ناو: ئیبراهیم
نازناو: ئیبراهیم خان نادری -میرزا ئیبراهیم
ناوی باو: فەیزوڵڵا خان نادری
شوێنی لەدایکبوون: شاری #کرماشان#
ساڵی لەدایکبوو: 1911
شوێنی کۆچی دوایی: وڵاتی سووریا
$ژیاننامە$
ئیبراهیم نادری لە ساڵی 1911 لەدایکبووە. ناوی باوکی فەیزوڵڵا نادری بوو. لە بنەماڵەی کوردە فەیلییەکان بووە، هەموویان دانیشتووی شاری کرماشان بوون. تا سەردەمی گەنجی لە شارەکانی کرماشان و #بەغدا# ژیاوە و لەم شارانەدا وانەی خوێندووە. دوای کۆتایی هاتنی خوێندنی لە بەغدا چووە بۆ ئەورووپا و لە بەشی یاسا لە زانکۆ خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەدەست هێناوە. ئیبراهیم نادری ئەندامی لیژنەی زانکۆی فەڕەنسی بووە، دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران لە زانکۆی سەربازیی تاران وانەی مێژووی وتوەتەوە.
$چالاکییەکانی$
#کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان# (کۆمەڵەی ژ. ک) کە لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم وەکوو ناوکی سەرەتایی #حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران# دامەزرابوو، دوای دەستپێکردنەوەی جەنگ لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو کرماشان، ئێلی کەڵهوڕ و پێشتکوو (#ئیلام# ) چەند لقێکی دامەزراند. بەرپرسی لقەکانی (#سنە# ، کرماشان، پێشتکوو، ئێلی کەڵهوڕ و هەروەها #لوڕستان# ) #میرزا عەبدوڵڵا مودەبیر# بوو. لە لقی کرماشان جگە لە ئیبراهیم نادری، سەید محەمەد تاهیر هاشمی و ڕەشید باجەلان چالاک بوون.
$کۆماری کوردستان$
لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ئیبراھیم نادری لەگەڵ میرزا عەبدوڵڵا مودەبیر چوو بۆ #مەھاباد# ، لەو کۆمارە بەھۆی شارەزایی لە کاروباری سەربازی و سیاسی و ھەروەھا زانینی زمانەکانی فەڕەنسی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی و زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی لەلایەن #پێشەوا قازی محەمەد# وەکوو سەرۆکی گشتیی چاندی کۆماری مەھاباد ھەڵبژیردرا و وەکوو ڕاوێژکاری سەرکۆمار بوو بە سەرھەنگی ئەرتەشی کۆماری کوردستان.
$چالاکیی ڕۆژنامەوانی$
ئیبراھیم نادری لە چاپەمەنییەکانی وەکوو کوردستان (ئۆرگانی کۆماری کوردستان) ،#گەلاوێژ# (بە زمانی کوردی) و کووھستان (بە زمانی فارسی) وتارەکانی دەنووسی. لە گۆڤاری کووھستان سەبارەت بە سەڵاحەدینی ئەیوبی زنجیرە وتارێکی نووسیوە. ھەروەھا خوازیاری بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک بە ناوی ژیان بوو کە چاپ نەبوو، بەڵام دوای ماوەیەک بوو بە بەرپرسی گۆڤاری دەنگی کورد کە عوبەیدوڵا ئەیوبیان سەرنووسەری بوو و لە دوایەمین ژمارەکەی ھەواڵی ڕووخانی کۆماری کوردستانی بڵاوکردووە وە.
$ڕووخانی کۆماری کوردستان و زیندان$
ئیبراھیم نادری دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لەگەڵ محەمەد ئەیوبیان (وەزیری تەندرووستی) ، جێگری سەرۆک کۆمار قازی محەمەد و چەند کەسێکی تر دەستبەسەرکرا، لە دادگا خۆی وەکوو پارێزەر بەرگری لە خۆی کرد و بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا. دوای کۆتایی ھاتنی ماوەی زیندانییەکەی لەژێر چاودێری و فەرمانبەرانی پاراستنی ڕژێمی پادشایەتی ئێران بوو، لە ساڵی 1949 بەشێوەی نەھێنی ئێرانی بەجێهێشت و ڕووی لە وڵاتی سووریا کرد.
$ژیان لە سووریا$
لە سووریا حوسنی زەعیم لە ڕاوێژکارانی سەرۆک کۆماری سووریا و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو وڵاتە چوون بۆ پێشوازیی ئیبراھیم نادری. لە سووریا لە ھێزی ئاسمانیی سوپا کاری دەستکەوت و تا ئاستی سالاری (لیوا) گەیشت. ئەم قۆناغە لە ژیانی ئیبراھیم نادری زۆر تاریک و ناڕوونە.
$کۆچی دوایی$
ئیبراھیم نادری لە ساڵی 1956 لە کارەساتێکی ئاسمانیدا بەھۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی کۆچی دوایی کردووە، بەڵام ھەندێک کەس مردنی بە پیڵانگێڕی دەزانن و ئەم قسە زۆر بیستراوە کە نادری لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی تری کوردی سوپای سووریا بڕیاری کوودەتایان دابوو، لەبەر ئەم هۆیەش لەلایەن دامودەزگای پاراستنی سووریاوە کوژراون. [1]