ناوی محەمەد سڵێمانە، کوڕی حاجی سەیید مەحمودە.
ساڵی 1778ی زایینی لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی هەورامان لە (خانەگا) لە دایک بووە. بە منداڵی لای زوربەی مەلاکانی ناوچەی هەورامان خوێندویەتی و بۆ تەواوکردنی خوێندن زوربەی ناوچەکانی کوردستان گەڕاوە.
نازناوی ئەم شاعیرە بەهرەمەندە لە (صەید)ی عەرەبییەوە هاتووە.
ماوەیەکی زۆر لای مەلا جەلالی خورماڵی ماوەتەوە و هەر ئەویش ئیجازەی مەلایەتی پێ بەخشیوە.
دواتر گەڕاوەتەوە ناوچەی خۆی و بە وانە وتنەوە و ئیش و کاری جوتیارییەوە ژیانی بەسەر بردووە.
لە زۆر ناوچەی کوردستانەوە بۆ دەرس خوێندن ڕوویان کردۆتە ئەم مامۆستا بەتوانایە.
یەکێک لە قوتابییەکانی سەییدی هەورامی شێخ عوسمانی سەراجەدینی بوو، کە دواتر سەییدی هەورامی بووە بە خەلیفەی.
سەییدی هەورامی شاعیرێکی ناوداری کوردە و گرنگییەکەی لەوەدایە کە بەهەردوو شێوەی هەورامی (هەورامی نوێ و هەورامی کۆن (ئاڤێستا) شیعری وتووە.
بەشی زۆری شیعرەکانی باسی جوانی سرووشتی کوردستان و دڵداری ئەکەن. لە زمانی فارسی و عەرەبیشدا دەستێکی باڵای هەبووە و بە هەردوو زمانەکە شیعری وتووە.
ئەم شاعیرە گەورەیە ساڵی 1846 کۆچی دوایی کرد و لە گوندی (رەزاوە)ی ناوچەی هەورامان بە خاک سپێردراوە. [1]