەورە هاتووە، کە سەرچاوە و پاڵنەری ئەو ماڵوێرانییە عەقلیەتی شۆڤێنی و تایەفەگەری و دیکتاتۆرییەت بووە.
سەرۆکی یەکێتیی زانایان دەڵێت: بە هەموو پێوەرە ئاسمانی زەوینییەکان کورد وەک سەرجەم نەتەوەکانی دیکە مافی خۆی هەیە داوای ماف بکات، درووشم و وتاری دژە کورد و وەسفکردنی بە سەری مار، تێفکرینێکی شۆڤێنیانەیە و ئاگری فیتنە و دووبەرەکی خۆش دەکات، کورد سەری مار نییە، بەڵکوو قوربانیی ژەهری مارەکانە.
سوبحى توفەیلی، یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى، #03-01-2025# لە وتارێکدا مەترسیی هەندێک لایەنی بەرانبەر بە دەسەڵاتى ئێستای سووریا بە وەهم پێناسە کرد و وتی: ڕێگەم پێبدەن بە سووریا بڵێم سەرى مارە کوردییەکەى ببڕن، ئەگەر سەرى مارە کوردییەکە ببڕدرێت، هەموو شتێک لە سووریا کۆتایی دێت، لە سوەیدا و ناوچەکانى دیکە ئەو دەنگە نەشازانە نامێنن.
یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى زیاتر لە بارەی کوردەوە قسەیکرد و وتی: هەوڵێک هەیە بۆ هاندانى بەشێک لە کورد بۆ وەستان لە دژى درووستکردنى دەوڵەتى سووری و داواى پشک و فیدراڵى دەکەن هاوشێوەى ئێراق و لوبنان، ئەوەش وێرانکردنی سووریایە و ئەوەیان دەوێت. نابێت کورد لە سووریا ببنە داردەستى زایۆنیزم و ئەمریکا.
سوبحى توفەیلی، لەنێوان ساڵانى 1989 بۆ 1991 یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى بووە و ئێستا وەکوو مەرجەعێکی باڵای شیعەکانی ئەو وڵاتە سەیر دەکرێت. [1]