هونەرمەند شەهلا نامق لە ڕۆژی (25/6)ی سەرەتای وەرزی هاوینی ساڵی1977، لە گەڕەکی #سابوونکەران#ی شاری #سلێمانی# لەدایکبووە. دەرچوی بەشی وێنەکێشانی ساڵی 1997-1998ی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە. دوای چەند ساڵێک لە کاری مامۆستایی. دیسان گەڕاوەتەوە بۆ دونیا جوانەکەی وێنەکێشان، و بۆ خوێندنی باڵا بووەتەوە قوتابی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی #زانکۆی سەڵاحەدین#. لە شاری #هەولێر#، بەداخەوە لە قۆناغی سێیەمی کۆلێژدا بوو، ئەم گوڵە زەرد و سوورە جوانەی نەورۆز، دوورۆژ پێش هاتنی نەورۆز، لە کاتژمێر 38-5 خولەکی تاریکولێلی ڕۆژی چوارشەمەی 18-03-2009 ڕوحە پاک و بێگەردەکەی فری و بە جێی هێشتین و سەیوانی کردە بە دوا مەنزڵگەی خۆی و دارئەرخەوانێکی کردە سابات. ئەوەی جێگەی داخە، نەورۆز بۆ هونەرمەند، جوانترین و پر بەرهەمترین ڕۆژی ژیانی بوو. بەڵام پێش چرۆکردنی ئەو هیوایه، کە بە پەرۆشەوەچاوەڕوانی بوو، گەڵای تەمەنی وەریو، ئەو هیوایەی بردەوە بۆ لای ڕۆحی بەرزەفری #پیرەمێرد#.
ئەو بەهرەمەندە لە بوارەکانی (کەلە پوور، ڕۆژنامەوانی و کاری وێنەکێشان و وەرگێڕان)دا، شوێندەستی دیارە و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. جگە لەمانە، سکرتێری کۆمەڵەی کە لە پوور و فۆلکلۆری کورد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (کەلە پووری کورد)و (ساڵنامەی گری نەورۆز)بووە، و ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان و ئەندام و (پسپۆڕی شێوەکاری)بوو لە گرووپی (هاوکار گرووپ)لە شاری هەولێر.
بەدەر لەکارەکانی مۆتیڤ و دیزاینی بەرگی گۆڤار و دیوان و نامیلکە شعری شاعیران، ئاهەنگگێری بەڕێوەبردنی بۆنە و یادەکانی (کۆمەڵەی کەلەپوور)و ئاهەنگسازی یادەکردنەوەی چەژنی نەورۆز بووە. هەروەها لەگەڵ نووسەری ئەم باسەدا، بەرنامەی (وردیلە)، کە بەرنامەیەکی هەمەجۆری هەمەرەنگی فۆلکلۆریی بوو بۆ ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان ئامادهکردووە و هونەرمەند (شەهلا نامق)یش پێشکەشی دەکرد. لەگەڵ ئەوانەدا بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی و تایبەتیی کردووە:
$پێشانگە هاوبەشەکانی$
پێشانگەی هێلکاری پەیمانگە.1994
پێشانگەی هاوبەشی خوێنکاران.1995
پێشانگەی شێوەکاری فۆلکلۆری.کۆمەڵەی کە لە پوور.1997
چوارەمین فیستڤاڵی خانمان 1998
پێشانگەی (فرمێسکە ڕەنگاڵەییەکانی شەم) 1998
پێنجەمین فیستڤاڵی خانمان 1999
فیستڤاڵی شێوەکارانی لاوان 1999
کەرنەڤاڵی ڕۆژی جیهانی منداڵان1999
تریفەی چراوگەکانی نەورۆز2000
فیستڤاڵی (با منداڵان ئاسوودە بن)2000
فیستڤاڵی ڕۆژی جیهانی منداڵان 2001
کاری دیکۆری (ئۆپەرێتی سرووشت)2001
فیستڤاڵی ساڵانە (گوێ لە منداڵان بگرن)2002
پێشانگەی شێوەکاری فۆلکلۆری یادی (12)ساڵی دامەزراندنی کۆمەڵەی کەلەپوور لە هۆڵی مۆزەخانەی شاری سلێمانی2003
کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆ2007
ناوەندی داهێنان و هاوکار گرووپ فیستڤاڵی یەکەمی هونەری شێوەکاری لاوان2008
دووەمین پێشانگەی تایبەتیی هاوکارگرووپ بە هاوکاری سەنتەری گارە، هەولێر2008
$پێشانگە تایبەتییەکان$
هۆڵی داود بەگی جاف2005
هۆڵی سەنتەری چالاکی گەنجانی #دەربەندیخان#2005
هۆڵی کتێبخانەی گشتی #کەلار#2005
هۆڵی چالاکی گەنجانی #خانەقین#2005
یەکێتی ئافرەتانی ئێراق-هۆڵی سەنتەری چالاکی گەنجانی سلێمانی لە ساڵیادی 8ی مارس دا2006
ڕۆژی 18-03-2009 بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.