خەندان-رەهێل سەمەد
لەبارەی چۆنیەتی بەرێوەچونی دەنگدانی تایبەت لە ناوچەکوردییەکانی پارێزگای نەینەوا نوێنەری قەوارەسیاسیەکان ڕایدەگەیەنن پرۆسەی دەنگدانەکە بەشێوەیەکی ئاسایی و بەبێ کێشە بەرێوەچوو و ڕێژەی دەنگدان گەیشتۆتە 85%.
حسێن دەرمان وتەبێژی لیستی (ی ن ک) لە پارێزگای نەینەوا و ڕێکخەری ئەو لیستە لە کۆمسیۆن هەڵبژاردنەکان بە خەندانی ڕاگەیاند: لە سنوری ناوچە کوردستانیەکانی پارێزگای نەینەوا 12 بنکەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرایەوە و تاکو کاتژمێر شەشی ئێوارە ڕێژەی دەنگدارەن 85% بەشداریان لەو پرۆسەیە کرد.
حسێن دەرمان وتیشی: لە ناوچە کوردییەکانی نەینەوا لە کاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەت هیچ ڕووداوێک ڕووینەدا، بەڵام لەناوچەکانی تری ئەو پارێزگایە چەند ڕووداوێک ڕوویدا و قوربانی لێکەوتەوە کە لە نێوشیان ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس برینداربوون.
لە پارێزگای نەینەوا 28 قەوارەی سیاسی کێبرکێ لەسەر 31 کورسی نیشتیمانی و 3 کورسی کۆتا دەکەن، بۆئەمەش یەک ملیۆن و 916هەزار کەس مافی دەنگدانی لەو هەڵبژاردنەدا هەیە.
- 28-04-2014