ئەمرۆ بەرواری 09-06-2014 لە شاری هەولێر، لە ژێر دروشمی (ژنان پێکهاتەیەکی گرنگی گەشەپێدانی هەرێمن، ناکری لە ناوەندی بریاردا نەبن)، (بوونی ئافرەت لە کابینەی هەشتەمی حکومەت بچووکترین بەڵێنە حزبەکان بە دەنگدەرانیان دابو)، کۆربەندی هەرێمی سەبارەت بە پرسی بەشداری ژنان لە ناوەندەکانی بریار بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتاران وکەسایەتی ونوینەرانی دام ودەزگاکانی حکومەت ورێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی بەسترا.
لە ڕوانگەی ئەوەی کە بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ئافرەت کاراکتەرێکی بەهێز بووە لە سەرخستنی شۆرشە یەک لەدوایەکەکان بۆیە ئەم کۆربەندە بەشداری ژنان لە هەموو کایەکانی ژیانی کۆمەلگا بە گشتی ولە ناوەندەکانی بریار بە تایبەتی بە پێویستیەکی قۆناغەکە دەزانیت.
ژن وەک کارەکتەرێکی سیاسی بەهێز ڕۆلی پێشەنگی بینیوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان چ وەک دەنگدەرو چ وەک بانگەشەکارێکی دیارو بەرچاو بۆ سەرخستنی بەرنامەو پالێوراوانی حزب و لایەنە سیاسیەکان.
کەواتە وەک چۆن سەرکردایەتی حزب ولایەنە سیاسیەکان جەخت لە ئیستحقاقی ئینتخابی خۆیان دەکەنەوە بە هامان شێوە ئێمەی ژنانی پارتە سیاسیەکان ورێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی و وکەسایەتی وچالاکەوانی بواری مافەکانی مرۆڤ جەخت لە ئیستحقاقی ئینتخابی بۆ ژنان دەکەینەوە.
بۆیە پێویستە لە سەرجەم جومگەو پێگەکانی دەستەلات وناوەندەکانی بریار بەشداری ژنان لە ڕێژەی 30% کەمتر نەبێ ولە هەمان کاتدا داو ا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین، هەرچی زووە کاربکات بۆ چەسپاندنی ئەو ڕێژەیە بە یاسا تاوەکو پرۆسەی یەکسانی ودەستەبەری کۆمەلایەتی لە هەرێمی کوردستاندا دەستەبەر بکرێت.
کۆربەندی هەرێمی بۆ بەشداری ژنان لە ناوەندی بریاردا
هەولێر/ هۆلی شەهید سەعد عبدالله
09-06-2014