لەتیف عومەر مستەفا، کادیری ڕێکخستن و ئەندامی سەرکردایەتی ناسراو بە لەتیفی شێخ عومەر.لەشاری #سلێمانی# لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی سلێمانی لە ساڵانی شەستەکاندا چۆتە ڕیزی یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە پاشان بۆتە ئەندام لە#پارتی دیموکراتی کوردستان#.
ساڵی 1972 پەیوەندی بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردو خرایە ئەڵقە ڕۆشنبیریەکانەوە. ساڵی 1976 لەگەڵ هەر یەک لە شوان عەلی سەعید ڕەئوف ئاکرەیی، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و محەمەد خورشید لە دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی بوو.
لە 5ی ئایاری ساڵی 1977 لەگەڵ پۆلێک لە ئەندامانی ڕێکخستن لەلایەن دەزگای ئەمنی سلێمانییەوە دەستگیر کراو و بە پێنج ساڵ زیندانی حوکم درا، ساڵی 1979 بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرا و دوا بەدوای ئەمە بەردەوام بوو لەسەر کارکردن لەناو ڕیزی ڕێکخستن.
پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 بووەتە ئەندامی لیژنەی ڕووناکبیری مەڵبەندی 1ی ڕێکخستنی سلێمانی لە قەڵاچوالان و هەر لەو ساڵەدا بەشداربوو لە دەرکردنی بەرنامەی پەیامی نوێ دواتر لێپرسراویەتی بەڕێوەبردنی کۆمیتەی 2ی پێ سپێردرا.
ساڵی 1992 بە سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان هەڵبژێردرا لەهەمان کاتدا بووە کارگێر لەمەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان، لە ساڵی 1996 دا گواسترایەوە بۆ دەزگای زانیاری لەقەڵاچوالان لەماوەی نێوان 1997/2004 لە ئەمریکا ژیا لەو ماوەیەدا کاروباری هەڵبژاردنی تاوتوێ کردو و وەک شارەزا لە بواری هەڵبژاردن دەرکەوت.
ساڵی 2004 گەڕایەوە بۆ کوردستان و کرایە یاریدەدەری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاروباری هەڵبژاردن و دواتریش بووە ئەندام لە دەزگای هەڵبژاردن.
ساڵی 2010 بووە بەڕێوەبەری ئوفیسی تایبەتی سەروک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و لە کۆنگرەی دووەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی سرکردایەتی هەڵبژێردرا.[1]