خەندان-رەهێل سەمەد
ئەمرۆ پێنچشەممە، 13ی شوباتی 2014 لەشاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئاماری کاروچالاکیەکانی ساڵی ڕابردووی دادگاکانی هەرێمی کوردستانی خستەروو کە بریتیە لە مامەڵەی ئەنجامدراو و کارەکانی سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوە.
له و بارەیەوە ئومێد موحسین وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ڕایگەیاند: سەبارەت بە مامەڵەی ئەنجامدراو لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵی 2013، مامەڵەکان بەمجۆرە بوون: لە پارێزگای هەولێر 18هەزار و 354 حاڵەتی مارەکردن و دوو هەزار و 760 حاڵەتی تەڵاق و 39 حاڵەتی هێنانی ژنی دووەم تۆمار کراوە، ئەمە لەکاتێکدا لە پارێزگای سلێمانی 14هەزار و 911 مارەکرن و دوو هەزار و 184 تەڵاق و 16 حاڵەتی هێنانی ژنی دووەم تۆمارکراوە، لە پارێزگای دهۆکیش 13هەزار و 370 مارەکردن و هەزا و 53 تەڵاق و 6 حاڵەتی هێنانی ژنی دووەم تۆمارکراوە، لە کەرکووک و گەرمیانیش شەش هەزار و 114 مارەکردن و 420 تەڵاق و یەک هێنانی ژنی دوەم هەبووە.
هەرله و کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەدا چەند ئامارێکی دیکەی دادگاکان لە بارەی وەفاتنامە و گلدانەوە و پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی و ڕاسپاردنامە و چەند جۆرێکی دیکەی مامەڵەی دادگاکان خرایەروو، بەڵام بەگشتی باس لەوە کرا کە ڕێژەی مارەکردن لەماوەی ساڵی 2013 لە هەرێمی کوردستان بەراورد لەگەڵ ساڵی 2012 کەمی کردووە، ئەمە لەکاتێکدا ڕێژەی تەڵاق لەزیادبووندایە.
هەرلەچوارچێوەی خستنەروی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری کارەکانی سەرۆکایەتی دادگای پێداچونەوەی هەرێم (تەمیز) لەماوەی ساڵی ڕابردوو ئاشکرا کرا.
لەکۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا ئاماری سەرجەم دادگاکان ئەوانەی لەبەردەمی دادگان و ئەوانەی یەکلاکراونەتەوە ڕاگەیەنرا کە پێکهاتبوون لە دادگاکانی تێهەڵچونەوە و تاوان و کەتن و نەوجەوانان و لێکۆلێنەوە و باری شارستانی و کار و بەرایی و کاروباری کەسی و بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی.
- 13-02-2014