ناو: ڕێدار
ناوی تەواوی: سابیر محەمەد
ڕێدار سابیر- شاعیر
نوسینی: #خالید عومەر عوسمان#
ناوی تەواوی (ڕێدار سابیر محەمەد ساڵح) ە، ساڵی 1971 لە شاری #هەولێر# لەدایک بووە، سەرەتایی و ناوەندی و بەشی عەرەبی پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان و بەشی کوردی کۆلیژی پەروەردەی بنیات / زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر تەواو کردووە، لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاو کراوەی ناوەخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بابەت و بەرهەمی بڵاو کردۆتەوە، چەندین شیعری کراوەتە گۆرانی، چەندین بابەتی پەروەردەیی - دەروونی منداڵانی نووسیوە، سەرنووسەری گۆڤاری (ڕۆمانسی) بووە، لە چەندین ڤیستیڤاڵی ئەدەبی (قوتابخانەکان) لێژنەی هەڵسەنگاندن بووە، ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردە، مامۆستای بەشی ڕۆشنبیرییە لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر،
لە کتێبە چاپکراوەکانی: (گوناهی عەشق- شیعر 2002) (نامە جوانەکانی عەشق- شیعر 2003) (دیوانی عەشق و دیوانی یار- شیعر 2004) (ڕامان لە حیکمەتی عەشق- شیعر 2006)
ترسم هەیە
ڕۆژێ لێم دوورکەویتەوە و
بە مەزاجێکی شپرزەوە
حاڵ بە فیراقەوە بگریت
تاقەتی دووبارە نووسینەوەی
نامەکانی هەستت نەبێ
مەستانە بەسەر ئاسمانی دڵەڕاوکێتا
هەڵفڕیت و
بێباکانە بمدەیتە دەست
زیکرێکی ڕەها و جاویدانەی تەنیایی
ترسم هەیە بمڕژێنی
بەسەر پێدەشتی ژەنینی
کەمانچەیەکی حەزین
تۆ مەیلت بەلای دارستانە سەوزەکانی
ناخ نەما
قێز لە گوڵەکانی ڕۆشنایی بەخت دەکەیتەوە و
دەمخەیتە نێو تونێلی تاریکی یەئس
من تەواو.. چیتر تاقەتی
بۆنکردنی عەشقێکی ترم نەماوە
چیتر لە بەژن و باڵای
ژوانێکی تر نائاڵێم و
خۆم خەریکی خوێندنەوەی کتێبی
وەهم و سەراب ناکەم
ناچمەوە نێو حیکایەتی غەدر و پەشیمانی
چیتر گوێ لە گۆرانی نەهامەتی ئەوین ناگرم و
بە درەختی سەرسامی قسەی کەسەوە
هەڵناگەڕێم
بە ئەسپایی دەچمەوە نێو قەپێلکی دنیای خۆم و
خۆم ڕادەستی تاڤگەی ئولفەتێکی تر ناکەم و
ناچمەوە ژێر باری قورسی شۆک و
بە باڵی نەوڕەسی هیچ نیگایەک
سەفەر ناکەم و
بە ئیقاعی لەنجەولاری هیچ پەرییەک
ناخەڵەتێم
خۆم لەنێو سندووقی
گوڵێکی سپی یاد هەڵدەگرم و
بەکەس ناڵێم کێم خۆشویستووە
لەنێو پێخەوی شەوقتدا دەخەوم و
خەون بە تابلۆی فیراقتەوە دەبینم
لەگەڵ موزیکی غەریبیدا پیاسە دەکەم و
پێت ناڵێم بۆ کوێ دەچم و لەکوێم
ئیتر من لەگەڵ خۆم دەبم
لەگەڵ خەیاڵی خۆم نوقم دەبم و دەدوێم
چونکە دەزانم لەگەڵ تۆدا بزر و لەگەڵ خۆمدا هەڵدەکشێم
سەرچاوە- لە نووسەر و ڕاگەیاندنکار داهێن سابیر وەرمگرتووە 16/3/2020 [1]