مەلا خدر عەباسی (1934 - 1997) ڕێبەر و دامەزرێنەری ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران.
لە مانگی نۆڤەمبەری 1934 (خەزەڵوەری 1313 ک.ه) لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە گوندی #سیسێر#ی ناوچەی گەورکی #سەردەشت# هاتۆتە دنیاوە. سەرەڕای دەست کوورتی بنەماڵەکەشیان و لە کاتێکدا هێشتا تەمەنی لە 5 ساڵ تێ پەڕی نەکردبوو، باوکی لە مزگەوتی دێ لەلای مامۆستای گوند نایەبەر خوێندن. ئەو زۆر زوو قۆناغەکانی فەقێ یەتی بڕین و پلە بە پلە ڕادەی زانست و ئاستی تێگەیشتنی دەچووە سەر. بۆ زیاتر کۆکردنەوە زانستەکان زۆر لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران و باشووری کوردستان گەڕاوەو وەک پیشەی فەقێ یەتی و باوی مەلایەتی هەمیشە بەدوای مامۆستا ناسراو و زانا گەورەکانی کوردستاندا گەڕاوە تا لە خزمەت ئەواندا درێژە بە خوێندن بدا. هەر بۆ ئەو مەبەستە ساڵی 1334 (1955) دەچێتە خزمەت زانای ناودار مامۆستا مەلا محەمەد #بۆکان#ی (مەلا محەمەد ڕەئیس) کە لە گوندی (#گەڵاڵە#) ی شینکایەتی #شاباژێڕ#ی باشووری کوردستان مامۆستا بوو.
لەوێ دوایین دەرسەکانی فەقێ یەتی دەخوێنێ و پایزی 1335 (1956) لەوێ ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ، پاشان دەگەڕێتەوە ناوچەی سەردەشت و ماڵ پێکەوە دەنێ و لە گوندی (#سارتکێ#) ی ناوچەی گەورک دەبێتە مامۆستا و فەقێ ی لە دەور کۆدەبنەوە و دەست بە وانەوتنەوە دەکا.
لە مزگەوت و حوجرە و منارەکانەوە جەماوەر بە گشتی و فەقێ و قوتابییەکانی بەتایبەتی لە ستەم و زۆریی ڕژیمی شایەتی وریا دەکردەوە بە جۆرێک کە بە یەکێک لە کەسایەتییە بەرچاوەکانی کوردستان، لە پەیوەندی لەگەڵ دژایەتی کردنی ڕژیمی شا و ڕوون کردنەوەی ڕاستییەکان بۆ خەڵک دا، ناسرابوو. زۆری پێ نەچوو لە 10 ی خەزەڵوەری 1338 (1959) دا بە تاوانی دژایەتی کردنی ڕژیم و هاندان و ئامادەکردنی خەڵک بۆ ناڕەزایەتی نیشاندان لە دژی دەسەڵاتی شا، لەلایەن ساواک (دەزگای ئەمنییەتی ڕژیمی شا) ەوە گیرا و ڕەوانەی زیندانە بەسام و ترسناکەکانی قزل قەلعە و قەسری قاجار لە تاران کرا. پاش چەند مانگ مامۆستا خدر حوکمی 10 ساڵ زیندانی بەسەردا درا بەڵام ڕوودانی چەند گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا و لە هەمووان گرنگتر هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لە باشووری کوردستان دا وایان کرد ڕژیمی شا چاو بەسەر حوکمی گیراوە سیاسییەکاندا بگێڕێتەوەو لە ئەنجامدا ڕۆژی 23ی خاکەلێوەی 1341 (#12-04-1962#) مامۆستا لە گرتووخانە ئازادکرا. لە ڕاپەڕینی ساڵانی 46-47 دا کە تێیدا پۆلێک ڕۆڵەی کورد ئاڵای دژایەتی ڕژیمی شایان هەڵکرد مەلاخدر لە ڕێنوێنی کردن و پارێزگاری کردنی ئەو لاوانەلاری نەکرد بەتایبەتی کە ژمارەیەکی بەرچاویان خەڵکی ئەو ناوچە و دەوروبەرەبوون کە مامۆستای لێ بوو. هاوینی 1347 (1968) ڕژیم پەلاماری گرتنی نەیارانی خۆی دەستپێکردەوە و لەو نێوەشدا مەلاخدر لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانە بوو کە ڕژیم بە نیازی گرتنیان بوو، بۆیە مامۆستا لە دەرفەت کەڵکی وەرگرت و خۆی گەیاندە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی ئەیلوول و لە گوندی (#بۆسکێن#) ی ناوچەی پشدەر بوو بە مامۆستا. لە زستانی هەمان ساڵدا و کاتێک کەشوهەوای سیاسی ئێران کەمێک لەبار بووەوە گەڕایەوە گوندی سارتکێ و سەرلەنوێ لە کاری پێشووی تێ هەڵچووەوە.
دوای سەرکەوتنی شۆڕش و ڕووخانی ڕژیمی شا ش لە ڕاپەڕینی ئێران ساڵی 1357 (1979) مامۆستا وەک سەرکردەیەکی کورد و نوێنەری ناوچەی سەردەشت لە چەندین کۆبوونەوەی وتووێژ لەگەڵ ڕژیمی تازەدا ئامادە بوو. لە یەکەم کۆبوونەوەی نوێنەرانی کورد لە #مەهاباد# و لە کۆبوونەوەی ڕێبەرانی ئایینی خەڵکی کوردستان بۆ داڕشتنی بەیاننامەی سێ ماددەیی لە شاری #سەقز# و هەروەها لە یەکەم کۆبوونەوەی دوای شەڕی سێ مانگەدا مامۆستا چالاکانە بەشداربوو. سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی موسڵمانی ئێران و دامەزرانی حکومەتێکی ئیسلامی کە لەژێر سایەی دا گەلی موسڵمانی کوردیش بە هەموو مافە ڕەواکانی خۆی بگا لە ئاواتەکانی مامۆستا خدر بوون.
دوای داسەپاندنی شەڕ لەلایەن ڕژیمی تازەوە مامۆستا بۆ ماوەیەک لە دەفتەری #شێخ عزەددین حسێنی# دا کاری کرد بەڵام کاتێک بۆی ڕوون بووەوە کە ویستەکانی ئەو و ڕێبازی (شێخ) بە یەک ناخۆن لەگەڵ پۆلێک مامۆستا و زانای تر وەلایان ناو پاش لێکدانەوەیەکی ورد و هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر و هەمەلایەن لە5ی خەرمانانی 1359 (#27-08-1980#) دا ڕێکخراوێکی سیاسی کوردیان بەناوی ڕێکخراوی خەبات ی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران خەبات کە خاوەنی بەرنامە و چارەسەری ئیسلامیی بۆ کێشەی کورد بوو دامەزراند. لە 3ی جۆزەردانی 1366 (#24-05-1987#) و دوای وەلانانی کۆمەڵێک لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی خەبات، مامۆستا مەلا خدر کرا بە بەرپرسی یەکەمی ڕێکخراوی خەبات، ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران.
مامۆستا خدر نووسەر و شاعیرێک بوو کە سەدان وتار و زنجیرە وتاری گەورە و گچکە و لێکۆڵینەوە و هۆنراوەی نووسیوە و لە ڕادێو و بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی خەبات، ی شۆڕشگێڕ وەک گۆڤارەکانی تێکۆشان و بێستان و زۆر جێگەی تردا بڵاو کردووەتەوە. سەرەتای ساڵی 1375
(1996 ز) نیشانەکانی نەخۆشییەکی کوشندە لە جەستەی مامۆستادا سەریان هەڵدا. سەرەتای بەهاری 1376 (1997) بۆ ڕاپەڕاندنی هەندێک کاروباری سیاسی و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی سەردانی ئەوروپای کرد و پاش چەند مانگێک بەرەو کوردستان گەڕایەوە، لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا بوو کە هەواڵی شەهیدکرانی کوڕێکی بە ناوی خالید عەباسی ڕۆژی 16-03-1376 (#06-06-1997#) بەدەستی ڕژیمی ئێران لە شاری #سلێمانی#، پێ گەیشت. کۆتایی هاوینی هەمان ساڵ بە مەبەستی چارەسەرکردن سەفەرێکی تری ئەوروپای کرد. سەرەنجام ڕۆژی 13-09-1376 (#04-11-1997#) لە ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد چەند ڕۆژ دواترلە ڕێوڕەسمێکدا لە گۆڕستانی ئەو شارە بەخاک سپێردرا.[1]