رژێمی کۆنەپەرست و دژی بەشەری جمهوری ئیسلامی ئێران، بەدوای هاتنەسەرکاری حەسەن ڕۆحانی، کە بە پیاوی ڕیفۆرمیستی ڕژێمی ئیسلامی ناودەبرێت، دەستی داوتە حەملەیەکی بەربڵاوی لەسێدارەدانی نەیاران و هەڵسوڕاوانی سیاسی. بەم دواییانە زیاتر لە 300 کەسی لەسێدارەداوەو ژمارەیەکی زیاتریش چاوەروانی سزای لەسێدارەدان دەکەن و لەپشتی دەرگای پۆڵاینی زیندانەکاندا ڕاگیراون.
ئەم شەپۆلی لەسێدارەدانە لە کاتێکدایە کە حەسەن ڕوحانی- سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئێران- بەڵێنی گۆرانکاری و چاکسازی و میانەرەوی بە خەڵکی ئێران دابوو، تا لەو ڕیگایەوە ڕای گشتی فریو بدات، کەچی بەرچاوترین دیاری ئەم سەرکردە کۆنەپەرستەی دەوڵەتی ئیسلامی و خزمەتکاری سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری لە ئێران، وەرێخستنی شەپۆلی لە سێدارەدانی هەڵسوراوانی سیاسی و نەیارانی سیاسیی دەسەڵاتی ڕەشی بۆرژوا- ئیسلامی بوو لە ئێراندا.
ئەمریکاو ڕۆژاوا کە مەرجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ ئێراندا دەبەستەوە بە مەسەلەی باشکردنی ڕەوشی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە، دوای هەڵبژاردنی ڕۆحانی، کە بڕیارە چرای سەوزی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە داگیرساندبێت، ئیتر بایەخێکی نامێنێت. بیدەنگبوونیان لە ئاست تاوانی لە سێدارەدانی ڕۆژانەو سەرکوتی بێپەردەی هەمەلایەنەی ماف و ئازادیەکانی خەڵک ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە ململانێی چەندین دەیەی نێوان ئەمریکاو ڕۆژاوا لەگەڵ ئێران و دۆسیەی ئاسایکردنەوەی ململانێی نێوانیشیان هیچ پەیوەندیەکی بە مافەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و سەرجەم هاوڵاتیانی ئێرانەوە نیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خۆشخزمەتی بە ڕژێمی ئێران تایبەتمەندیەکی ئاشکرایەتی، بە وەستانەوەی بەرووی خۆپیشاندانی نارەزایەتی دژی تاوانەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و ڕاوەدونانی هەڵسوراوان و چالاکوانانی سیاسی بەبیانوی توندو تیژی نواندن بەرامبەر سەفارەتخانەی ئێران لە هەولێر، جارێکی تر ئەو ڕاستیە نیشان دەداتەوە، کە ئامادەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان، خەڵکی توڕەو نارازی بە سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، سەرکوت و زیندانی بکەن، کەچی لەبەرامبەر لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی ئەو ڕژێمەدا بێدەنگ دەبن و لە هەولێردا دەبنە پاسەوانی سەفارەتخانەو بنکەو بارەگاکانیان.
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!
لایەنگرانی مافەکانی ئینسان و نەیارانی سزای لەسێدارەدان!
شەپۆلی لەسێدارەدان و سەندنەوەی بە ئەنقەستی ژیان لە هەڵسوراوان و نەیارانی سیاسی و ئازادیخوازان لەلایەن دەسەڵات و جەلادانی ئازادی لە ئێرانەوە، کردەوەیەکی قێزەونی نامۆ بە بەشەریەتی ئەم سەردەمەیە. ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەو تاوانەی ئەو ڕاستیە نیشان دەدات، کە ئەم دەسەڵاتە بە بێ سەرکوت و کوشتار ناتوانێ درێژە بە تەمەنی نەگریسی بدات. بێدەنگەکردنی ئەمریکاو ڕۆژاوا بەرامبەر بەم ئینسان کوژیە ئەو ڕاستیە ئاشکرا دەکات کە ئامادەن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوریەکانیاندا، شانۆی کوشتاری کلور کلور ئینسان ببینن و تەماشاچی بن. گرتن و زیندانیکردنی خۆپیشاندەرانی دژی ڕژێمی ئێران ئەو ڕاستیە نیشان دەدات کە دەسەڵاتی هەرێم لەجیاتی وەستانی لە پاڵ خواستی ئازادی و ئینسانیدا، لە ڕیزی سەرکوتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و سەرکوتی سیاسیدا وەستاوە. پێویستە ئەم سێ کوچکەی ئەمریکاو ڕۆژاوا- دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران- و دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرەو ڕووی شەپۆڵێک لە نارەزایەتی ئێمەو ئینسانیەتی ئازادیخواز لەسەرتاسەری دنیادا بێتەوە. ئەگەر دەسەڵاتە سەرکوتگەر و دژی ئازادیەکان، پێویستیان بەوەیە لە پاڵ یەکتریدا بوەستن، ئەوا پێویستە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و دەنگی ڕەسای دنیای شارستانی، لەپاڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی دژی سەرکوت و سێدارە لە ئێراندا، بوەستن و ئەم کۆمەڵکوژیەی مرۆڤ ڕاگرن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە کاتێکدا بەتوندی ئیدانەی ئەم ئینسانکوژیە دەکات، هاوکات لەپاڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و دنیا لە دژی سەرکوت و ئیعدامی ئەو ڕژێمە هارە ڕادەوەستێت. لە ڕیزی پێشەوەی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستانیشدا دەبێت بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە سیاسەتی خۆشخزمەتی حکومەتی هەرێم بە دەسەڵاتی ڕژێمی درندەی ئیسلامی ئێران و خوازیاری هەڵپێچانی کۆنسوڵخانەکانی ئەم ڕژێمە هارەیە لە کوردستاندا.
نا بۆ سزای لەسێدارەدان، بژی ئازادی هەڵسورانی سیاسی!
مەرگ بۆ جمهوری مەرگ و سێدارە لە ئێران!
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
12-11-2013