ھەنری کیسینجەر (بە ئینگلیزی: Henry Alfred Kissinger) لە ساڵی 1938 لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، لە ترسی ھەڕەشەی نازییەکان لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانیدا بەرەو ئەمەریکا ھەڵھاتوون و لە ویلایەتی نیویۆرک گیرساونەتەوە، لە 19ی مانگی ژونی 1943دا پاسپۆرتی ئەمەریکایی وەرگرتووە و بووە بە ھاووڵاتی ئەمەریکایی و پاشان وەک سەربازێکی ئەمەریکایی لە کۆتایی جەنگدا گەڕاوەتەوە بۆ ئەڵمانیا، و وەک ئەفسەرێکی ئەمەریکایی سەرەتا لە کریدفێڵد و پاشان لە ھایدلبێرگ خزمەتی کردووە.
خوێندنە باڵاکانی خۆی لە ئەمەریکا تەواوکردووە و بووەتە مامۆستا لە زانکۆی ھارڤارد و چەندین پەرتووکی لەو زانکۆیەدا سەبارەت بە ھێزی پەرچەبەرگری بۆمبای ئەتۆم بڵاوکردووە کە بەھۆیەوە لەگەڵ ژیانی سیاسیدا تێکەڵاو بوو.
سەرەتا ئەندامی پارتی دیموکراتەکان بوو، پاشان لەم پارتە کشایەوەو بوو بە ئەندامی پارتی کۆمارییەکان، لە ڕاستیدا کیسینجەر خەونی ئەوەی ھەبوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئامادە بکات بەڵام لەبەر ئەوەی لە دایک بووی ئەمەریکا نەبوو ئەو ئاواتەی نەھاتە دی.
لە چەندین بەڕێوەبەرایەتی جیاوازی ئەمەریکادا پۆستی دیپلۆماسی جیاوازی وەرگرتووە، سەرەتا ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی بوو پاشان لە ساڵی 1973ەوە لەگەڵ ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی نکیسۆن و فۆرد پۆستی وەزیری دەرەوەی ھەبووە.
ڕۆڵی ئەم کەسایەتییە لە پرسە گرنگەکانی وەک شەڕی سارد و جەنگی ڤیێتنام و پڕۆسەی ئاشتی ڕۆژھەڵاتی ناوین زۆر دیار و ئاشکران، وە بە ئەندازیاری ڕێکەوتن نامەی کامپ دەیڤد دەناسرێت.
کیسینجەر وەک کەسایەتییەکی ناسراو، بەوە تاوانبار دەکرێت کە لە سیاسەتی خۆیدا نەک زۆر دڵڕەق بەڵکوو لە ھەندێک کارەساتی گرنگیشدا بە پێشێل کاری مافی مرۆڤ و کۆمکوژی ناوی دەرکردووە. لەوانەش:
ئۆپەراسیۆنی کۆندۆر
کودەتای دژ بە سەلڤادۆرئالیندی لە چیلی
جینۆسایدی تەیموری ڕۆژھەڵات
ئۆپەراسیۆنی گلادیۆ[1]