رەهێل سەمەد
بەهۆی بارودۆخی ئێستای هەرێم و عیراق کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەئێستادا نزمترین ئاست بەخۆیەوە دەبینێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش دەڵێن هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێل بەربەست نیە.
حسێن حەمەد، خاوەنی کۆمپانیای (خوادە) بۆ هێنانی ئۆتۆمبێل لەشاری هەولێر بە خەندانی ڕاگەیاند: بەهۆی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق ئاستەنگ بۆ هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ ناو هەرێمی کوردستان دروستبووە، بەتایبەت لەڕێی دەروازە سنووریەکانی ئێرانەوە.
حسێن حەمەد وتیشی: بەهۆی هەرزانی تێچونی گواستنەوە لە کاتی ئێستا زۆربەی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی دێنە هەرێم لە ڕێی مەرزە نێودەوڵەتیەکانی هاوبەش لەگەڵ وڵاتی ئێرانەوەیە، بۆیە بە داخستنی سنورەکان هاتنی بەشێکی زۆر لەو ئۆتۆمبێلانە ڕاگیراوە.
ئەو خاوەن کۆمپانیایە ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە ڕێگاگرتن لە هێنانی هەرکاڵایەک وادەکات نرخەکەی بەرزبێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا خواستی کڕین لەسەر ئۆتۆمبێل کەمە پێشبینی ناکرێت نرخی ئۆتۆمبێل بەهۆی داخستنی سنورەکان بەرزبێتەوە".
هاوکات، بەشدار ئیسماعیل، خاوەنی پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەشاری هەولێر وتی: نەهاتنی ئۆتۆمبێل بۆ ناو هەرێم بەشێوەیەک لەشێوەکان وادەکات نرخی ئۆتۆمبێل گران ببێت، چونکە لەرابردوو ئەو ئەزموونە هەبووە.
راشیگەیاند، "بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لەکاتی ئێستا کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەجۆرێک هیچ بارودۆخێک هێندەی ئەمجارە کاریگەریی لەسەر بازاڕ دروستنەکردووە ".
سەبارەت بە هۆکارەکان بەشدار ئیسماعیل وتی: گرنگترین هۆکار ئەوەیە پێشتر زۆربەی کڕیارەکانی ئۆتۆمبێل لە هەرێم هاوڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون، بەڵام ئێستا ئەوان نایەن، دووەم کێشەی بەنزین وایکردوە خەڵک مەیلی بەلای ئۆتۆمبێل نەچێت، لەوانەش گرنگتر بارودۆخی ئێستایە کە لەلای هاوڵاتیان دیارنیە بەچ ئاکامێک دەگات، بۆیە خەڵکی ئامادەنیە پارەیەکی زۆر بە ئۆتۆمبێل بدات.
لەبەرامبەردا، فەتحی محەمەد، ڕاوێژکار لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخەندانی ڕاگەیاند، " تا ئێستا هیچ نوسراوێکی ڕەسمی نیە لەبارەی داخستنی سنوورەکان و هەرکاتێک بڕیارێکی لەو جۆرە هەبێت، ئەوا بۆ سەرجەم کەلوپەلە هاوردەکان دەبێت نەک بەتەنیا بۆ ئۆتۆمبێل".
وتیشی: لەحاڵێکدا ئێران مەرزەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دابخات، ئەوا حکومەت هەناردەی ئۆتۆمبێل لەڕێی تورکیاوە بەئەنجام دەگەیەنێت، تەئکیدیشی کردەوە، " حکومەت بۆ هاتنەناوەی کەلوپەل و پێداویستی لەنێویشیاندا ئۆتۆمبێل، ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر".
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێم لەکاتی ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 200هەزار ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانیەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و زۆربەشیان دوای 2003 هاتوون، بەهۆی زۆری ئەو ژمارەیەش ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیادیکردوە.
- 12-07-2014