ناوی بەکری کوڕی عەبدولکەریم ئاغای کوڕی عەبدولواحیدی حەوێزییە، مانگی 9ی ساڵی 1914 لە شاری #کۆیە# لە بنەماڵەیەکی ناودار و نیشتمانپەروەر لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی هەر لەوێ تەواوکردووە و ناوەندی و ئامادەیی لە بەغدا خوێندووە. پاشان چووەتە قوتابخانەی سەربازی و ساڵی 1936 بە پلەی (مولازم ثانی) دامەزراوە و دواتر شەش مانگ لە خولی مەدفەعییە خوێندویەتی.
بەکر ئاغا کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا بە ڕەئیس بەکر (نەقیب بەکر) ناوی دەرکردووە، هەر لە منداڵییەوە هەستی نیشتمانپەروەری بەرزی هەبووە و ئەو سەردەمەش کە خوێندکار بووە لە بەغدا لە زۆر چالاکی سیاسیدا بەشداریکردووە و دواتر پەیوەندیکردووە بە حزبی هیوا-وە. کە شۆڕشی بارزانیش دەستی پێ کرد ڕەئیس بەکر لە ڕێی حزبی هیواوەو بە فەرمانی ئەو حزبە کۆمەکی ماددی زۆری بۆ دابینکردووە. لەناوەڕاستی چلەکانیشدا کە کۆماری #مەهاباد# دامەزرا، ڕەئیس بەکر پەیوەندی پێوە کرد و ڕۆڵێکیگەورەی بینی لە دامەزراندنی لەشکری ئەو کۆمارەدا کە دژی حکومەتی کۆنەپەرستی شای ئێران پێکهێنرا بوو.
ئەم تێکۆشەرە خاوەن هەڵوێستە، هاوڕێی شەهیدان #مستەفا خۆشناو# و #محەمەد قودسی# و عیززەت عەبدولعەزیز و ئەفسەرە کوردپەروەرەکانی تر، پاش نەمانی کۆماری مەهاباد، خۆی نەدابەدەستەوە و لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی کوردستاندا ماوەیەکی زۆر بەرگریی کرد. خوالێخۆشبوو بەکر ئاغای حەوێزی تا دوا هەناسەی ژیانی لە سەنگەری میللەتدا بووە و ڕۆژی 13ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1999 لە #سلێمانی# بۆ ئەبەدی چاوی لێکنا.