سۆران کەریم
بەرخودانی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە کۆبانێ بەرامبەر بە چەکدارانی گروپی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش سێ مانگی تەواوی تێپەڕاند، بە پێی ئامارەکانیش نزیکەی سێ هەزار چەکداری داعش کوژراون.
یەپەگە ئەنجامی بەرخودانی سێ مانگی ڕابردووی ڕاگەیاند، کە تیایدا بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تا ئێستا دوو هەزار و 951 چەکداری داعش کوژران و لە نێو کوژراوەکاندا چوار سەرکردە هەن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر ئەمیر.
ئاری هەرکی، چالاکوان و ئاگادار لە دۆخی کۆبانێ، بە خەندانی ڕاگەیاند: "لەماوەی سێ مانگی ڕابردووی بەرخوداندا لە کۆبانێ، توانراوە 14 تانک و 88 ئۆتۆمبێلی سەربازی کە زۆربەیان دۆشکەیان لەسەر بووە تێک بشکێنرێن".
ئاماژەی بەوەشدا، کە هاوکات 18 دۆشکەی خۆجێ و 23 مۆتۆڕسکلیش تێکشکێندراون.
ئاری هەرکی، وتیشی: "25 هێرشی خۆکوژی کە 17 دانەیان لە ڕێگای کامیۆن و سەیارەی بۆمبڕێژکراوەوە بوون، تێکشکێندراون".
له و سێ مانگەی بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەگە و بەم دواییانەش هێزی پێشمەرگە، دەست بەسەر ئەم کەلوپەلە سەربازی و چەک و تەقەمەنییانەدا گیراوە:
170 چەکی کڵاشینکۆف
24 بی کەی سی
32 ئاربیجی
3 چەکی M16
20 دووربین
21 چەکی کەسان
3 دەمانچە
7 بێتەل
هەروەها بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی.
بەپێی زانیارییەکانی ئه و چالاکوانە، لە بەرامبەردا 263 شەڕڤان شەهید بوون کە لەنێویاندا 5 شەڕڤان بە چالاکی فیدایی شەهیدبوون و دیارترینیان ژنە فەرمانداری ئەفسانەیی ئارین میرکان بوو، له و 263 شەهیدە، 15یان لە شەڕڤانەکانی بورکانی فورات و ئاسایش بوون.
- 14-12-2014