نووسەر: کارڵ مارکس
وەرگێڕ: #سیامەند شاسواری#
لە بڵاوکراوەکانی: #کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان#
چاپی یەکەم 1982
چاپی دووەم 2019
=KTML_SeeMore=بۆ وەرگێڕانی دووەمی ساڵی 2019=SeeMore_Disc=ساڵی 1982، واتە ڕێک 38 ساڵ لەمەوبەر، کە پێشمەرگەی یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان و ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووم، لە دووتوێی پرۆژەی وەرگێڕانی سەرچاوە مارکسیستییەکان بۆ سەر زمانی کوردی، پەرتووکی {هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت}م لە بارەگا بە چیلکە و قوڕ و نایلۆن سازکراوەکانی سەرکردایەتی، کرد بە کوردی و دەزگای ڕۆشنبیریی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە تیراژی 2000 دانەدا چاپ و بڵاوی کردەوه، کە ئه و تیراژە بۆ ئه و کاتەی خەباتی شاخ و دەگمەنبوونی هەرچەشنە کەرەستەیەکی پێویستی چاپەمەنی، زۆر بەرچاو بوو.
وەک لە بیرم بێ، هەم هەژدەی برۆمێر و هەم هەموو سەرچاوەکانی تر کە ئه و کاتە وەرمان گێڕان و ژمارەیەکی زۆر بەرچاو بوون، کاریگەرییەکی گەلەک باشیان لەسەر پەروەردەکردنی کادر و ئەندامانی نەک تەنها کۆمەڵەی ڕەنجدەران، بەڵکو هەموو پارت و ڕێکخراوەکانی تری {دۆڵی ئەحزاب}، واتە خڕی ناوزەنگی زەڵێ و نەواقەیدا هەبوو.
لە پاش هاتنم بۆ ئورووپا، هەرگیز ئه و پەرتووکەم نەبینییەوه، تا ساڵی 2013 لە سلێمانی لە ئەرشیڤی ماڵی هاوڕێیەک چاوم بە بینینی ڕوون بوویەوە. جا نازانم لای کێی تر ماوه، هەرچەند دیارە ئەوەی کە تا ئێستە پاراستبێتی، لای ئازیز بووە. وەک هەستم پێ کرد، هەم ئه و پەرتووکە و هەم هەموو پەرتووک و بەڵگەکانی ناو ئەرشیڤەکەی ئەو هاوڕێیە زۆر لای گرنگ و خۆشەویست بوون. بۆیە نە داوام لێ کرد پێمی بدا و نە ئەشزانم ئەگەر داوام بکردایەت، پێمی ئەدا یان نا؟ دیارە هەمیشە کەڵکەڵەی ئەوەم لە سەردا بوو خۆزگە جارێکی تر بمکردایەتەوە بە کوردی. بەسەرهاتی وەرگێڕانی نوروێژییەکەیشی بە هەمان شێوەی وەرگێڕانە کوردییەکە ڕۆیشتووە و تەنها یەک کۆپی لە چاپی یەکەمی لینینگرادی پەرتووکەکە ماوە کە لە {ناشۆناڵ گالێری Nasjonalgalleriet} لە ئۆسلۆ پاراستوویانە و نەک نایدەن بە دەرەوە، ئەوەشی کە بیەوێ، ئەبێ هەر لەوێ دابنیشێ و بە دەسکێشەوە بیخوێنێتەوه، تا دەستی لە پەڕەکانی نەکەوێ. هەرچەند بەرپرسی مۆزەخانه، کە زانیی لە دوای ماوەیەکی دوورودرێژ، بۆ جارێکی تر وەری ئەگێڕمەوە، وتی کاتێ کە ئەم پەرتووکە لە پەرتووکفرۆشی و پەرتووکخانەکان نەمابێ، پێم وابێ کاتی ئەوە هاتووە ئێمەش چاپی بکەینەوە.
هەرچی چۆن بێ، کات هات و چوو، تاکو ئەمساڵانە کە چەند جارێ لە لایەن هەندێ هاوڕێوە باسی پێداویستیی چاپ و وەرگێڕانێکی تازەی {هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت} کرا. منیش لە یەکەم دەرفەتدا کەوتمەوە وەرگێڕانی، بەبێ ئەوەی بزانم و لە بیرم بێ، تەمەنێک لە پاش وەرگێڕانی یەکەم و هەستکردن بەوەی کە لە دوای ئەو هەموو هاوڕێ ئازیزەی له و بوارە پیرۆزەی خەبات لە ڕێگەی سەربەخۆییدا گیانی خۆیان بەخت کردووه و من لە زیادی ماوم، بە چ شێوەیەک کردوومە بە کوردی، سەرلەنوێ تێ هەڵچوومەوە و هەر زۆر زوو گەیاندمە کۆتایی. واتە ئەمە وەرگێڕانی پەرتووکێکە کە لە پاش 38 ساڵان جارێکی تر کردمەوە بە کوردی. ئەزانم ئەم پەرتووکە سەنگ و گرنگیی مێژوویی خۆی وەکوو داهێنانێکی بلیمەتانەی کارڵ مارکس لە دەست نەداوە.
{... ئەگەر دەلمەی ئیمپراتۆری، سەرەنجام بدرێ بە شانی لویی بۆناپارتدا، پەیکەرە برۆنزەکەی ناپۆلیۆن لە سەر ستوونی ڤەندۆم ئەکەوێتە خوارەوه}، ئەمە هەڵسەنگاندن و پێشبینیکردنی زانستییانە لەبەر ڕووناکی پازە و بەڵگەی بەردەست و بینینی ئه و خاڵە وردانەیە کە مەگەر چاوی وریا و وردبینی وەکو مارکس، ئەگینا هەموو چاوێک نایانبینێ، چەندین و چەند جار ئه و بەسەرهاتەی بە خۆیەوە بینیوە و جاران و جاران بە زمانانی جۆراوجۆر چاپ کراوەتەوە، کە تا ئەمڕۆش هەر هەمانە و هەموو پەرلەمانەکان وەک مارکس وتوویەتی، هێشتاش تووشی هەمان نەخۆشیی کرێتینیزمی پەرلەمانین و هێشتاش نازانن کە ئەوە {هاوسەنگیی ڕاستەقینەی هێزە چینایەتییەکانە کە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە لایەکدا ئەخا، نەک سیستەمی فەرمانڕەوایی پەرلەمانی.}
سیامەند شاسواری
کازابڵانکا، 9ی فێبریوەری 2020=KTML_SeeMore_End=
[1]