ئەم گوندە دەکەوێتە سەر ناحییەی گەرمک و سەربە شارۆچکەی پێنجوێن، نزیکەی 28 کیلۆمەتر لەناو شاری پێنجوێنەوە دوورە و ڕووبەرێکی کەمی دەشتی هەیە و بە شاخی (زەنگی) و (کانی بەڕۆژ) دەورە دراوە. ئەم گوندە پێش داگیران نزیکەی 12 ماڵی تێدا نیشتەجێ بووە و ئێستا نزیکەی 25 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتووانی 172 کەسە و ژیانیان بە گشتی لەسەر بەخێو کردنی ئاژەڵ و چاندنی دانەوێڵەی وەک (گەنم و جۆو نۆک) ە و لەبەر وشکی و کەمی ئاو لەو گوندەدا بەروبوومی هاوینە و بەراویان نییە، هەروەها هەندێک خێزان بەهۆی نزیکی گوندەکە لە مەرزی سەیران بەنەوە خەریکی کاری مەرزین. ئەم گوندە دەورێکی زۆر گرنگی بینیوە لە ڕووی یارمەتیی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەمیشە لە خزمەتی کوردایەتی دا بوون هەر بۆیە لە ساڵی 1978 لەلایەن ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕەوە ڕوخێنراوە، لە ساڵی 1991 واتە پاش ڕاپەڕین ئاوەدان کراوەتەوە. لەڕووی خوێندنەوە لە ساڵی 1998 ەوە خوێندنگەی تێدا کراوەتەوە کە کابینەیەو تا شەشی سەرەتایی تێدایە و دوو گوندی دەوروبەریشی سوودی لێدەبینن.[1]