بەراورد بە ساڵانی پێشووتر شوێنە گەشتیاریەکانی شاری سلێمانی زیاتر پابەندن بە جێبەجێ کردنی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وەک لە ئامارەکاندا هاتووە و سەرپێچی کردنی شوێنە گەشتیارییەکان سەدا 44 کەمی کردوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، تیایدا هاتووە: دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆیان و لە چوارچێوەی یاسادا دەرکەوتووە، لە ساڵی 2012 دا 169 شوێنی گەشتیاری پسووڵەی سەرپێچیان بۆ کراوە و لە 2013 دا ئه و ڕێژەیە بۆ 135 حاڵەت کەمیکردوە.
ئاکۆ ئەحمەد عارف، بەڕێوەبەری پشکنینی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند: زۆرێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکانی دانانی پلەی گەشتیاری و مینیۆی تایبەت بە نرخ و یەک پۆشی جل و بەرگی کارمەندان و تابلۆ ڕووناکی و کەل و پەلی تایبەت بە خزمەتگوزاری بواری گەشتوگوزاری تێیاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەوەشی گەڕاندوە بۆ زۆری پشکنینەکان لە ڕێگەی لیژنەکانیانەوە کە تەنها لە ساڵی 2013 دا نزیکەی (1500) سەردانیان ئەنجامداوە لە شوێنە گەشتیاریەکانی شارەکە.
ئەئکیدی لەوەش کردوە: وەک گەشتوگوزاری سلێمانی بە هیچ شێوەیەک مەبەستیان نیە سزای مادیی شوێنە گەشتیارییەکان بدەن، بەڵکو لە کاتی سەردانەکانیاندا لیژنەکانی پشکنین چەندین جار لە کاتی بوونی کەم و کوڕیەکاندا ڕێنمای دەدەنە ئه و شوێنانە ئەویش به و ئامانجەی زۆرترین سەرمایەدار سەرمایەکانیان لە بواری گەشتیاری و کردنەوەی شوێنی گەشتوگوزاری تازە وەگەر بخەن.
هاوکات ڕاشیگەیاند: لە ساڵی 2013 (500) ئاگاداری پێش وەختە دراوەتە شوێنە گەشتیاریەکان کە لە 2012 دا (169) حاڵەتی ئاگادار کردنەوە بوونی هەبوە کە ئەوەش دەرخەری ئەوەیە هەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕێنمایی بە باشتر دەزانێت وەک لە سزای مادی.
- 16-01-2014