دامەزرێنەری یەکەمین حکومەتی کوردستان و قارەمانی شەڕی #دەربەندی بازیان#، #شێخ مەحمودی حەفید# کوڕی شێخ سەعیدی کوڕی شێخ محەمەدە بچکۆلەی کوڕی حاجی #کاک ئەحمەدی شێخ#ە.
ساڵی 1881 لە #سلێمانی# لەو بنەماڵە ئایینییە بەناوبانگە لەدایکبووە، دوای هەرەسهێنانی #میرنشینی بابان# دەسەڵاتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستانی کەوتە دەست ئەو بنەماڵەیە.
شێخ مەحمود بەمنداڵی خراوەتە بەر خوێندنو مامۆستایانی وەک عەبدوڵڵا ئەفەندی و عەبدوڵڵا #زێوەر# دەرسیان پێوتوە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/237/0013.JPG=KTML_Photo_Alt=شێخ مەحمودی حەفید=KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/237/0013.JPG=KTML_Photo_End=
هێشتا منداڵ بووە کە لەگەڵ باوکیدا سەردانی ئەستەمبوڵی کردووە و لەوێ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پێشوازی لێکردوون.
ساڵی 1908 بەپیلانی تاقمی ئیتیحاد و تەرەقی لە شاری موسڵ شێخ سەعیدی باوکی و شێخ ئەحمەدی برای شەهیدکران و ئیتر ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری بنەماڵەکە دەکەوێتە ئەستۆی شێخ مەحمود کە لەو کارەساتەدا زۆر بەزەحمەت ڕزگاری ببوو.
شێخ مەحمودی حەفید وەک شەخسییەتێکی موسڵمان، ساڵی 1915 بەشدارییەکی کاریگەریی کرد لە شەڕەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا دژ بە ئینگلیز لە ناوچەکانی کوت و شوعەیبە، بەخۆی و چەند سەد سوارێکی کوردەوە بەرگرییەکی قارەمانانەیان نواند.
ساڵی 1918 کاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست.
لە 18-06-1919 دا ئینگلیز بە تۆپو فڕۆکە و هێزێکی گەورەی بێشوومارەوە بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ فرایزەر لە دەربەندی بازیان پەلاماری هێزەکانی شێخ مەحمودی دا.
لەو شەڕەدا هێزەکانی شێخ مەحمود قارەمانێتییەکی زۆریان نواند و قوربانییەکی گەورەیان بەخشی، بەڵام ئاکامی شەڕەکە بە سەرکەوتنی هێزەکانی ئینگلیز کۆتاییهات.
شێخ مەحمود بەبرینداری لەپاڵ بەردەقارەماندا دەستگیرکرا و لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵدا بڕیاری لەسێدارەدانی درا، بەڵام لەژێر گوشاری ڕای گشتی داو لە ترسی بەرپابوونی شۆڕشێکی گەورەی کورد، ئەو حوکمە گۆڕا بە حوکمی دە ساڵ زیندانی و شێخ مەحمودیان دوور خستەوە بۆ هیندستان.
دوورخستنەوەی شێخ مەحمود بۆ ماوەی سێ ساڵ بارودۆخی کوردستان و ناوچەکەی ئاڵۆزتر کرد، بۆیە ساڵی 1922 ڕێیپێدرا بگەڕێتەوە کوردستان و هەر هەمان ساڵ شێخی نەمر لە سلێمانی حکومەتی کوردستانی دامەزراند و هەموو تواناکانی خۆی تەرخانکرد بۆ پتەوکردنی ئەو حکومەتە، بەڵام سیاسەتی ئەو سەردەمەی گەورە هێزەکانی دنیا دژی ئامانجەکانی گەلی کورد بوون و ئینگلیز بەتەواوی پشتگیریی لە دەوڵەتی تازە دامەزراوی ئێراق دەکرد و لەشکرکێشییان دەکردە سەر کوردستان.
شێخ مەحمودی حەفید ماوەی چەند ساڵێک شەڕی پارتیزانی درێژە پێداو دوا جار لە ئاکامی گەلە کۆمەکێی هێزە ناوچەییەکان و هێزە گەورەکانی جیهان، شێخ مەحمود ساڵی 1926 دەستی لە چالاکی سیاسی و سەربازی هەڵگرت و لە گوندی پیران دانیشت.
بەڵام کە ڕاپەڕینەکەی خەڵکی شاری سلێمانی لە ڕۆژی شەشی ئەیلولی ساڵی 1930 خڵتانی خوێن کرا، شێخ مەحمود دەستیدایەوە چالاکی دژ بەهێزی ئینگلیزو هێزی حکومەتی ئەو سەردەمەی ئێراق و چەند نەبەردێکی تۆمار کرد، لەوانە شەڕی #ئاوباریک# و شەڕی کەناروێ و شەڕی سوورداش. بەڵام پارسەنگی هێزە سەربازیی و سیاسییەکانی ئەو سەردەمە لەبەرژەوەندی کورد دا نەبوون، بۆیە شێخ مەحمود لە ساڵی 1931دا کەوتە دەست دوژمنانی کورد و بە دەستبەسەری لە بەغدا و ناوچەکانی تری ئێراقدا خرایە ژێر چاودێرییەوە. بەڵام لەبەر ناهاوکوفی لەچەک و تەقەمەنی و هێزی شەڕکەر بۆیە شێخی نەمر ناچاربوو لە ڕۆژی 1931.05.13دا خۆی بەدەستەوەبدات، پاشان دورخرایەوە بۆ بەغدا و سەماوە و لە دواییدا بۆ ناسریه، دواتر گەڕێنرایەوە بۆ بەغدا، تاکوو لە ساڵی 1941دا لەکاتی شەڕەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لە دژی بریتانیا خۆی لە ژیانی دەستبەسەری لە بەغدا ڕزگارکرد و گەڕایەوە کوردستان و چوو لە گوندی داری کەلی دانیشت.
ئەم گەورە پیاوەی کورد جگە لەوەی کە جێپەنجەی بەسەر هەموو ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی کوردستان و ئێراقەوە هەیە، شەخسییەتێکی کۆمەڵایەتی گەورەش بوو. خوێندەوارێکی بەسەلیقە و شاعیرێکی بەهرەداریش بوو. پێکهاتە و حکومەت و دەزگا ئیدارییەکانی تری شێخ مەحمود نیشانەی ئەوەن کە ئەم پیاوە هەڵکەوتووە بایەخیداوە بە خەڵکی ڕۆشنبیر و زۆربەی ئەفسەر و شاعیر و ڕۆشنبیرانی کورد پەیوەندییان بە شۆڕش و حکومەتەکەیەوە کردووە.
شێخی نەمر لە خەباتی پارتیزانیشدا ڕۆڵی خوێندەوار و ڕۆشنبیری بەرز نرخاندووە، بۆیە چاپخانەکەی ڕۆژنامەی (#بانگی کوردستان#) ی لە ئەشکەوتی #جاسەنه#-دا جێگیر کرد.
بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان و ناوچەکە ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەبێت کە لە ڕووی ئیداریی و سەربازیی و دیپلۆماسییەوە شێخ مەحمودی نەمر هیچی کەمتر نەبووە لەو پاشا و ئەمیرانەی کە لەدەورو پشتی کوردستاندا پشتگیرییان لێکراوە.
مەلیکی کوردستان شێخ مەحمود ڕۆژی 1956-10-09دا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدا کۆچیدوایی کرد و تەرمی پیرۆزی بەڕیزێکی زۆرەوە لەناو ئاپۆڕەی خەڵکانی دڵسوزی شێخی نەمر و کورد و کوردستان لە تەنیشت گۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ لە #مزگەوتی گەورە#ی سلێمانی بەخاک سپێردرا.
ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمەکەی و بەخاک سپاردنی بوونە پریشکی هەڵگیرسانەوەی ڕاپەڕین و خۆپیشاندان لە کوردستاندا.
کۆچیدوایی شێخ مەحمودی حەفید زیانێکی گەورەی بە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی خەڵکی کوردستان گەیاند، بۆیە زوربەی شاعیران و نووسەرانی کورد هۆنراوە و بەرهەمیان بۆ نووسیوە.[1]