سەعید موعینی کە لە ناو بنەماڵەکەیاندا بە خانە ناسرابوو، لە ساڵی 1951 (1330 هەتاوی)، لە شاری #مەهاباد# لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە فێرگەی سەعدی و ناوەندیی لە خوێندنگەی محەمەدرەزاشا تەواوکردوە. ساڵی 1970 (1349 هەتاوی) دیپڵۆمی لە ماتماتیکدا وەرگرتووە. خانە گەرماو گەرم درێژە بە خوێندن دەدات و لە تاقیگەی زانکۆی تاران لە بەشی (ئامار)دا سەرکەوتوانە وەردەگیرێت و خەریکی خوێندن دەبێت.
بەڵام لە ڕاستی دا ئەوەندەی کە ئەو ئەڤیندارانە دڵی بە خوێندن گەرم کردبوو، لە بارەگای مێشکیدا سەد ئەوەندە گرێدراوی خەباتێک بوو کە بکرێ و بتوانرێت دەستی ستەم لە سەر ژیانی هەژاران و زەحمەتکێشان کورت بکاتەوە. هەربۆیە، خانە موعینی ئەگەرچی لە شاری تاران لە ماڵی براکەی دەژیا، بەڵام زۆر بەنهێنی دەگەڵ هاوڕێیان و هاوبیرانی خۆی لە خەباتێکی گەرم و گوڕدا بوو. زۆری پێنەچوو لە بە هاری ساڵی1353واتە 1973دا، لە پاڕکی خوێندکارانی زانکۆی تاران هێرشی کرایە سەر و لە لایەن کۆمیتەیەکی سەر بە ساواک، کە بە کۆمیتەی دژ بە خراپکاران ناو نرابوو، گیرا. هەر ئەو ڕۆژە هێنایانەوە ماڵی براکەی و ماڵیان پشکنین، بەڵام ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەکیان لێنەدۆزییەوە، ماوەی 8 مانگان بێ سەروشوێن بردیان و بەبێ هەواڵ هێشتیانەوە. بە دواداچوونی بنەماڵە و گەڕان بە شوێن خانەدا، هیچ ئاکامێکی لێنەکەوتەوە و نەیانتوانی لە مان و نەمانی دڵنیابن. ئاخرسەر یەکێک لە ناسیاوانی بنەماڵەکەیان بەناوی دوکتور مستەفا ئەعلەم، کە پسپۆڕێکی بەشی دڵ بوو لە پلەی سەرهەنگییدا، بە هۆی یەکێک لە نەخۆشەکانی کە ئەفسەرێکی پایەبەرزی پۆلیس دەبێت، شوێنی بەند و زیندانەکەی خانە پێدەگاتەوە. کە دوایی دەرکەوت ئەم پێڕاگەیاندنە خۆی چەشنە داو و تەڵەیەک دەبێت کە بەنیازی دۆزینەوەی یارانی سیاسیی خانە لە سەر ڕێی بنەماڵەکەیدا دادەندرێتەوە. کاکتیک خانە دێنن بو لای دایک و خوشکی بە دارەمەیت هەڵی دەگرن چونکو خۆی نەیتوانیوە بە پێی خۆی بێت بۆ دیداری دایکی، ئەو لە ژێر ئەشکەنجە و لێدان دا توانی سەر بڵیندانە خۆ بپارێزیت، بەڵام ساواک ناتوانێ نە لە زمانی خانە و نە لە ڕێی هاتوچۆی بنەماڵەکەیدا هەودا موویەک بدۆزنەوە. هەر بۆیە ماوەی سێ ساڵ و نیو لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەیکە هیچ جۆرە نهێنییەک بدرکێنێت. ئاخرسەر لە شە هریوەری ساڵی1356 واتە 1977، بەبێ ئەوەیکە تاوانێک وە ئەستۆ بگرێت، وەک کەسێکی بێتاوان لە ڕوانگەی ساواکەوە لە زیندان ڕزگاری دەبێت و دەگەڕێتەوە شاری مەهاباد. دوای ماوەیەک دەست دەکاتەوە بە خوێندن و لە زانکۆی تاران، لە بەشی ئامار دا پلەی لیسانس وەردەگرێت و دیسان دەگەڕێتەوە ماهاباد. گەڕانەوەی خانە بۆ مەهاباد، بەرنامەیەکی تەواو تازەتر دەبێت کە خانە بۆ دیتنی دەورەیەکی عەمەلی لە کاری خەبات و پێشمەرگایەتی، لە سەرەتای مانگی مای 1978دا ڕەوانەی ناوچە ئازادکراوەکانی باشووری کوردستان دەکرێت و دەبێتە هاوسەنگەری دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هەرێمی سێی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#. خانە لەنێو ئەو پێشمەرگانەدا بە مامۆستا قادر دەناسرێت. پێشمەرگەکان هەر زوو چاوو دڵیان بە مامۆستا قادر دەکرێتەوە و لە ئەندازە بەدەر خۆشیان دەوێت و خۆیان بە بەختەوەر دەزانن کە کەسێکی ڕووناکبیر و تێکۆشەری وەکو ئەو بوەتە هاوسەنگەریان. دواتریش کە بۆیان دەردەکەوێت کە خانە لە بنەماڵەی موعینی شاری مەهابادە و برای شەهیدان سلەیمان و عەبدوڵڵای موعینییە سەد ئەوەندەی تر ڕێز و خۆشەویستیی لایان زیاد دەکات. خانە بەردەوام باسی خۆڕاگریی و قارەمانی لاوە تێکۆشەرەکانی نێو زیندانەکانی ڕژێمی شا بۆ پێشمەرگەکان دەگێڕێتەوە و باسی ئەزمونی چەکدارانەی سالە کانی 46 & 47 و تێکۆشانی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی ئێران لە سیاهکل و شوێنەکانی دیکەی ئێرانیان بۆ دەکات. لەو دەمەدا ئەحمەد فەتوڵڵا فەرماندەی ئەو دەستە پێشمەرگەیە دەبێت. ئەحمەد فەتوڵڵا پێشمەرگەیەکی گەنج و کارامە و لێهاتوو بوو. ئەو کە دەیزانی هەردەم ترسی هێرشی لە ناکاوی هێزەکانی ڕژێمی بەعسیان لە سەرە، زۆر بۆ خانە بەپەرۆش بوو. بەردەوام لەگەڵ ڕابەر و سەرکردەکانی ی. ن. ک. دا لە نامە نووسین و وتوێژدا بوو کە جێ و ڕێیەکی ئارامتر و لەبارتر بۆ خانە دیاریی بکەن و چیدیکە وەک هەر پێشمەرگەیەکی ئاسایی لەو گشت هاتوچۆو ناڕەحەتییەدا نەبێت. ئەحمەد فەتوڵڵا زۆر جار لای پێشمەرگەکان گوتبوی: من دەزانم مانەوەی مامۆستا قادر لای ئێمە چ هێز و تین و پشتیوانییەکە بۆ ئێمە! بەڵام من لەوە نیگەرانم کە ئەم کەسە ڕوناکبیر و تێکۆشەرە پاش ساڵەها زیندان و ئەشکەنجە لە پەنا بەردێکدا شەهید ببێت و لە دەستبچێت. جیا لەوە ئەم دو برای قارەمانی چەند ساڵ لەمەوپێش شەهید بوون، داخێکی گەورە دەبێت سوێیەکی دیکە بکەوێتەوە برینی ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە #21-06-1978#، بەر لەوەی گزنگ بدات خانە لەگەڵ حەڤدە پێشمەرگەدا بۆ ئەنجامدانی کارێک دەچنە گوندی (دڕی) لای ماوەت و لە نزیک کانی بیشو نان دەخۆن و پشوو دەدەن. کاتێک خۆر هەڵدێت پێشمەرگەکان هەست بە جموجوڵی سەربازەکانی ڕژێمی بەعس دەکەن. دەمو دەست خۆ کۆدەکەنەوە و هەوڵدەدەن هەرچۆنێک بێت خۆ دەرباز بکەن و نەکەونە شەڕێکی نابەرابەرەوە. بەڵام ڕژێم بە هێزێکی گەورەی پڕ چەکەوە چواردەوریان دەگرێت و لە چەندین لاوە هێرش دەکاتە سەریان. ئەحمەد فەتحوڵڵا کە زۆر شارەزای دەوروبەرەکە دەبێت زوو بە پێشمەرگەکان ڕادەگەیەنێت کام ڕێگا بۆ خۆ دەربازکردن لەبارترە. ئیدی پێشمەرگەکان بەدەم هەوڵدان بۆ شکاندنی ئابڵوقەکەی دوژمن و خۆ دەربازکردنەوە شەڕێکی سەخت و قارەمانانە دەکەن، کە نزیکەی شەش سەعات دەخایەنێت. لە ئەنجامدا (شەش) پێشمەرگە شەهید دەبن و (چوار) پێشمەرگەش بەدیلی دەگیرێن و پێشمەرگەکانی دیکەش هەندێکیان خۆ دەربازدەکەن و ئەوانی دیکەش لەپەناوپاسێردا خۆ حەشاردەدەن تا تاریک دادێت. خانە و ئەحمەد فەتحوڵڵا دوان لە شەهیدەکانی ئەو داستانە قارەمانانەیە دەبن و دڵی پر لە هومیدی کاک خانە ڕادە وە ستیت، ئیتر ئومێدی کاک خانە بۆ ڕزگاری چینی چەوساوە و زوڵم لێکراوی گەلەکەمان لە ژیر بە ڕدیکی چیای کوردستان ژێر گل دەکرێت. دەمەو عەسری ئەو ڕۆژە هێزەکەی دوژمن لە ترسی ئەوەکە شەویان بەسەردا نەیەت و پێشمەرگەی ناوچەکانی دیکە بەهانای هاوڕێکانیانەوە نەیەن، بەپەلە پاشەکشە دەکەن و خەڵکی قارەمانی گوندی دڕی بەدڵی پڕ لە قوڵپی گریانەوە، دەچن تەرمی پێشمەرگەکان دەبەنەوە گوندەکە و بە ڕێز و شکۆو دەیان نێژن
تە ڕمی کاک خانە دە بە نە گوندی ماوە ت و لە م گوندە دە نیژریت.