ئەمڕۆ دیتمان کە تێکۆشانی چەند سەدساڵەی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە سایەی تێکۆشان و بەرخۆدانی بێوێنە لە ڕۆژاوای کوردستان دەستکەوتێکی مێژووی لەگەڵ خۆی هێنا.
دوای ساڵەها سەرکوت و کوشتاری دەستەڵاتدارانی سوریە لە کۆتاییدا تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان بە ئاکام گەیشت و توانی بە شەهامەتێکی بێ وێنە خواستە ڕەواکانی خۆی بکاتە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر و تێکۆشانی مێژوویی خۆی بگەیینێته قۆناغێکی نوێ.
لەگەڵ دەستپێبوونی تێکۆشانی خەڵک لە دژی دیکتاتۆریەتی بەشار ئەسەد گەلی کورد شێوازەکی دیموکراتیک و دوور لە توند و تیژی گرتەبەر و بە پێشخستنی دەنگێکی سەربەخۆ لە هیچکام لە بەرەکانی دەوڵەتانی هەرێمی و جیهانی جێگەی نەگرت وبە فکر وبیرۆکەی دیموکراتیک و ئازادیخوازانە تێکۆشانی خۆی بەرزکردەوە. تێکۆشانێک کە ئامانجی بونیادنانی دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسینە وەک مافێکی حاشاهەڵنەگر. هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینی گەلانی سوریە گەلی کورد لە سایەی ڕێکخراوەکانی سیاسی و پاراستنی خۆی دەستیکرد بە ئازاد کردنی شار و گوندەکان و هەرێمەکانی خۆی و نەیهێشت شەر دزە بکاتە ڕۆژاوای کوردستان.
ئێمە بینیمان و ئیستاش دەبینین کە لە هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە بناژۆخوازەکان و هێزەکانی ڕژیمی ئەسەد دا ئەوە خەڵکی سیڤیلە کە دەکەوێتە بەر کوشتار و شەری خوێناوی هەر دوو لایەن. بەڵام سیاسەت و بەرنامەی ژیرانە و ڕێکوپێکی ڕەوەندە کوردستانیەکانی ڕوژاوا نەیهێشت ئەو دۆخە سامناکە بگوازریتەوە کوردستان.
گەلی کوردستان لە سایەی تێکۆشان و چالاکی ڕێکخراوەکانی خۆی بوو بە لەمپەرێکی جیددی لە بەرامبەر هێزە دواکەوتوەکانی گرێدراوی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و وڵات و خەڵکی کوردستانیان لە هەموو مەترسی و دەستێوەردانێک پاراست.
ئەمڕۆ ڕۆژەکی مێژوویی دەبێت لە میژووی گەلەکەماندا کە بە گیانفیدایی و تیکۆشانی مناڵانی ئەو خاک و وڵاتە نەخشاوە و ئەرکی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازە کە پشتیوانی لێبکات و هەر بەو پێیەش داوادەکەین لە هەموو گەلی کورد کە بە هەموو هێز و توانای خۆی پشتیوانی لەو هەنگاوەی گەلی کورد بکات لە ڕۆژاوای کوردستان.
لە ئاکامی تێکۆشان و هەنگاوەکانی هەڵگیراو لەو بەشە نوێنەرانی کۆمەڵگەی کوردستان سیستەمی خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیکیان وەک مۆدێلەکی بەڕیوەبەری هەڵبژاردوە و بە شێوەیەک کە بتواندرێت هەموو خەڵکانی ئەەو هەرێمە لە کورد و سوریانی و عەرەب و هتد... لەو دا جێیان گرتوە و ڕۆڵی خۆیان دەبینن و هەموویان لە بارودۆخەکی یەکسان و دیموکراتیکدا لە پێناو جێگیرکردنی ماف و ئازادیەکانیان بەشداریان کردوە.هەر بەو پێیەش نوێنەرانی خەڵک بە هەڵبژاردنی سیستەمێکی لامەرکەزی پێکهاتوو لە سی کانتۆن هەوڵیانداوە بواری بەشداری بە زۆرینەی گەل دابین بکەن و ئەوەش مۆدێلێکی بێوێنەیە لە دیموکراسی و بەشداری خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای ڕێزنان لە تێکۆشانی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان و پیرۆزبایی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی جزیرە کە بەدوای ئەودا لە داهاتووی نزیکدا کانتۆنەکانی دیکەش خۆبەڕیوەبەری خۆیان ڕادەگەیێنن و لە کۆتاییدا خۆبەڕیوەبەری ڕۆژاوای کوردستان دادەمەزرێت و دەبێتە ڕاستیی لسەر عەرزی واقیع، لەو باوەڕەدایە کە ئەو شۆڕشە پێشەنگایەتیەکە بۆ دیموکراتیزاسیۆن و جێگیربوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و لە کوردستان کە بەرهەمی فکر و ئەندێشەی ئینسان میحوەر و ئازادیخوازانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە و پارتی و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان