ڕۆژی 16/3 درێژترین ڕۆژی نێو یادەوەریی نەتەوەیی و نیشتمانیمانە، ڕۆژێکە هێندەی سەدەیەک ئازار و قوربانیدانی میللەتێکی لەخۆ گرتووە، کە شەڕانگێزی و جینۆساید و قێزەونترین چەکی سەردەم، نەیتوانی بوون و ئیرادەی بسڕێتەوە. ڕۆژێک کە هێندەی زام و ئازارەکانی، هەستی شانازی و گەورەیی بە گەلەکەی دەبەخشێت.
گەر تا دوێنێ بە خەمبارییەوە گوتبێتمان هەڵەبجەی شەهید، ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەڵێین پارێزگای هەڵەبجە، ئەم ڕاستییە زیاد لە مانایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و نیشتیمانی و کولتووری هەیە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ خواستی ئەم گەلە لە بنیاتنان و ژیانی سەربەرزانە و توانای خۆڕاگری و مانەوە و بەرگریکردنی شەرەفمەندانە لە بوونی خۆی.
بۆیە هەڵەبجە نەک هەر تەنها سیمبولی قوربانیدانمانە، بەڵکو هاوکات سیمبولی ئیرادەی هەڵسانەوە و بنیاتنان و مانەوە و خۆراگریی ئەم گەلەیە. بەڵێ ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەڵێین: دەسەڵاتی دیکتاتۆری و کۆمەڵکوژی نەما و هەڵەبجە ما و دەمێنێ، جەللادەکانی هەڵەبجە بە ڕیسوایی تیا چوون و هەڵەبجەکەی ئێمە بە سەربەرزی مایەوە.
ڕۆڵە دڵسۆزەکانی هەڵەبجەی ئازیز.. کوردستانیانی خۆشەویست..
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەر بە تەنها بڕیار و مەبەستێکی سیاسی نییە، بەڵکو بڕوا و ئیرادەیەکی نەگۆڕە بۆ پارێزگاری لە بوون و ناسنامەمان. هەربۆیە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا واقیعی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەسەر هەموو ئاستە خزمەتگوزارییەکان و لە کایە جیاجیاکانی گەشەی ئابووری و شارستانی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا ڕەنگ بداتەوە و بۆ ئەمەش داواکارین لایەنەکان لەسەر ئەم بابەتە بگەنە ڕیککەوتن.
وێڕای هەر تەنگژەیەکی ئابووری، پێشخستن و بووژاندنەوەی پارێزگای هەڵەبجە بە شێوەیەک کە لە ئاستی ناو و پێگەی هەڵەبجەدا بێت، لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، وەک چۆن خزمەتی زیاتری برینداران و قوربانییە زیندووەکانی هەڵەبجە، لەو کارە گرنگانەیە کە هەمیشە جێگەی بایەخمانە.
کوردستانیانی خۆشەویست..
وەک هەر جارێک و هەر یادێکی 16/3مان، ئەمڕۆ لە یادی 27 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدان و قوربانیانی گەلەکەمان دادەنەوێنین، وەفاداریمان بۆ شەهیدان و قوربانیانی هەڵەبجە، بە ڕێگای ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و پێشخستن و خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە و دانیشتوانەکەیدا تێدەپەڕێت.
سڵاو لە پارێزگای هەڵەبجە و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی، شکۆداربێت ئیرادەی مانەوە و بنیاتنان و پێشکەوتن، هەر سەربەرز و ئاوەدان و پێشکەوتوو بێت هەڵەبجەکەمان و کوردستانە ئازیزەکەمان.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
15-03-2015