85 ئافرەت لەنێو 28 کیانی سیاسی لەکەرکووک خۆیان بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندیدکردوە، ڕێکخراوێکیش ڕایدەگەیەنێت، لەرێی هاوکاریکردنی کاندید و پەرلەمانتاران هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئافرەت دەدەن.
کەرکووک، ئاوێنەنیوز: بڕیارە لە 30ی نیسانی داهاتو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سازبکرێت، کاندیدانی ئافرەت سەرەڕای ئەرکە سیاسی و ئابورییەکان، خەمی توێژەکەی خۆیان یەکێک دەبێت لەئەرکە بنەڕەتیەکانیان، بۆ سەرکەوتنیشیان لەم بوارەدا لەئێستاوە ڕێکخراوێک قۆڵی لەگەڵ هەڵماڵیون.
ڕێکخراوی هیوای عێراقی کە تایبەتە بەرپرسی ئافرەتان بەهاوکاری ڕێکخراوی (هیبۆسی) هۆڵەندی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەکەرکووک خولێکیان بۆ کاندە ئافرەتەکانی نێو لیست و قەوارە سیاسیەکانی شارەکە ئەنجامدا.
لەشاری کەرکووک 28 کیانی سیاسی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان سازکردوە، لەنێو کاندیدانی ئه و کیانانەشدا 85 کاندیدی ئافرەت لەنەتەوە و توێژە جیاجیاکانی شارەکە بەدیدەکرێت.
سردو محەمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی هیوا بەئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند، پرۆژەکە لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامدراوە کە لەبەشی یەکەمیدا نزیکەی هەزار ئافرەت بەشداربون. وتیشی، هەوڵدەدەین ئافرەتان سەرکەوتوبن لەپڕۆسەکەداو ببنە نمونەیەکی سەرکەوتوو بتوانن سەرنجی ئافرەتانی دیکەش بۆخۆیان ڕاکێشن.
ناوبراو هێمای بۆئەوەکرد، دەمانەوێت لەرێگای ئەم کاندیدانەوە کە لەداهاتودا بەشێکیان دەبنە پەرلەمانتار پێکەوە بەشێک لەکێشەکانی ئافرەتان و کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەربکەین.
بەپێی یاسا کارپێکراوەکان پێویستە سێ یەکی کاندیدی لیست و قەوارە سیاسیەکان بۆ هەڵبژاردنەکان لەعێراق ئافرەت بن کە بەسیستمی کۆتا ناسراوە و ئامانج لەم کارە جێکردنەوەی ڕۆڵ و جێدەستی ئافرەتانە لەپرۆسەی بەڕێوەبردندا، بەڵام بەرپرسی ڕێکخراوی هیوا ڕەخنە لەچەند لایەنێکی سیاسی دەگرێت و دەڵێت، "چەند لایەنێک تەنها لەبەر یاسای کۆتا ئافرەتیان لەلیستەکانیاندا داناوە و تەنها بۆشاییان پێپڕکراوەتەوه و هەوڵیاننەداوە ئەم ئافرەتانە بکەنە نمونەی کەسانی سیاسی سەرکەوتو".
- 23-02-2014