قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی ئاماری کارو چالاکی هەرسێ لیژنەی ژینگه و سەلامەتی کرێکارو بەدواداچوونی کارگەی کەسەی بینازی ڕاگەیاند، لەماوەی پێنج مانگیشدا پێنج کورەی خەڵوز و دوو کارگە داخراون.
لە ڕاگەیەندراوێکی قایمقامیەتی سلێمانیدا کە وێنەیەکی بۆ (خەندان) نێردراوە، تیایدا هاتووە: ئەمڕۆچوار شەممە (20ی تشرینی دووەمی2013) ئاوات محەمەد غفور، قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و بە ئامادەبوونی حاکم سەمەد محەمەد، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگەی هەرێم و سەرۆک و ئەندامانی هەرسێ لیژنەی (ژینگە، سەلامەتی کرێکار و بەدواداچوونی کارگەکانی کەرەستەی بیناسازی) ئامارو کارو چالاکییەکانی خستەڕوو.
تیشکیشی خستە سەر ڕۆڵ و گرنگی کاری هەرسێ لیژنەکە، کە بەمەبەستی ڕێنمایی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانی و لە چوارچێوەی کاری لیژنەکاندایە، هەندێک لە و شوێنانە دوو بۆ سێ جار سەردانکراون و ئاگادارکراونەتەوە کەپابەندی مەرج و ڕێنماییەکان بن و لە چوارچێوەی یاسادا کاربکەن.
له و ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: لە ماوەی پێنچ مانگی ڕابردوودا لیژنەی بەدواداچونی کارگەکان بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی لەسنوری شاری سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی و ئیدارەی گەرمیان سەردانی 275 کارگەیان کردوە بەمەبەستی ڕێنمایی کردن و هاندانیان بە بەکارهێنانی مەوادی شکاوی خاوێن بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی کۆنکرێتی ئامادەکراوی وەک بلۆک و گیراوەی قیری و کربستۆن و بیهارتۆن و بەرهەمی کەسارەکان.
هەروەها لیژنەی سەلامەتی کرێکاران سەردانی 163 شوێنییان کردووە 15 شوێن وەسڵی سەرپێچی بۆکراوە و 42 شوێن پابەندی ڕێنماییەکانبوون، لیژنەی ژینگە لەماوەی دەست بەکاربوونییەوە سەردانی 225 شوێنیان کردووە و 44 شوێن پابەندی مەرج و ڕێنماییەکان بوون 56 کارگە پابەندی مەرج و ڕێنماییەکان نەبوون و پێنج کورەی خەڵوز و دوو کارگە داخراون.
- 20-11-2013