ساڵی 1923 لە#سنە# لەدایکبووە و چەندین ساڵ لەڕادیۆکانی #کرماشان#، سنه، تاران وەکوو بێژەر، توێژەری ئەدەبی، شاعیر، وەرگێڕو نووسەر کاری کردووە و لە ئێران و لەنێو ئەدیبانی کورددا ناوێکی دیارو بەرچاوه.
فوئاد بابان کوڕی خوالێخۆشبوو لەوتوێژێکی تایبەتدا پێی ڕاگەیاندین: باوکم کاتژمێر 12:05 شەوی ڕابردوو لەماڵەکەی خۆی لە تاران کۆچی دوایی کرد، بڕیاریشە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە 18-11-2012 لە گۆڕستانی بەهەشت زارای تاران و لە بەشی هونەرمەنداندا بەخاک بسپێردرێت، دواتر لە گۆڕەپانی فاتیمی لە تاران مەراسیمی ماتەمینی بۆ ئەو هونەرمەندە کوردە بەڕێوەدەچێت و بڕیاریشە ڕۆژانی داهاتوو لەسنەش مەراسیمێک بەڕێوەبچێت.
بەشێک لە ژیانو چالاکییەکانی شوکروڵڵای بابان
شوکروڵڵای بابان دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دواناوەندی لەسنە چووەتە تاران و توانی لە زانکۆی تارانداو لەسێ بەشی ئیلاهیات، دەروونناسی و یاسادا بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەربگرێت. بابان چالاکیی خۆی لە ساڵی 1958 لەڕادیۆی تاران دەستپێکردووە کە ئەو کاتە ڕۆژانی 15 خولەک بەرنامەی بە زمانی کوردی بڵاودەکردەوه، دواتر ماوەی ئەم بەرنامەیە بۆ کاتژمێرێک زیادکراوە و بەهەردوو زاراوەی #سۆران#ی و کرمانجی پێشکەشکراوە. لە ماوەی کارکردنی ڕادیۆی کوردی تاراندا، بابان وەکوو بەرپرس و بێژەری بەشی کوردی چالاک بووە. دوای چەندین مانگ ڕادیۆی کوردی کرماشان کراوەتەوە کە بەرنامەکانی خۆی بەهەردوو زاراوەی سۆرانی و کەڵهوڕی پێشکەش دەکرد، بەکردنەوەی ئەم ڕادیۆیە ڕادیۆی کوردی تاران داخراو هەموو کارمەندانی گوازرانەوە بۆ کرماشان، بابان لەرادیۆی کوردی کرماشان تاکوو ساڵی 1969 وەکوو بەرپرس، بێژەرو وەرگێڕ کاری کردووە.
شوکروڵڵای بابان بە هاوکاریی مامۆستایانی ناوداری کورد بەدیع الزەمانی، عەبدولڕەحمان سەراجەدینی، سدیق موفتی زادەو شێخ عابد لە ساڵی 1959 تاکوو 1963 ڕۆژنامەی کوردستانیان بە زمانی کوردی لە تاران بڵاوکردووەتەوە. خوێندنەوەی هۆنراوەی کوردی لەڕادیۆی کرماشان ناوبانگێکی زۆری بۆ شوکروڵڵای بابان پەیدا کردوو لە هەموو ماڵ و شوێنەکانی کوردستاندا بەتامەزرۆییەوە گوێی لێدەگیرا. بابان لە تەمەنی کارکردنیدا وەکوو بەرپرسی ڕادیۆ لەسنەو کرماشان و #ورمێ# کاری کردووە، هەروەها سێ پەرتووکی بەناوەکانی (سەڵاحەدین ئەیوبی، پاڵەوانی کورد)، (گوڵزاری کوردستان)، (فەرهەنگی زمانەوانی فارسی کوردی) نووسیووه.
ڕۆژی #16-11-2012# لە شاری تاران لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.