هەرێم عەبدوڵڵا
لەماوەی ساڵی 2014 دا لە قەزای چەمچەماڵ 16 حاڵەتی کوشتن تۆمارکراوە، لەگەڵ 43 حاڵەتی هەوڵی کوشتن و 210 تاوانی دزیکردنیش هەبووە.
نەقیبی ماف پەروەر جەلال محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی چەمچەماڵ لەوبارەیەوە بە خەندانی ڕاگەیاند: "لەساڵی 2014دا دوو هەزار و 903 کێشەی جۆراو تۆمارکراوە، لەکۆی ئەوکێشانە 16 تاوانی کوشتن تۆمارکراوە و 43 هەوڵی کوشتن و 210 تاوانی دزیکردن تۆمارکراوە.
وتیشی: "لەکۆی ئه و تاوانانەی کەلە سنوورەکەدا ڕوویانداوە توانراوە لە 80% تۆمەتباران دەستگیر بکرێن".
راشیگەیاند: گەر بەراوردێکی تاوانەکانی 2014 بە ساڵی 2013 بکرێت ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کەلە ساڵی 2013دا، تەنها هەزار و 700 کێشە تۆمارکراوە و شەش تاوانی کوشتنیش هەبووە، واتا تاوانەکان لەساڵی 2014 ڕوویان لەزیادبون کردوە، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ خراپی ئه و بارودۆخەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد لەساڵی 2014دا.
مقەدەم عومەر عەلی، بەرێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی چەمچەماڵ ڕایگەیاند: لەساڵی 2014دا 329 ڕووداوی جۆراوجۆر ڕوویانداوە، لەکۆی ئه و ڕووداوانە 22 کەس گیانیان لەدەستداوە 153 کەسی تریش برینداربوون.
وتیشی: "لەساڵی 2013 تەنها 20 کەس بەرووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە".
سەبارەت بە زیادبونی ڕێژەکانی سەرپێچی ناوبراو وتی: "لەمساڵدا ڕێژەی سەرپێچیەکان کەمی کردوە هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ پابەندبوونی شۆفێران بەرێنمایەکانی هاتوچۆوە.
- 08-01-2015