رر، برینج، دانەوێڵەیەکی سپی یە لە گەنم دەچێ و لە تیرەی گەنمەیەکان Graminées، کە سەر بە دەستەی کێلان (کلوویەکان)ە و لە بژێوە سەرەکیەکانی مرۆڤە، ڕوتەوەبووی چەڵتوکە، گیایەکی یەکساڵەیە و بەرزیی تاکوو یەک میتە و نیو دەبێ، لاسکەکەی بڕ بڕە (بەم جۆرە لاسکانە ئەڵێن Chaume) و گەڵاکانی باریک و درێژن و ڕەنگیێکی سەوزی کاڵیان هەیە و گوڵەکانیشی چەرموون و 6 نێرتکیان هەیە، لە مەرەزەدا بەرهەم دێت و پێویستی بە ئاوی زۆرە، لە دەنکی برینج ئەلکول و نشاستە (تۆزی ئارد) ئەگرن. خوارنەوەیەکی ئەلکولە لە وڵاتی چین دا بە ناوی ساکی لە برینج دروست دەکەن. پێستی برنج ڤیتامینی A و PPی تێدایە و لە خودی برنجەکەشدا، ڤیتاڤینی A و B کومپلکس، D و E و هێندێک مەوادی چەور، هیدراتی کەربۆن، پروتئین، ئادنین (Adenine، Adenitis)، فسفۆر، شەکر، کالسیۆم، مینزیۆم و پتاسیۆمی تێدایە. ئەو برنجانەی کە پێستەکەیان گیراوەتەوە ڤیتامینی خۆیان لە دەست داوە. برنجی لێنراو بۆ دەرمانی سکچوون و بۆ میعدە، بەردی گورچیلە و ڕێخۆڵە باشە، بەڵام بۆ ئەوانەی نەخۆشی شەکریان هەیە باش نییە. ئەگەر ژنی دووگیان پێش منداڵبوونەکەی بیخوا بە ئازارێکی کەمترەوە دەزێ. لینجاوی (ئاوی برینجی کوڵاو) بۆ ڕاگرتنی زگچوونی منداڵ بە کەڵکە، برنج بە زۆر شێوەی وەک شیربرنج بە دارچینی یەوە، کە بۆ هەڵامەت و زکام گرتوو باشە، وەک پڵاو، قووڵی (قوبڵی) و لە دۆڵمەش دا دەخورێ. لە ئاردەکەشی شیرینی و فڕنی دروست ئەکەن و بە زستاناندا ئەیخۆن کە بۆ سەرما زۆر باشە. برنج جۆری زۆرە و ئەمش چەند جۆرییەتی، عەنبەربۆ یان عەمەربۆ کە جۆرێک زۆر تە تامە، سەدری جۆرێ تری بۆن خۆشە، برنجی گردە و برنجی سەرڕەش یان قوون ڕەش. برنج لە بنەڕەتەدا لە ولإتی وڵاتانی چین، ژاپۆن و هیندوستانەوە هاتووە. بەڵام ئێستا لە زۆر وڵاتدا و هەروەها لە کرماشان و شارەکانی کوردستانی تورکیە و کوردستانی عێراقیشدا دەیچێنن. بی ئەوەی برنج چەقەرە بکا لە ئاوی دەکەن بەم کارەش ئەڵێن باسترغە. پاستاو یەکەم ئاوی برنجە، ڕۆژ و دانێک ئاو لە برنج دەگرنەوە و بەم کارەش ئەڵێن تاڵخۆش. جلە مڵۆزمی بنجە. چەنبەر پێکەوەنانی باقەی چەڵتووکە و خوونەدان چەقاندنی باقەیە و کۆڵنەمە کوتانی هەوەڵ جاری برینجە لە دینگدا و قەرەنیمە دووهەم کوتانی برنج و قەرەنیمەی دووانێ یان ئاخ نیمە دواین ترین کوتانی برنجە، کۆخڵیش وەستای چەڵتووکە و کۆخڵنەش حەقی وەستای چەڵتووکە. بە فەرانسەیی پێی دەڵێن Riz، Riz cultivé.
تێبینی: کوردیپێدیا بەهیوایە تەواوی وشە و دەستەواژە کوردییەکانی هەموو شێوەزمانەکان بە پێناسی ڕێزمانییان و خستنە ڕستەیانەوە کۆبکاتەوە و وێنەی پێویستیش بۆ زۆریان پەیدابکات، تکایە یارمەتیی کوردیپێدیا بدە...
ئەم بابەتە 7,352 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!