خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری کۆیە تەواو کردووە، لە ساڵی 1979 بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی موسڵ هێناوەتەوە. ماجستەری لەسەر سەرچاوەکانی ئاو لە زانکۆی (سیتی) لە لەندەن و ماجستەری لە سیستمی خوێندن لە بەریتانیا، لە زانکۆی گرینچ تەواو کردووە و ئێستا لە دوا قۆناغی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانکۆی ئێگزیتەر لەسەر هەستی نەتەوایەتی لە ناو کورد.
لە ساڵی 1976وە پەیوەندی بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووەو، دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، بۆتە پێشمەرگەو بۆ ماوەی یازدە ساڵ پێشمەرگە بووە، دوا کاری لە پێشمەرگایەتیدا ئەندامی دەزگای ناوەندی ڕێکخستنی کۆمەڵە بووە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تریدا سەرپەرشتی ڕێکخستنەوەی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی لە دوای ئەنفال لە ناو شارەکان کردوەو بەشدار بووە لە دروستکردنی مەفرەزە چەکدارەکانی (سرک) لە پێش ڕاپەڕینی 1991.
بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ)، لە ئەمریکا، وەک لێکۆڵەرەوە لەسەر بەڵگەنامە گیراوەکانی عێراق کاری کردووە.
سێ کتێبی نوسیوەو بڵاوی کردۆتەوە، کە ئەمانەن 1. کتێبێک بە ئینگلیزی لەژێر ناوی لەناوبردنی گەلێک، 2. ئەنفال – کوردو دەوڵەتی عێراق، 3. تەعریبی #کەرکووک# – سیاسەتی تەعریب لە دوو توێی هەشتا بەڵگەنامەدا. هەروەها بەشداری کردووە لە نوسینی دوو کتێبی ئینگلیزی تردا بە ناوەکانی 1. جێنۆساید لە عێراق، 2. سەرهەڵدانی هەستی نەتەوایەتی کورد.
دەیان بابەتی لەسەر دۆزی کورد، کەرکووک، ئەنفال، ستراتیج، هەستی نەتەوایەتی، کاری ڕیکخراوەیی لە ڕۆژنامەو گۆڤارە کوردییەکانی وەک هاوڵاتی، ڕۆژنامە، ئاسۆ، مەڵبەند، بڵاوکردۆتەوە.
وەک شارەزایەک لە بواری کوردو عێراقدا، چەندین بابەت و ڕیپۆرتی بۆ ژمارەیەک دەزگای ئەکادیمی و حکومی لە ئەورپاو ئەمریکای باکوور ئامادە کردووەو لە چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەسەر مافی مرۆڤ و دۆزی کورد، لە ئەمریکاو ئەوروپاو یابان بەشداری کردووە. یەکێک لە شایەدەکانی دادگای هۆڵەندا بوو لە دژی ڤان ئان ڕات، لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد.
ئێستا بە نیوە کات لێکۆڵەرەوەیە لە زانکۆی ئێگزیتەرو مامۆستایە لە کۆلێژی ئەندازیاری لە لەندەن.
کاندیدی لیسی گۆڕانە لە شاری #هەولێر# بۆ هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێڕاق لە 2010دا.