ئەم کەسایەتییەی کورد لە ساڵی 1862دا لە شاری #سلێمانی# لەدایکبووە و لە شارەکەی خۆی لە حوجرەی مزگەوتەکانی دەستی بەخوێندن کردووە و ئینجا چووەتە قوتابخانەی میریی و قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە و چووەتە بەغدا و قۆناغی خوێندنی ناوەندیی بە پلەیەکی بەرز تەواوکردووە و ڕووی کردۆتە شاری ئەستەمبووڵ و لە قوتابخانەی سەربازی خوێندوویەتی و بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە و بەپلەی مولازم لە سوپای عوسمانی دامەزراوە و دوای ماوەیەک کراوە بە قوڵ ئاغاسی و بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەربازی لە بەغدا و لەو دەمەدا پەرتووکێکی زانستی بە ناونیشانی اجمالی نتائج نووسیوه، کە پوختەیەکی پتەوی زانستەکانی بیرکاری و فیزیایە، چونکە خۆی لەو دوو زانستەدا دەست باڵابووە و لە هەمان کاتیشدا لە بەڕێوەبردنی کاروباری سوپادا گەلێک لێهاتوو بووه، بۆیە پایەی سەربازی بەرزکراوەتەوە و کراوە بە قوماندانی لیوا یەک سەرباز لە سلێمانی و پلەی میر ئالای پێداروە و ئاساییشی ئەو ناوچەیەی بە چاکی دابین کردووە و لە هەمان کاتیشدا لە وێژەکانی دا گەلێک بەهرەدار و بەتوانابووه.
بۆیە مامۆستا ڕەفیق حیلمی لە بەرگی یەکەمی شیعری و ئەدەبیاتی کوردیدا لەم بارەیەوە گوتوویەتی: ئەمین فەیزی بەگ سەربازێکی زانا و وێژەزانێکی سەربازی بووه! ئەم بەهرەیەش بە دەگمەن لە کەسێکدا کۆدەبێتەوە کە زانست و وێژە و کاروباری سەربازی بە یەکەوە بگرێتەو خۆ.
ئەمین فەیزی بەگی ئەفسەر لە دەوروبەری ساڵی 1914دا، واتە بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانی لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی و ناکۆکی لەگەڵ پارتی یەکگرتن و پێشکەوتنی فەرمانڕاویدا خانەنشین کراوە و لە شاری ئەستەمبووڵ ژیاوە و بۆ ساڵی 1915دا چووەتە وڵاتی شام و لە شاری حەڵەب ماوەیەک ژیاوه.
ئەمین فەیزی بەگ ئەم پەرتووکە زانستی و وێژەیانەی خوارەوەی بە زمانی تورکی داناوه:
=KTML_Bold=1-إجمالی نتائج
2-تەفرەقەی ڕیاضیات (ئەمەیان لە تفاضل و تکامل) ەوە دەدوێت
3-هەوای نەسیمی
4-شوعاعات=KTML_End=
جگە لەم بەرهەمانەشی پەرتووکێکی لەسەر مێژووی وێژەی کوردی بەناوی ئەنجوومەنی ئەدیبان بە کوردی داناوە و لە ساڵی 1920 دا لە ئەستەمبووڵ دا چاپکراوە و نرخ و بەهای ئەم پەرتووکەی لەوەدایە کە یەکەمی پەرتووکی کوردییە لە مێژووی وێژەی و وێژەناسانی کورد و شاعیرە پێشەنگەکانەوە بدوێ.
ئەفسەری پایەبەرز و زانا و کەسایەتی ناوداری کورد ئەمین فەیزی بەگ لە 1925-02-16دا کۆچی دواییکردووە و تۆماری ژیانی ئەو ناودارەی کورد پێچراوەتەوە و چووەتە ڕیزی نەمرانی کورد و کوردستانەوه.