ناو: ناهیدە
نازناو: مامۆستا ناهیدەی شێخ سەلام
ناوی باوک: شێخ سەلام شێخ ئەحمەد
ساڵی لەدایکبوون: 1922
ساڵی کۆچی دوایی: #28-11-2006#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری #هەولێر#
$ژیاننامە$
کچە گەورەی شێخ سەلامی شێخ ئەحمەدی #عازەبان# ی سەربە شارەدێی #وارماوا#یە، لە ساڵی 1922 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی و #هەڵەبجە# تەواوکردووە، خانەی مامۆستایانیشی لە شاری بەغدا تەواوکردووە.
ناهیدە شێخ سەلام ڕۆڵێکی گەورەی لەبڵاوکردنەوەی خوێندەواری هەبووە، قوتابییەکانی فێری چەندین سرودی نیشتمانی کردووە، ئاوازی بۆ سروودەکان داناوە.
ناهیدە شێخ سەلام یەکەم خانم بووە کە یەکەمین باخچەی ساوایانی لە شاری سلێمانی کردووەتەوە، لە تەمەنی لاویەوە تێکەڵاوی خەباتی سیاسی بووە و ئەندامێکی بەرچاوی حیزبی هیوا بووە.
ناهیدە شێخ سەلام ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە دامەزراندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و یەکەم ژن بووە گەیشتۆتە پلەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی لیژنەی مەرکەزی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ناهیدە شێخ سەلام ئەندامی دامەزرێنەر و لێپرسراوی #یەکێتی ئافرەتانی کوردستان# بووە، پاش شۆڕشی 14 تەموز بەئەندامی ئەنجوومەنی ئاشتی ئێراق هەڵبژێردراوە.
ناهیدە شێخ سەلام بەهۆی چالاکی سیاسییەوە چەندین جار بۆ باشووری ئێراق دورخراوەتەوە یان هەڵهاتووە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان.
ناهیدە شێخ سەلام تامردنی لە خەبات دانەبڕاوە و لە 28-11-2006 کۆچی دوایی کردووە و لەگردی سەیوانی سلێمانی بەخاک سپێردراوە.
دامەزرێنەری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان
کەسایەتی و مامۆستا و دلسۆزی شاری سلێمانی گەڕەکی سابوونکەران هاوسەری کۆچکردوو #نوری شاوەیس# ە، دایکی کۆچکردوو د. #ڕۆژ نوری شاوەیس# ە.
$خەباتنامە$
مامۆستا و سیاسەتمەدار ناهیدە سەلام ئەحمەد، ناسراو بە (مامۆستا ناهیدە شێخ سەلام، کچە کورد، ن. س و دایکی ڕۆژ) ، ساڵی 1960 لە کۆنگرەی پێنجەمی #پارتی دیموکراتی کوردستان#دا کە لە شاری بەغدا ساز دراوە پاڵێوراوی سەرۆک مستەفا بارزانی بووە بۆ پۆستی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە ئەنجامدا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و یەکەمین ئافرەتە کە بووبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ناهیدە سەلام ئەحمەد ساڵی 1922 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و کچی شاعیری نیشتمانپەروەر شێخ سەلام (1892-1959) ە. ساڵی 1930 قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ تەواوکردووە. ساڵی 1941 خانەی مامۆستایانی سەرەتایی بەغدا تەواوکردووە و بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە. ساڵی 1946 هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندازیار نوری سدیق عەلی (1922-1983) ناسراو بە نوری شاوەیس کردووه. دایکی دکتۆر ڕۆژ نوری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و #بروسک نوری سدیق شاوەیس# ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانە. بە ناوی خوازراوی کچە کورد، ن. س و دایکی ڕۆژ لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا نووسیویەتی.
لە 28ی تشرینی دووەمی 2006 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گردی سەیوانی شاری سلێمانی لە تەنیشت شێخ سەلامی باوکیدا بە خاک سپێردراوە. هەردوو زمانى کوردی و عەرەبی زانیوە.
ساڵی 1939 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی حزبی هیوای کوردەوە کردووە و ساڵی 1944 لە سەرەتای چالاکی سیاسیدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبی ڕێی ڕاستەوە کردووە و هەمان ساڵ ئەندامی #کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد# (ژ.ک) بووە و ساڵی 1945 بووەتە ئەندامى حزبی ڕزگاری کورد. ساڵی 1946 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردەوە کردووە.
ساڵی 1959 سەرۆکی شاندی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ سەردانی زەعیم عەبدولکەریم قاسم (1914_1963) بووە و لە هەوڵێکی تیرۆردا بریندار بووە. ساڵی 1959 وەک نوێنەری لێژنەی لقی یەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی لە کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان_ئێراقدا کردووە و ساڵی 1960 لە کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە لە شاری بەغدا ساز دراوە پاڵێوراوی سەرۆک مستەفا بارزانی بووە بۆ پۆستی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە ئەنجامدا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و یەکەمین ئافرەتە کە بووبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ساڵی 1964 بەشداریی کۆبوونەوەی فراوانی ماوەتی نەکردووە کە لەلایەن باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سازدرابوو و تێیدا بڕیار لە دژی سەرۆک مستەفا بارزانی درا.
ساڵی 1974 لەلایەن دەسەڵاتدارانی حزبی بەعسەوە لە دوای تاڵانکردنی ماڵەکەی بەرەو ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەردەکرێت و ساڵانی 1974_1975 وەک پەنابەر ڕووی لە وڵاتی ئێرانی کردووە. ساڵی 1975 لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول دەگەڕیتەوە باشووری کوردستان. لە 28ی تشرینی دووەمی 2006 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گردی سەیوانی شاری سلێمانی لە تەنیشت شێخ سەلامی باوکیدا بە خاک سپێردراوە.
$بەرهەمەکانی$:
ئەوەی لە بیرمە، 1999.
[1]