خەندان ڕەهێل سەمەد
بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتوو دوازدە هەمین ڕاپۆرتی شەش مانگی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بڵاو بکرێتەوە و بە گوێرەی وتەی بەرپرسان سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لەم ڕاپۆرتەدا دزینی بابەتی ڕۆژنامەنووسی لە لایەن کاڵەکان لە یەکتر بە پێشێلکاری هەژمار دەکرێت، ئاماژە بەوەدەشکرێت پێشێلکارییەکانی شەش مانگی ڕابردوو زیادیکردووە.
حەمید بەدرخان، سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان بە خەندانی ڕاگەیاند: ئامادەکارییەکان بۆ ڕاگەیاندنی دوا ڕاپۆرتی شەش مانگی 2013 کە بە ڕاپۆرتی 12 دادەنرێت، لەبارەی پێشێلکارییەکانیشەوە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان تەواوکراوە و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ئه و ئامارانە ڕادەگەیەنن.
حەمید بەدرخان وتیشی: "رێژەی پێشێلکارییەکانی شەش مانگی ڕابردوو بە بەراورد بە شەش مانگی پێشتر زیادیکردەوە، ئەویش زیاتر لە مانگی ئەیلولی 2013 تۆمارکراوە، کە مانگی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو".
سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان ئەوەشی خستەروو: "راپۆرتی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە ڕاپۆرتەکانی دیکە، چونکە لەم ڕاپۆرتە دزینی بابەتی ڕۆژنامەوانی لەنێوان کەناڵەکان بە پێشێلکاری هەژماردەکرێت، بۆ ئەمەش لە ڕاپۆرتەکە باسی لێوە دەکرێت".
بەدرخان ئاماژە بەوەشدەکات: هاوکات پێشێلکاری خودی کەناڵەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بە هەمانشێوە بە پێشێلکاری دانراوە و له و ڕاپۆرتەی بڵاوی دەکەنەوە ئاماژە به و کەناڵانە دەکەن کە پێشێلکاریان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامداوە.
لە ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2013 کە بەراپۆرتی 11 دەناسرێت، 20 پێشێلکاری بەرامبەر 30 ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، له و 20 پێشێلکارییە، سێ حاڵەتی دەستگیرکردن و شەش حاڵەتی لێدان و هەشت حاڵەتی ڕێگەنەدان و سێ حاڵەتی هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە.
- 11-01-2014