نووسەرێکی دیار، مرۆڤێکی بوێرو خاوەن هەڵوێست و هەقبێژ، خەباتکارێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرێکی کورد ویست، ڕۆڵەیەکی بەئاگا و ماندووی ڕێگای خەبات و ژیان، مێژوونووسێکی کارامەو قەڵەمێکی بەتوانستی هەڵسەنگاندن و ساغکردنەوەی بەڵگەی مێژوویی، کەسایەتییەکی ڕاستگۆو قسە لەڕوو، خاوەنی چەندین بابەت و پەرتووک و لێکۆڵینەوەی دانسقە، لە تەمەنی (82) ساڵیداو لە شاری لەندەن کۆچی دوایی کرد و چووە ژیانی جاویدانییەوە.
خوالێخۆشبوو (محەمەد ڕەسوڵ هاوار) لەهەڵبەستو چیرۆک و وتارو بابەتی ڕەخنەیی و گۆشەی تایبەتیی و کاری ڕۆژنامەنووسی و بواری مێژووی هاوچەرخی کوردیدا بەرهەمێکی زۆری هەیە، ئەم بابەتانەیش بەری ڕەنج و ماندووبوونی (64) ساڵی نووسینە، ئێمەش لە ساڵیادی ئەم مرۆڤە مەزن و شایستەیەدا دەمانەوێت کە بە نووکە قەڵەمێکی درشت چەند دێڕێک سەبارەت بەکار و ڕەوت و بوارەکانی نووسینی بخەینە بەر چاو لە هەرگوڵەی بۆنێک بکەین.
یەکەم بەرهەمی بڵاوکراوەی هاوار دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی هەژدە ساڵی، بابەتەکەیش بریتییە لەپارچە هەڵبەستێک بە ناونیشانی (وێنەی کوردستان) و ساڵی (1942) لە گۆڤاری ( #گەلاوێژ# )دا بڵاوکراوەتەوە، لەو ساڵەوە هەتا دوا ساڵەکانی ژیانی دەستبەرداری هەڵبەست نەبوو، لەکات و سات و بۆنەی تایبەت و وروژاندنی هەست و دەووندا هەڵبەستی وتوە، یەکەم دیوانی بەناوی (یادی بادینان) لەدوو توێی (112) لاپەڕەداو ساڵی (1959) لەچاپخانەی ژینی #سلێمانی# بەچاپی گەیاندووە، کە بریتییە لەو هەڵبەستانەی کە لە سەرەتاوە تا دەوروبەری شۆڕشی چواردەی تەمموزی (1958) وتوونی و زۆریشیان لە گۆڤاری (گەلاوێژ) و ڕۆژنامەی (#ژین# )و (#هەتاو# ) و ( #هیوا#) دا بڵاوکراوەنەتەوە، دواتریش لە دەرەوەی وڵات چەندین کۆمەڵە هەڵبەستی چاپکردووە.
هەڵبەستەکانی هاوار هەر لە سەرەتاوە پابەند بوون بەبەرەی میللەت، هەندێکیشیان دەچنە خانەی ڕۆمانسیزمەوە، بەڵام ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانە بەسەر زۆرینەی بابەتەکاندا زاڵە، ناڵەی لێقەوماو و نرکەی جوتیارو کزۆڵەیی هەژار و جۆشی کوردایەتییەکی ڕاستەقینەو دەنگی دڵیری ئازادیخوازان و بەگژداچوونەوەی نەیارانی نەتەوە و نەفرەتلێکردنی بەکرێگیراوان و زۆری تریش بوونەتە کەرەستەو ناوەرۆکی هەڵبەستەکانی هاوارو بەردەوامیش چاوی بڕیبووە ئاسۆی سەرفرازی و بەگەشبینییەوە دەیڕوانییە ژیان:
سەد پەڵە هەوری تاریکو چڵکن
ناتوانێت بەری ڕۆژ بگرێت لەمن
قەت ڕۆژ ون نابێت و ناشارێتەوە
هەرهەورە ئەڕواو ئەڕەوێتەوە
لە دوای شۆِرشی چواردەی تەموزی ساڵی (1958) بەدواوە، مامۆستا هاوارم ناسیوە و تێکەوڵاویم لەگەڵیدابووە و لە سەرجەم کار و بەرهەمەکانی ئاگادارم، لەو کاتەوە هاوارم بەرووناکبیرێکی بوێرو ڕاستگۆو هەقبێژ زانیوە، لەبەر خاتری هیچ دەستە و تاقمێکی تایبەتیی چاوی لە هەڵە و گزیکردن و لەرێ لادان نەپۆشیوە، لە سەرەتاوە تابنەتای ژیانی پیایداندا هەڵشاخاوەو بەهەڵبەستو نووسین سەرزەنشتی کردوون، یان بەواتایەکی تر (گرنگی مێژوویی و دەوری شۆڕشگێڕانەی مامۆستا هاوار لەوەدایە کەنووسین و هەڵبەستەکانی تەنیا لەئاستی هەست و دەربڕیندا نەگیرساونەتەوە، بەڵکوو هەڵبەستەکان و وشەکان داگیرساون و کڵپەیان سەندووە، بوونە هەڵوێستی سیاسی شۆڕشگێڕانەو ڕەخنەگرانە، هەستی بێ هەڵوێست وەک ئاوێنەیەکی ساردوسڕ وایە، دەتوانێت دنیا عەکس بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت کاری تێکاو بیگۆڕێ)و لەمەوە تێدەگەین کە (نووسەر و شاعیری بێ هەڵوێست لەپەراوێزی مێژوودا دەژین، بەرهەم و هونەرەکەیان هەرچەندە بەرز بی َ، لەشیکردنەوەی دواییدا خزمەتی دەسەڵاتی باوو گەمەی سیاسەت لەسەر حیسابی ڕەوشت و ویژدان و بەرژەوەندی گەل دەکات، تەنیا هەڵوێستی ڕەخنەگرانەو شۆڕشگێڕانەیە کە دەبێتە هۆکارێکی مێژوویی و کولتوری و ڕووناکبیری و ئایدۆلۆژیایی بۆ گۆڕین و چاککردن و درووستکردنی نوێ)
باشترین نموونەیش لەوەدا دیاری دەدات کەمامۆستا هاوار لە سەرەتادا باوەڕی بەمارکسیزم بوو، لەهەڵبەستە سەرەتاییەکانیشدا بەرگریی لێکردون و کۆمەڵە هەڵبەستی ( #یادی بادینان# )ی ساڵی (1959) بەڵگەی ئەم قسانەیە، بەڵام کەرۆژنامەی (پراڤدا)ی زمانحاڵی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی بابەتی پشتگیری سەبارەت بەڕژێمی بەعس دەنووسی و نکۆڵی لەجینۆسایدی کورد دەکرد، هاوار خۆی پێنەگیراو بەڕوویدا هەڵشاخا:
بۆ چنگێک پارەی ڕژێمی فاشیست
شەرەف و وشە و پێنووست دۆڕان
لای خۆت ئینجیل و ئاڵای مەبدەئبوی
ناوی خۆت نابوو، پاڵپشتی گەلان
دەک خەجاڵەتی بیر و بڕوابی
هەتاکوو ماوی سووک و ڕیسوابی
هاوار لە ساڵی (1949) بەدواوە تا ساڵی (1960) حەوت چیرۆکی لە گۆڤاری گەلاوێژو ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاوکردووەتەوە، یەکەم چیرۆکی بە ناونیشانی (دوو دڵ) لەژمارە (2)ی مانگی مایسی ساڵی (1949)ی گۆڤاری گەلاوێژدا بڵاوکراوەتەوە، زۆریان کۆمەڵایەتین، هەریەکەیان بەپێی بارودۆخی ئەو ڕۆژگارە باس لەکێشەیەک دەکەن، گەر لەگەڵ چیرۆکەکانی قۆناغی گەلاوێژو دواتریشدا بەراوردیان بکەین دەگەینە ئەو باوەڕەی کەهاوار بە یەکێک لە چیرۆکنووسە سەرکەوتووەکانی ئەو ڕۆژگارە دابنێین. بەشبەحاڵی خۆم سی ساڵ بەر لە ئێستا لە پەرتووکی (لێکۆڵینەوە و بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی 1925-1969)دا کە ساڵی (1978) چاپکراوە، لەم چیرۆکانە دواوم و هەموویانم تۆمار کردووە و بەراوردم کردوون.
ساڵی (1979) مامۆستا محەمەد ڕەسوڵ هاوار وڵاتی بەجێهێشت و لە شاری لەندەن گیرسایەوە، ئەم ڕۆیشتنە گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر کار و ژیان و بیرکردنەوە و بەرهەمی مامۆستا هاواردا هێنا، هاوار لەو وڵاتەدا بەکزۆڵەیی دانەنیشت، بەڵکوو بەرنامەی ژیان و نووسینی تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕا، هەرچەندە دەستبەرداری هەڵبەستنەبوو، چەندین کۆمەڵە هەڵبەستی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تەنیا بەهەڵبەستەوە نەوەستا، بەڵکوو بەرنامەیەکی داڕشت بە مەبەستی گەڕان و پشکنین و دۆزینەوەو وەرگێڕانی ئەو بەڵگە دانسقانەی کەپەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەمێژووی هاوچەرخی کوردەوە هەیە و لەوێ پارێزراون، بەتایبەتیی دۆکیۆمێنتەکانی ناو ئارشیفی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا. هاوار بەشێنەیی زۆربەیانی دەستخستووە، لێیان ورد بووەتەوە، بەراوردی کردوون، دوای خوێندنەوە و پۆلێنکردن و بەسەرکردنەوەیان، کەوتە سەر ئەو باوەڕەی کەمێژوویەکی سەرتاپاگێڕی بنووسێتەوەو کۆمەڵێک پەرتووکی گەورە و ناوازە بخاتە پەرتووکخانەی کوردییەوە کە تا ئەو کاتە لێکۆڵینەوەی وابەنرخ نەگەیشتبوونە خوێندەوارانی کورد و زانیارییەکان نەبیسترابوون.
یەکەم کاری ناوازەی پەرتووکی ( #شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان#)ە کە لەدوو بەرگی گەورەداو ساڵانی (1990-1991) بەقەبارەی (1439) لاپەڕە بڵاوکردەوە، ئەم پەرتووکە باشترین سەرچاوەو لێکۆڵینەوەی مێژوویی باوەڕپێکراوە سەبارەت بەژیان و کار و شۆڕش و گرفت و ئاڵۆزییەکانی مەلیکی کوردستان (شێخ مەحمودی بەرزنجی). جگە لەبەڵگەی زیندوو کەباڵی بەسەر پەرتووکەکەدا کێشاوە، مامۆستا هاوار دەیان سەرچاوەی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی خوێندووەتەوەو توانیویەتی بەوپەڕی ڕاستگۆیی و ویژدانەوە زنجیرەی باسەکان پێکەوە بلکێنێ و لێکۆڵینەوەیەکی ورد بەئەنجام بگەیەنێت. پەرتووکەکە هەموو لایەن و کێشەکانی ئەو ڕۆژگارەی گرتووەتەوەو کۆمەڵێک هەڵەی ناوخۆو دەرەوەی ڕاستکردووەتەوە و وەڵامی گونجاوی داونەتەوە. مامۆستا هاوار لەم کارەیدا ماندوو بووە، پەنای بردۆتەبەر بیرەوەرییەکانی (شێخ ڕەئوفی شێخ مەحمود) کەتا ئێستا بەدەستنوووسی ماوەتەوە، پرس و سۆراخێکی زۆری بەخوالێخۆشبووان (بابا عەلی شێخ مەحمودو #تۆفیق وەهبی# و #عەلی کەمال# ) کردووە و سوودی لێوەرگرتوون کەهەموویان لەو ڕۆژگارەدا ژیاون. بەم پێیە توانییەتی کەوەک مێژوونووسێکی بەئاگا وردوو درشتی ڕووداوەکان تۆماربکات و دوای بەراورد و هەڵسەنگاندن ڕووناکییان بخاتەسەر.
پەرتووکێکی تری هاوار کە لەئاستێکی باڵادایە بە ناونیشانی (ئیسماعیل ئاغای شکاک و بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد) کە لە ساڵی 1995 لەقەبارە ی (697) لاپەڕەدایە و یەکەم کاری گەورەیە سەبارەت بەسمکۆی شکاک.
پەرتووکێکی گەورەتری هاوار سەبارەت بە (باکووری کوردستان)ە و لە سێ بەرگی گەورەدایەو بەقەبارەی 1344 لاپەڕەیەو ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی خاک ساڵی 2004 بەچاپی گەیاند.. لەمیشەوە دەگەینە ئەو ڕاستییە کەمامۆستا هاوار ئەو مێژوونووسە مەزنەیە کەتوانیویەتی مێژوویەکی قووڵ و سەرتاپاگێڕی هەموو بەشەکانی کوردستان تۆماربکات و لەم بوارەدا گرەوی سەرکەوتنی بردەوە.
محەمەد ڕەسوڵ هاوار پێویستییەکی تری بەئەنجام گەیاندووە کە بریتییە لەنووسینەوەی بیرەوەرییەکانی لەدوو بەرگدا بە ناونیشانی ( #کوێرەوەری و بیرەوەری# 1984) و (هۆرەی دەروێشی یاخی 1986). لەم دوو بەرگەدا بەشێوەیەکی ئەدەبی و شێوازێکی ڕەوان، ژیان و بەسەرهات و یاداشت و ڕووداوەکانی ڕۆژگاری خۆی گێڕاوەتەوە، گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی #شارباژێڕ# و ئاواییەکانی (موبڕە و چەمیاڵە و شیوەکەڵ) و بەسەرهاتەکانی سەردەمی منداڵی. ئەوەی زیاتر بیرەوەرییەکانی جوانتر کردووە پەنابردنێتی بۆ بڵاوکردنەوەی هەندێک هەڵبەست کەپەیوەندییان بەرووداوەکانەوە هەیە، دیارە وەکوو خۆشی دەڵێت (بیرەوەرییەکانم لەتەق و هوڕی گوللەی تفەنگ و مەترە لۆزەکانی شەڕی بەردەرگای سەراوە دەست پێ دەکات).[1]