عارف نادری
جیاوازی، سەربەستی، بڕیار، فرەیی، جۆراوجۆریو...، چەمکو پێناسەگەلێکن کە دەسەڵاتی تۆتالیتێر بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ بوونیان قبووڵ بکات. حەقیقەتێک کە لە نێوان بازنەی دەسەڵاتداریی پاوانکراوی خۆیدا، پرسی تاساندنو سڕینەوەی ئەندێشەی دژبەرو جیاواز، وەکوو بەشێک لە پێکهاتەی خۆی دەچەسپێنێتو وەکوو هۆکارو گەرەنتییەک بۆ مانەوەی جێبەجێی دەکا. بەمجۆرە مێژووی قوربانیکردنو قوربانیبوونی شکڵ دەگرێو مێژوویەکی سوورو خوێناوی کە شەوەزەنگو تاریکی بەرهەمیەتی، بەدی دێت.
مەلا محەمەد ڕەبیعی، یەکێک لە هەرە مەزنترین قوربانیانی جیابیری لە سیستمی یەکخوازیی (مونیسم) کۆماری ئیسلامی بووە. مامۆستا بۆ نەتەوەکەی کەسایەتییەکی نەتەوەیی خاوەن ڕۆڵو بە باندۆر بوو، هاوکاتیش بۆ هێژموونیی خۆسەپێنەری دەسەڵاتدار، وەکوو هەڕەشەیەک لە قەڵەم دەدرا. ئەو ئامادە نەبوو بە پێی حەزی سوڵتانو پیاوەکانی بجووڵێتەوەو لە پێناو بەرژەوەندیی ئەواندا، حەقیقەت چەواشەو هزری خۆی ڕادەستی بارەگای حاکم بکات. بۆیە مامۆستاش بووە قوربانیی تێرۆرو تێرۆریزم.
#کرماشان#، چ وەک ناوچەیەکی ستراتژیکو چ وەک شارەگەورەی کوردستان بۆ دەسەڵاتە ناوەندییە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران، بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی گرنگییەکی تایبەتی هەبووەو هەیە. ڕێژیم هەروەک سیاسەتی هەمیشەیی خۆی ویستوویەتی لە کرماشانیشدا بە نانەوەی دووبەرەکیی مەزهەبی لە نێوان کوردەکانی شیعەو سوننیو یارسان، واتە کۆنترۆڵکردنی ئەوان لە لایەن یەکترینەوە، جێگە پێیەک بۆخۆی بدۆزێتەوە.
لە بەرامبەر هەوڵەکانی ڕێژیمیشدا، کەسایەتییە نەتەوەییو ئایینییە سەربەخۆکانی ناوچەکە تێکۆشاون کە بە ڕۆشنگەریو ئاگاییبەخشینی بەردەوام بە خەڵکو پێناسەیەکی مرۆڤانەو کراوەتر لە پێکەوەژیانو پێکەوەهەڵکردنی باوەڕو بیروبۆچوونە جیاوازەکان لەگەڵ یەکترو دروستکردنی هەستو تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر بنەمای نەتەوەخوازیو وڵات دۆستی، بەرەنگاری پیلانەکانی ڕێژیم ببنەوە. بێ هیچ دڕدۆنگییەک، یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی ئەم ڕەوتە لە باشووری خۆرهەڵاتی کوردستانو بەتایبەت کرماشان، مامۆستا ڕەبیعی بووە. مامۆستا لە لایەکەوە وەکوو ئیمامو ڕێبەری ئایینی سوننە مەزهەبەکان،رۆڵێکی هەرەگرینگی لە دۆستایەتی، یەکیەتییو یەکانگیریی سوننەو شیعەو یارساندا گێڕاوە، هاوکاتیش بە خوێندنەوەی دروستی خۆی لە ئایین پێشی لە گەشەکردنی بناژۆخوازیی مەزهەبی کە دەیتوانی خزمەت بە ئامانجەکانی ڕێژیم بکاو بیانووی بۆ بتاشێت، گرتبوو. لە لایەکی دیکەوە، مامۆستا بەهۆی ئاشنایەتیو پێوەندی لەگەڵ جووڵانەوەی نەتەوایەتیی کوردو ئاگایی بەربڵاوی لەسەر مێژوو، ئەدەبیاتو فەرهەنگی نەتەوەکەی، هاوتەریب لەگەڵ خزمەت بە ئایین، خزمەتی بە زمانو گەشەی فەرهەنگیی نەتەوەکەشی دەکرد. چوونکە ئەو کارەی وەکوو خاڵی پێکەوەلکانو پێوەندیی کوردەکان بە تەواوی جیاوازییە مەزهەبیو زاراوەیییەکانیانەوە دەزانی. بۆیە مامۆستا هاوکات لەگەڵ فێربوونی وانە ئایینیەکان لە مزگەوتدا، فێربوونی زمانو مێژووی کوردیشی بە ئەرکو پێویستییەکی مرۆڤیو ئایینی دەزانیو لەسەر پاراستنو فێربوونو فێرکردنی پێداگریو جەختی دەکردەوە.
کۆماری ئیسلامی بە تێرۆرکردنی مامۆستا (12/9/1375)، ویستی هەم مامۆستا نەمێنێتو هەمیش لەو ڕێگەیەوە یەکیەتیی نەتەوەیی کوردەکان لە کرماشاندا لێک بترازێنێت. بەڵام وریایی گشتی، هەڵوێستی هاوبەشو خاوەن دەرکەوتنیان لە مامۆستا ڕەبیعی ئەوەی سەلماند کە مەشخەڵێک کە مامۆستا دایگیرساندوە، ڕووناکییەکە کە هەرگیز کوژانەوەی بۆ نابێت.
رۆژنامەی کوردستان ژمارە 522