غەزوان داوودی، نوێنەری شەبەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، "لەئاکامی کوشتن و هەڕەشەی بەردەوامی گرووپە تووندڕەوەکان بۆ سەر کوردانی ئێزدی و شەبەکی شاری موسڵ، لە ساڵی 2006ەوە تاوەکو ئێستا، 7هەزار خێزانی شەبەک، کە دانیشتووی گەڕەکەکانی گەراج شیمال، تەئمیم، نەینەوای شەرقی و جەزائیر بوونە، موسڵیان جێهێشتووە و ئێستا لە کۆمەڵگاکانی تیبە، زەهرا، غەدیر و نور لەسنووری بەرتللە و بەعشیقە نیشتەجێن". سەبارەت بە ژمارەی ئەو شەبەکانەش، کە تاوەکو ئێستا بەهۆی بەئامانج گرتنیان کوژراون، نوێنەری شەبەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ گوتی "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لەشاری موسڵ 30 شەبەک کوژراون و تێکڕای ژمارەی کوژراوانی شەبەکیش لەو پارێزگایە گەیشتووەتە 1380 کەس، دوێنێش کوردێکی شەبەک، کە لە شارەوانی بوو، کوژرا، پێرێش کوردێکی دیکەی شەبەک کوژراوە". داوودی گوتیشی "ئەو گرووپە تووندڕەوانەی هەڕەشەی جێهێشتنی موسڵیان لە شەبەکەکان کردووە، دوای ئەوەی ماڵەکانیان جێهێشتووە، لەسەر خانووەکانی ئەوانیان نووسیووە (لایباع و لایشتری)، واتە ئەو خانووە کڕین و فرۆشتنی پێوە ناکرێت". محەمەد عەبد، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگای نەینەوای وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق، "بەهۆی کارە تیرۆریستییەکان و بەردەوامی هەڕەشەی گرووپە تووندڕەوەکان لە ناو پارێزگای نەینەوا، تاوەکو ئێستا 12 هەزار خێزان ماڵ وحاڵیان جێهێشتووە کە زۆربەیان شەبەک و ئێزدین". بە گوتەی محەمەد عەبد، وەزارتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێگە چارەیەک لە گەڵ دەزگا ئەمنییەکانی موسڵ بدۆزێتەوە بۆ ڕێگرتن لەو کۆچکردنە وپاراستنی ئەو خێزانانەی کە لە لایەن "تیرۆرستان"ەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت، بە تایبەت کە پارێزگاکە بەرەو هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق دەڕوات وئەم کۆچکردنەش کاریگەری دەبێت لە سەر بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە دەنگدان".
- 18-04-2014