رەهێل سەمەد
بەرپرسانی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان هۆشداری دەدەنە حکومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەنددار لەبارەی قەیرانی نیشتەجێبوون، ئاماژە بەوەشدەکەن زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانەی لەبواری نیشتەجێبوون لە هەرێم دروستکراون، لەبەژەوەندی کرێنشینانی ڕاستەقینە نەبووە.
مەحموود ئیسماعیل مەحموود لێپرسراوی لقی هەولێری کۆمەڵەی داکۆکی لەمافی کرێنشینانی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: بە گوێرەی دوا ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان 80 تا 85 هەزار خێزانی کرێنشین لە کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان تۆمارکراون، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئەو ژمارەیە زۆر زیاترە و بەجۆرێک دەگاتە نزیکەی 250 هەزار خێزان.
مەحموود ئیسماعیل وتیشی: بەهۆی چەندین هۆکار تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان نەتواندراوە کێشەی کرێنشینان کەمبکرێتەوە، لەوانە زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانەی لەماوەی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی نیشتەجێکردن لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دروستکراوە لە بەرژەوەندی کرێنشینانی ڕاستەقینە و کەمدەرامەت نەبووە.
لێپسراوی لقی هەولێری کۆمەڵەکە ئەوەشی خستەروو: بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان ئەوان وەک کۆمەڵەی داکۆکی لەمافی کرێنشینانی کوردستان کە کۆمەڵەیەکی مەدەنین بەدەیان پرۆژەیان ئاراستەی لایەنی پەیوندیدار کردووە، بۆئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر حکومەتی هەرێم هەوڵی چارەسەرکردنی نەدات لەداهاتوو دەبێتە کێشەیەکی زۆرگەورە.
- 21-12-2014