لە ساڵی (1946)دا لە شاری #هەولێر#/ پونگینە لە دایک بووە و سەر بە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەری شارەکەی قەڵاو منارەی هەولێری هۆلاکۆ بەزێنە. شەهید کەریم ڕەسوڵ، کوڕە گەورەی خانەوادەکەیان بووەو هەمیشە هاوکاری باوکی بووە بۆ دابینکردنی بژێوی خانەوەداکەیان. دوای مردنی باوکیشی ئەرکی قورستر بووەو بە ڕۆژ تا ئێوارە کاری کردووەو شەوانیش چۆتە قووتابخانە، هەر لەبەر ئەرکی بەخێوکردن و پێگەیاندنی خوشک و براکانی نەیتوانیووە قووتابخانە تەواو بکات بۆیە تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووەو دواتر وەک برینپێچ لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کاری کردووە. شەهیدی ناوبراو، شانبەشانی کارەکەشی کاری بەڵێندەر (مقاول)ی کردووە.
شەهید کەریم، لە ساڵی (1974)دا لەلایەن دەزگای ئەمنی ڕژێمی بەعس گیراوەو ئەشکەنجەی زۆری دراوە، بەڵام دوای نزیکەی (3) مانگ مانەوەی لە زیندان و دوای ئەوەی ناتوانن هیچ نهێنییەکی پێ ئاشکرا بکەن بە ناچاری ئازادی دەکەن.
شەهید کەریم ڕەسوڵی سەرکردە و فەرماندە، لە ساڵی (1975)دا پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و بەگوێرەی (لە هەواری یادەوەرییەکانمدا) لە نووسینی حاجی مەمۆ، شەهیدی هەمیشە زیندوو ئەندام ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵە و بەرپرسی مەفرەزەی چەکدار و بەشی سەربازی ڕێکخراوی هەولێر، بە بەشداری هەریەک لە تەها فەقێ یوسف، سابیر ڕەسوڵ قادر و دواتریش ئیسماعیل فەقێ حەسەن چەندان چالاکییان جێبەجێ کردوە.
لە هاوینی ساڵی (1980)دا هەریەک لە عەباس محەمەد حوسێن (حاجی مەمۆ) بەرپرسی ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵە، ئەکرەم عزیز حوسێن عومەر (حاجی ئەکرەم)، کەریم ڕەسوڵ قادر بەرپرسی بەشی سەربازی کۆمەڵەو سابیر ڕەسوڵ قادر، پلان و نەخشەی بردنی (180) هەزار دیناری کۆمەڵەی هەرەوزی کشتوکاڵی هەولێریان دانا، کە دوای دەرچوونی حاجی مەمۆ بە نزیکەی یەک دوو مانگ پارەکە بە هاوکاری حاجی ئەکرەم، کەریم ڕەسوڵ و سابیر ڕەسوڵ ڕفێندراو گەیەندرایە دەستی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بەرپرسی نوێی ڕێکخراوی هەولێر و ئەویش گەیاندییە سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#؛ (لە هەواری یادەوەرییەکانمدا، حاجی مەمۆ).
شەهید کەریم ڕەسوڵ، مرۆڤێکی ڕەوشت بەرز، هۆشیار، وریا، سادە، ئارام، لەسەرخۆ، ورە بەرز، پشوو درێژ، بوێر، چاونەترس، خۆڕاگر، بەوەفا، لەخۆبردوو، ڕاستگۆ، مرۆڤێکی خاکی، دەم و دەست و داوێن پاک، خۆبەختکار، دڵسۆز بۆ نەتەوە نیشتمان، باوەڕی پتەوی بە سەرکەوتنی شۆڕش و دەرپەڕاندنی دوژمن لە کوردستان هەبوو، بەکورتی هەموو سیفاتەکانی هاوڕێی کۆمەڵە لەو مرۆڤەدا بەدی دەکرا.
شەهیدی ناوبراو، یەکەم شەهیدی بنەماڵەکەیانە و دوای خۆی دوو برای دیکەی بە ناوەکانی عومەر ڕەسوڵ و سابیر ڕەسوڵ (1947) شەهید بووینە. شەهید عومەر ڕەسوڵ، #پێشمەرگە#و ڕابەر سیاسی تیپی (83)ی هەورێ لە ڕۆژی (#26-02-1988#)دا لە چیای مۆتەی نزیک گوندەکانی زێوە و هەرتەل لە خۆشناوەتی شەهید بووە. سابیر ڕەسوڵ، فەرماندەی تیپی (86)ی دەشتی هەولێر، تیپی (21)ی #کەرکووک# و دواتر بەرپرسی سەربازی مەڵبەندی (3)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێکەوتی (#08-08-1996#)دا بەهۆی ئەو پارچە ساچمەیەی کە لە سەریدا جێمابوو و بۆ ماوەی سێ ساڵ بێهۆشی کردبوو، لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی سوید شەهید بوو. تەرمی هەرسێ شەهیدی برا لە گوندی پونگینەی سەر بە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر کە ئەو گوندە دەکەوێتە سەر ڕێگای #کۆیە#، نێژراون.
ئامادەکردنی #دەرسیم# #دیبەگە#یی