ئا: دالیا کەمال
بەپێی ئه و ئامارەی لەساڵانی نێوان 2007 -2013 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانی تۆمارکراوه و کۆپیەکی دەست ئاوێنە کەوتوە، زۆرینەی هۆکاری توندوتیژییەکان خێزانین و ئەنجامدەرانی توندوتیژیەکانیش هاوسەری ژنان خۆیانن.
ئاماری توندوتیژیەکانی ساڵی 2007 بەشێوەیەکی گشتی 507 حاڵەت بوە کە (72%)یان کێشەی خێزانی بون، لەساڵی 2008، کۆی گشتی 991 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان ڕویداوە کە 489یان کێشەی خێزانین و 319 حاڵەت بەهۆی مێردەکانیانەوە بوە، هاوکات 387 له و ئافرەتانە خوێندەوار بون.
لەساڵی 2009 کۆی گشتی حاڵەتەکان 1183 بوه و 45%ی کێشەی خێزانی بون و لە 33%ی لەلایەن مێردەکانیانەوە ئەنجامدراوە و 765 ئه و ژنانە خوێندەواربون. کۆی گشتی توندتیژیەکان لەساڵی 2010دا 1617 حاڵەت بوه و 63%ی کێشەی خێزانی بون و 46%ی لەلایەن مێردەکانیانەوە ئەنجامدراوە، کە 43%ی تەمەنی ئافرەتەکان لەنێوان (21-30) بوە.
لەساڵی 2011دا کۆی گشتی توندوتیژیەکان دژی ئافرەتان 1673 بوه و ڕێژەی 68%ی ئه و ئافرەتانی ئەشکەنجەدراون هۆکارەکەی کێشەی خێزانی بوه و 47%ی بەهۆی مێردەکانیان بوه و 34%ی ئه و ژنانەش خوێندەوار بون، زۆربەشیان تەمەنیان لەنێوان (31 -40) ساڵ بوە.
لەساڵی 2012ش، کۆی گشتی توندوتیژیەکان 1924 حاڵەت بوە کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەی توندوتیژیەکان بوه و لەماوەی ئه و شەش ساڵەی ڕابردودا، بەجۆرێک 444 حاڵەت ئەشکەنجەدان بوه و تەمەنی زۆربەی قوربانیەکانیش لەنێوان (21 -30) ساڵیدا بوە، ڕێژەی 40%ی ئه و ئافرەتانەش خوێندەوار بون کە 56%یان لەلایەن مێردەکانیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.
لەساڵی 2013 دا ڕێژەی توندوتیژییەکان کەمێک دابەزیوه و کۆی گشتی بریتی بوە لە 1270 حاڵەت کە زۆربەیان بەهۆی حاڵاتی خۆسوتانەوە بوە.
لەبارەی ئەوەی زۆرینەی قوربانیەکان لەوانەن کە خوێندەوارن، بەهار مونزیر، بەرێوەبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بەئاوێنەی ڕاگەیاند، بەباوەڕی من خویندن گرنگە بەڵام ناتوانیت بەتەواوەتی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت کە ژنان نەهێڵن توندوتیژییان بەرامبەر بکرێت”.
سەبارەت بەوەی کە زۆربەی ئه و ژنانەی توندوتیژبان بەرامبەر ئەکرێت لەتەمەنی 21 -40 ساڵیدان، بەهار پێیوایە، “کچی منداڵیش لەبەر کچبونی جیاوازی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام تەمەنی گەورەبونەکەیەتی دەبێتە مۆتەکە بۆ خێزانی و هاوسەری، لەبەرئەوەی لەکۆمەڵگای دواکەوتودا ژنان هەڵگری ناموسی خیزانن و لەکەداربونی مەترسی دروستدەکات”.
بەبۆچونی ئه و چالاکوانەی بواری ژنان، زۆربەی توندوتیژیەکان بۆیە لەلایەن مێردەکانیانەوە ڕوئەدات، چونکە “نەبونی ئازادی نێوان نێرو می نامۆبونە لەیەکتری، بۆیە کاتێک دەچنە ژیر سەقفێکەوە، هەموو کێشەکان سەرهەڵدەدەن و دونیایەک جیاوازییان دەبێت، لەبەرئەوە ئەمە دەبێتە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕێکی”.
زۆربەی چالاکوانان سکاڵایان لەوە هەیە کە لەسەرەتای ڕودانی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیاندنەکان بەگەرمیەوە باسی دەکەن، بەڵام دوای ماوەیەک بێئەوەی بەدواداچون بکرێت بۆ دەرەنجامەکانی کەیسەکە، فەرامۆش دەکرێت.
ئاڵا لەتیف، بەرپرسی لاپەڕەی کۆمەڵگە لەرۆژنامەی هاوڵاتی لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە وتی، “هیچ شتێک بەقەدەر هەواڵی کوشتن و تاوان لەم هەرێمەی ئێمەدا زو تەلەف نابێت، ئێمە بەپێی ئه و پەندە کوردیە مامەڵە لەگەڵ باسکردنەوەی تاوانەکان دەکەین کە دەڵێت “کای کۆن بەبا مەکە“.
ئاڵا پێیوایە باسنەکردنەوه و لەبیرکردنی ئه و تاوانانە تەنانەت لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنەکانیش، “کارێکی وەهای کردوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک پۆلیس و دادگاش وەک پێویست بەدواداچون بۆ ئه و کەیسانە نەکەن، یان تۆمەتبار بەهەریەک له و کەیسانە بەسوکترین سزا دەربازیان ببێت”.
ئه و ڕاگەیاندنکارە دان بەوەشدا دەنێت کە “نابێت لێرە بەدوا تەنها بە پێوانەی بونی ڕەگەزی کۆنی و تازەیی مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی تاواندا بکەین، ئه و تاوانانەی ئەمڕۆ ڕودەدەن دەرئەنجامی پشتگوێخستنی ئه و تاوانانەیە کە دوێنێ ڕویانداو لەبیرمانکردن”.
لەماوەی ڕابردودا ژمارەیەک حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان لەهەرێمی کوردستاندا ڕویاندا، بەڵام پاش ماوەیەک باسکردنی لەرێگەی ڕاگەیاندنەوە، ئیدی وەک کەیسەکانی ڕابردو هەرزو لەبیرکران، دیارترین نمونەیان کوشتنی دنیای تەمەن 15 ساڵان بو لەلایەن مێردەکەیەوە کە لەرۆژانی سەرەتای ئەنجامدانی تاوانەکە تا ڕادەیەک بەگەرموگوڕیی قسەی لەسەرکرا، بەڵام لەئێستادا کەمترین باس و خواسی لەبارەوە دەکرێت.
ئەم دیاردەیە لەلایەن ڕۆژنامەنوسان خۆیانەوە زیاتر هەستی پێدەکرێت، ئاڵا دەڵێت، “ئه و دۆخەی کە ئێستا لەکوردستان هەیە وادەخوازێت کە بیربکەینەوە چۆن و بەچ شێوازێک ڕێگە نەدەین ئەم تاوانانە لەبیرنەکرێن و تاوانباران بەبێ سزا تێنەپەڕن، بۆ ئەمانەش پێویستمان بەوەیە لانیکەم نمونەی یەک کەیس ببەینەوە کە بەهۆی کاریگەری ڕاگەیاندنەکانەوە تاوانبار بەسزای خۆی گەیشتبێت”.
ئامارەکانی کوشتن و تاوان، بەتایبەتی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرزتر دەبنەوە، لەکاتێکدا دەیان ڕێکخراو، سەنتەر، بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگا لەهەرێمدا کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی توندوتیژیەکان.
- 07-07-2014