لەزمانی خۆیەوە:
لە ساڵی 1953 لە شارۆچکەی قادرکەرەم سەربەشاری #کەرکووک# لە ناوچەی #گەرمیان# لە دایک بووە.
لە ساڵی 1971 تاکوو 1975 پێشمەرگە بووە لە هێزی کەرکووک لە بەتالیۆنی 1 ی دووز، بەشداریی زۆربەی شەڕەکانی دژ بە ڕژێمی بەعس لە ناوچەی گەرمیان کردووە.
خوێندنی سەرەتایی لە قادرکەرەم و، ناوەندیی و ئامادەیی لە کەرکووک و، پەیمانگەی (تەل و بێتەلی) لە بەغدا تەواوکردووە.
پاشان ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان International Relations بە پلەی (نایاب) بە دەست هێناوە، هەروها چەندین بڕوانامەی دیکەی لە بوارەکانی (خزمەتگوزاریی و فریاکەوتن و ئاساییشی خۆراک و لۆجستیی و گەشەپێدانی ژێرخان و یاساکانی کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوی UN وچەندین بڕوانامەی دیکەی پێوەندار بە کاری یارمەتیی مرۆڤیی) لەرێکخراوی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرتووە.
لە ساڵی 1991 ەوە لەگەڵ UN و هێزی ئاشتی پارێزیی وەک کارمەندێکی نێودەوڵەتی کاردەکات و لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریکا لە زۆربەی وڵاتان کاری کردووە و ئێستا بە پلەی بەڕێوەبەر لە وڵاتی کۆنگۆی دیموکرات (زائیری پێشوو) بەردەوامە لە کارکردن.
بێجگە لە زمانی دایک (کوردیی) ، زمانی ئینگلیزیی و عارەبی و تورکی و فارسی و هیندی و سواحیلی دەزانێت.
لە ساڵی 1979 دەستی بە نووسین کردووە و زۆربەی نووسینەکانی لە گۆڤارەکانی (بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و ڕۆژنامەی هاوکاریی) ئەو کاتە بڵاوکراوەتەوە.
ساڵی 1998 دیوانێکی هۆنراوەی بە ناونیشانی (ژریژەی شەپۆلەکانی ڕۆخانە) لە کوردستان بڵاوکراوەتەوە و تا ئێستاش لە نووسین بەردەوامە، بە دەیان وتاری لە ماڵپەڕەکان و بڵاوکراوەکانی کوردستان بەرچاو دەکەون..
لە 1970 تا 1994 لە چەندین شانۆگەریی وەک ئەکتەر بەشداریی کردووە.
ئەندام بووە لە:
یەکێتی نووسەران-لقی کەرکووک
یەکێتی هونەرمەندانی یەکگرتوو-بەشی شانۆ
کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کورد-لقی کەرکووک
خێزاندارە و و پێنج کوڕ و دوو کچی هەیە (ئارام، هەردی، هەتاو، دیار، ئاری، هێدی، و شایان)
لە وڵاتی ئوسترالیا دەژیت و لەویش بەشداریی هەموو چالاکییەکانی کۆمەڵەی کوردی بە پێی دەرفەت دەکات.
ئێستا خەریکی نووسینەوەی یادەوەریەکانێتی لەگەڵ UN و بە نیازە لە دووتوێی پەرتووکێکدا بیخاتە بەردەستی خوێنەری کورد بە ناونیشانی ئەزموونی پێشمەرگەیەک لەگەڵ UN و هێزی ئاشتی پارێزدا، چەندین بەسەرهاتی سەیر و سەمەرە لە خۆ دەگرێت و بە وێنەی ڕووداوەکان ڕازاوەتەوە و باسێکی تێروتەسەلە لەسەر داب و نەریتی ئەو وڵاتانەی کاری تێدا کردون وەک وڵاتانی ئاسیاو ئەفریکا.